بەبێ تاوان ئەسیری دوژمن و مەئیوس لە ژینم من

پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلی نووری
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 1 دقیقه  797 مشاهده
بەبێ تاوان ئەسیری دوژمن و مەئیوس لە ژینم من
ئەگاتە گوێی مەلائیک هەر شەوێ ناڵەی حەزینم من
کەسێ نازانێ بۆچی من لە حاڵاتی گرینم من
بەبێ تیر و ڕم و خەنجەر خودایا دڵ برینم من
لەسەر لانەی خەفەتباری نەخۆشی سەر سەرینم من
فەلەک نەیهێشت بکەم بۆنی گوڵی هیوا لەدەست دەرچوو
بەهاری عوشرەتم هات و خەزانی زوو بەگژدا چوو
نەپشکووت غونچەی عومرم لە گوڵزاری ئەمەل چی بوو
نەمامی بەر نەگرتووی ژین لق و پۆپی هەموو وشک بوو
بە هەوری تەرزە ڕێژی غەم خەریکی هەڵوەرینم من
لەبەر تەعزیب و ئەشکەنجە لەسەد جێگا بریندارم
نەگەییە مەنزڵی تەئسیر و گوێی کەس ناڵەی زارم
ئەچێتە عەرشی ئەعلا هەر شەوێ فریاد و هاوارم
کە چونکی زۆر جەفای دیوە لەشی پڕ ئێش و ئازارم
وەکوو تەیرێکی بێ پەرواز لە خولیایی فڕینم من
قبووڵی و پاقلاوەم پاقلەیە و نیسکێن و ماشینە
لە جێگەی تار و عوودم شەو لە دەورم گریە و شینە
کەبابم جەرگی برژاوە شەرابم زەهر نۆشینە
شەرابی بەزم و ئاهەنگم لەناو کۆڕی غەما شینە
بەکوردی دوور لە بەختیاری هەموو خەڵقی زەمینم من