دوێنێ کە چووم بۆ باغی کە ناڵینی بولبول بوو

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 1 دقیقه  281 مشاهده
دوێنێ کە چووم بۆ باغی کە ناڵینی بولبول بوو
نەغمەیەکم گوێ لێ بوو لەوێنەی یار و دڵ بوو
وەک دڵ بۆ یار دەناڵێ کەس نەبیتن بەحاڵی
بۆ ئاوی خونچە و دەمی ئەو ناڵینەی قابیل بوو
من پێم دەگۆ ئەی بولبول بۆ دەناڵێنی وا کوڵ
وتی شەو پاسەوانم بەیان هات چاوم گل بوو
بۆ وەمە پاسەوانی ناڵین و نەغمەخوانی
خونچە منی شەیدا کرد وەختێکی هەستام گوڵ بوو
بۆچی لێم دەکەی پرسیار تۆش وەک منی بریندار
باسی خۆتم بۆ بکە یاری کێمان عادڵ بوو
تۆ عاشقی خونچانی، ڕۆژ و شەو لە باغانی
یاری منت بدیبا چ شۆخ و کەمەر شل بوو
زوڵفی وەک عەنبەری خاو یەک یەک وەستابوون بە داو
سوحبەتیان لەگەڵ نەسیم لەسەر ئاڵتوونی مل بوو
ڕۆژ و شەوێ دێوانەم چاوەڕێی ئەو پەیمانەم
لە گفت و لوتفی شیرین ئارامی دڵ کامیل بوو
ئەتۆ دەردت گرانە یا سامیتخلص پەرێشانە
جێگای من باغی ئیرەم هێلانەی تۆ سەر چڵ بوو