وا دیارە من لەمەولا ڕیشی یارم پێ خۆشە
از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
1 دقیقه
863 مشاهده
وا دیارە من لەمەولا ڕیشی یارم پێ خۆشە
ناڵەو و شین و چریکەی قەلبی زارم پێ خۆشە
بۆ ئەوە تاکوو نەکێشم منەتی ساقی و شەراب
ڕووبەڕوی جانانە چاوی ئەشکبارم پێ خۆشە
هاتووم بۆ ماچی کوڵمت با کە زولفیش لانەدەی
بۆ ئۆمێدی نۆشی شەربەت نیشی مارم پێ خۆشە
لالەزارە ناوی سینەم پڕ لە خوێنی تک تکە
تاکە پەژموردە نەبێ من نازی یارم پێ خۆشە
چی لە تەکیە و مەدرەسەی شێخ و مەلا بێ تەرکی بکەم
پڕ لە شۆری عەشقە من خانەی خومارم پێ خۆشە
گەر گەرەکتە تا بزانی مەزهەبم ئەی وشکە شێخ
من بە خوماری ناڵەیی عەبدێکی خومارم پێ خۆشە
ئایی و ئۆیی دڵ لەسەد زکری ڕیایی خۆشترە
پڕ لە سۆز و عیشق و قەلبی بێ قەرارم پێ خۆشە
مەستی بادەی حەق شناسی کردوم ئێستاکە من
بۆیە نەشئەی چاو مەخمووری نیگارم پێ خۆشە
ئەحمەدتخلص وا ئەمجارە لەفزی شیعرەکانت زۆر زلن
وس بە، بێ دەنگ بە، کە من بێ زووان و زارم پێ خۆشە