نیشتمانمان

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 1 دقیقه  915 مشاهده
وا زستان ڕۆیی بەفری لە شاخان
بە عەردیدا چوو شل بوو لە داخان
بوون بە سەرچاوە لەناو مێرخوزار
بۆ ئاوی خۆخ و شەنگەبی و هەنار
سەرماباری کرد ڕۆیی بە ئاخان
بە گوڵ ئەستێران بو بە چراخان
سەوسەن و بەیبون ڕازیانەی شلێر
سەریان تێکناوە حاجیلە و کنێر
هەڵوژە پشکوت گەڵاز و باوی
سومبول و نیسان گوڵی خوێناوی
دڵان خۆش دەکا هەڵقولینی ئاو
مێشک وا دەژێ لەبەر بۆنی خاو
هەواری مەنگوڕ کوێستانی بڵباس
پڕ لە ترشۆکە و گیاڕەشە و ڕێواس
قالۆری دڕک و شنگ و جاترە
لە دەرمانی گشت حەکیم چاترە
گوڵی ڕەنگاوڕەنگ خونچەی یاسەمەن
داری دیدەوان بۆنی دارەبەن
کوزەلەی ناسک لە دەم ڕووباران
لە گشتی ئاو و گۆشە و کەناران
وا شیلان پشکوت خونچەی بەڵاڵوک
تارایان پۆشی و دەژان وەکوو بوک
بای بەهاریش هات هاتنە خوار پەنگر
ماستی مەڕە کور هاتە دەر کەنگر
کوارگو و دومەڵان لەخاک هاتەدەر
ئەوا گۆوەندە لەشار و لە دەر
بەهاری وا خۆش لەو گوڵستانە
لەلای سامیتخلص هەر چلەی زستانە