شای ئەنبیا
از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
2 دقیقه
1820 مشاهده
شای ئەنبیا محەممەدی موختار و سەروەرە
سەر حەڵقەیی نەبووەت و مەحبووبی داوەرە
لەوح و قەڵەم لە عەقڵ و کەماڵی سەنا دەکەن
عەرشی بەرین لە نووری جەماڵی مونەووەرە
سوڵتانی ئەنبیایە لە ئادەم هەتا مەسیح
فەرمانڕەوا و خاتەم و سەردار و سەروەرە
ئەو مەحرەمەی لە بەیتی حەرەم فەخری عالەمە
بۆ ئەنبیا لە مەسجیدی ئەقسایە رەهبەرە
بەدری دوجایە بۆ شەوە زەنگی زەلال و کوفر
شەمسی زوحا و مەزهەری میحراب و مینبەرە
نوورێکە سێبەری نەبووە فەخری کاینات
ئەمما لە ڕۆژی حەشر پەنا و پشت و سێبەرە
بێ وێنە وێنەیێکە لە ئاوێنەیی کەماڵ
نووری جەماڵی سانیعی تێدا موسەووەرە
گەر مانگی ئاسمان هەیە نووری لە ڕۆژەوە
مانگی زەوی لە نووری تەجەللا مونەووەرە
خالق ئەگەر بە خاتری خەیرولبەشەر نەبا
کاری چ بوو بە خیلقەتی ئەم حەوت پەیکەرە؟
ئەی سەییدی بەشەر شەوی ئەسرا مەقامی تۆ
عەرشی عەزیم و بارگەهی حەییی ئەکبەرە
هاوڕێ بوو جەبرەئیل و بەجێما لە نیوەڕێ
تۆ ڕۆیی ئەو ئیزن نەدرا بچتە ئەو سەرە
قوربان لە سیدرە سەدر نشینی موقەڕەبی
ئەو مەسنەد و سەدارەتە بۆ تۆ موسەددەرە
هەرچی سیفاتی چاکە خودا دای بە ئەنبیا
تۆ وارسی ئەوانی بە تۆ گەیوە یەکسەرە
ئەمری خودا بە ناردنی ڕەحمەت لە ڕۆحی تۆ
ویردی سەفی مەلاییکە تا ڕۆژی مەحشەرە
پڕگاری نەقشەکێشی برۆی تۆیە مانگی نوێ
ئینجا لە ڕووت منەووەرە کاتێ مودەووەرە
«ام القراعربی» بە ڕۆڵەیی وەک تۆ فەخر دەکا
یەسریب مەتافی قودسە بە ڕەوزەی موتەهەرە
ئەو ئاو و خاکە جەننەتی مەوعوودە بێگومان
ئاوی مەعین و کەوسەرە خاکی موعەتتەرە
خولقی عەزیمی بۆیە لە دیوانی عەدڵی تۆ
ئەی دادگەر، غەزالە تەمەننای مویەسەرە
مەحکەم دژێکە ئەمری بە مەعرووفی دینی تۆ
مولحید دەژی کەسێکی دژی نەهیی مونکەرە
ئاور بە ئاوڕت لە گوناهی مە لادەدا
ئاوڕ دەوە، کە ئاوڕی تۆ بۆ مە، لەمپەڕە
فیدیێکی عەیبدارە حەقیقیتخلص قەبووڵی کە
فەرموو گوناهبار و پەشیمانەکەم وەرە