چوومە ناو باغان لە فەسڵی بەهار

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 1 دقیقه  533 مشاهده
چوومە ناو باغان لە فەسڵی بەهار
کچێکم دەدی لەناو لالەزار
دەست لە باوەشی داری ئەرخەوان
دەمی لە قاقا، گریان جار بە جار
***
گوتم ئەی کچی تازە نازەنین
بۆ دەم دەگریی، دەم لە پێکەنین
گوتی لێم گەڕێ ئەی پیری مەجنوون
مەیکولێنەوە ئەو دڵی غەمگین
***
ئەی خولق خۆشی کچی یارانی
بۆچی دەم خەندە و دەم لە گریانی
باسێکم بۆ بکە لە حاڵی زارت
تا پێکەوە هەستین لەبۆ دەرمانی
***
ئەی شێت و شوری پیری هیچ نەزان
عیلاجی کانی دەردی بێ دەرمان
وازم لێ بێنە با هەر بگریم
عیلاجی ناکرێ بە غەیری گریان
***
فرۆشای بە پیرێک پشتی چەمیوە
ڕوو گرژ و ترشی چی وام نەدیوە
کەی دین وەهایە کچی نەوجەوان
بدرێ بە پیرێ کەوا ڕزیوە
***
ئەی کچی شلی تازە نەوجەوان
عادەتی پیسە و ماوە لە باوان
ئەلحەق دین نییە وا کردیان بە دین
کچیان بفرۆشن وەک کەر و حەیوان
***
تۆ مەگری مەگری ئەی نەوبەهارە
گەلێ وەک من و تۆ وا گرفتارە
دەست کەن بە خەندە بە خۆ بە سامیتخلص
ڕەقیب بۆ مردن وا ئینتزارە