وەکوو مەجنوون لە تاو لەیلا لە سەحرام و لە کێوانم

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 2 دقیقه  590 مشاهده
وەکوو مەجنوون لە تاو لەیلا لە سەحرام و لە کێوانم
گەهێ گریان و زاریمە کە جارجاریش لە خەندانم
چ حاڵێکە لە من ڕووی دا لەبەر چی من پەرێشانم
لە داوی زولفی تاتامە لەناو حەپسی زەنەخدانم
لەبی سووری بە خەندە تا بەدەرخا مەعدەنی یاقووت
کە دوو حەڵقە وەکوو پشکۆ کە چەسپاوە لە دوو بازووت
بە سەر باغی ئیرەمدا دڵ هەڵاواسرا وەکوو هارووت
لە جووڵەی ئەژدەری دوودوو لە دوو لا من بیابانم
وەکوو ئاگر کە ڕووی تۆی دی هەڵاوساوە لەبۆ جەنگی
لە سێدارەی زولف بەسیە عەزابی من هەتا کەنگی
تەمات وایە سەلیبم کەی نەزانێ کەس بە بێدەنگی
بە بەرزیش من دەڵێم هاوار نیشانەی تیری موژگانم
لە پێشی زولفی چینچین و منیش وەک وی سیاڕەنگم
وەکوو ئەو حازرم یارە لە ڕیزەی لەشکری جەنگم
ئەوا قوربانی باڵات و فیدای لێو و دەمی تەنگم
لە دەوری مەم دەسووڕێ دڵ وەکوو بولبول لە باغانم
وەکوو فەرهادی بۆ شیرین بە ڕۆژ و شەو دەکەم زاری
لە داوی تا دەناڵێنێ دڵی بێکەس بە بێ چاری
غەریبێکی وەکوو من بۆچ کە کەس نایێ بە هاواری
گوناهە مەمکوژە جانە لەبۆ تۆ سینە بریانم
زولف حەڵقەی ئەدا یاران بە پێچ پێچە وەکوو عەقرەب
ئەوا نێرگز خەجاڵەت بوو بە دوو چاوی وەکوو کەوکەب
چ دینێکە کە گرتیتت لەگەڵ من وا بە بێمەزهەب
وەکوو یەعقووبی بۆ یووسف بە ڕۆژ و شەو لە گریانم
کە فرمێسکم لە چاوان دێ لە تاوی تۆ وەکوو جۆبار
بکە ڕەحمێ بە حاڵی من حەبەش خاڵی پەریی ڕوخسار
ئەگەرچی خۆ مەسیحایی لە عیشقی تۆ منم دوچار
حەڵاڵە کوشتنی منی لات بە توهمەی موسڵمانم
ڕەقیب پێی زانی ئەو کارە بە ناپاکی و بە شەیتانی
چ چارە و ڕێی نەبوو کافر ئیتر هەستا بە ئەدیانی
لە یەک تۆراین من و لەیلا کە حوکمی دا بە خنکانی
منی بێکەس بە یەخسیری کە نەیزانی لە کوردانم
کەسی وەک من نە شێواوە پەرێشان بێ لە شاری کۆ
ئیشارەی من دەکا جار جار دڵم خۆش کا بە دوو ئەبرۆ
دەڵێ زاری مەکە سامیتخلص کە نێزیکی لەبۆ شەوبۆ
مەڕێژە و هیچ مەناڵێنە بمێنێ هەر لە داوانم