گۆرانییەکی ڕەنگاوڕەنگ

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  633 مشاهده
مناڵینە!
شەوێک گوێم لێ بوو بە چرپە،
بەفر
بە تریفەی ئەوت:
گیانە چرای
چاوەکانت
زیاتر هەڵکە!
گەر تۆ نەبی
هەور ئەمهێنێتە گریان
هەور دەرکە
کراسی پوولەکەی کلووی من لەبەر کە
با ئەستێرەی نیگاکانی «خاتوو زین»ی
بەر پەنجەرە
لێم زیز نەبێ
خەوی ڕەنگاوڕەنگ لە باخی
خەیاڵەکەی «کاکە مەم»دا
بە هەناسەی
هەڵوەرینی
پاییز نەبێ!
***
مناڵینە!
بەیانییەک بینیم گوڵێ
قژی لەبەر
ئاوێنەی وردەشەپۆلی
جۆگەیەکدا دائەهێنێ
گوێم گرت ئەڵێ:
ئاوی ژینم!
گۆنەم ئاڵ کە
گەردنم پڕ
خەتوخاڵ کە
گەڵای پرچم بهۆنەوە
ئەزانی بۆ؟
تا پەڕەم شەوق باتەوە.
با پەپوولەی یار نەتۆرێ و
بە ناکامی بڕواتەوە!
گەر تۆ نەبی
دڕک زۆرم بۆ ئەهێنێ
بە پەنجەی ڕق
ئەموەرێنێ!
***
مناڵینە!
نیوەڕۆیەک سەرنجم دا
وا کێڵگەیەک
بە دەنگی بەرز «تۆو» بانگ ئەکا
ئەڵێ وەرە و لەناو دڵی
شەقار شەقارما سەوز بە
ئەڵێ وەرە و لە برینما سەردەربێنە
بەڵام هەر بە مەرجێ دوایی
لە باوەشتا
کامەرانیم
بۆ بهێنە!
* * *
مناڵینە! ئێوارە بوو،
بەفر و تریفە پێکەوە
گەیشتنە لام
ئێوارە بوو
گوڵ و شەپۆل و پەپوولە
تۆو و کێڵگە
هاتنە قسە
وتیان ئێمە وا دووبەدوو
کەوتینە ڕوو
تۆ ئەڵێی چی؟!
وتم: بۆ ئەوەی کە بەفر
جوانتر بێ لەوەی کە هەیە
تریفە زۆر دڵگیرتر بێ
پەپوولە زۆر ئێسکسووکتر
تۆوی کێڵگە
زیاد بەپیتتر
بۆ ئەوەی من
یەکە
یەکە
زیاتر، زیاتر
زۆرتر، زۆرتر
خۆشم بوێن و لە ژووری شیعرەکانما
بتانکەم بە میوانی خۆم
بتاندەم لە بەرۆکی وشەی نازداری
ژیانی خۆم
بە ئێجگاری
پەسەندتان کەم
هەر کاتێ بێ
منداڵانی ئەم دنیایە و
منداڵانی وڵاتەکەم
هەرگیز چاویان
لە شەقەی باڵی کۆترەکەی
ئاشتی نەبڕێ،
سەربەست بن و
پێکەنینیان درەختێ بێ
هێشووی چاوی بێ گریان و
میوەی ڕەزی خۆزگە بگرێ.
مناڵینە!
نەکەن بڕۆن!
لەگەڵما بن
هەر کاتێ ئێوە دێن بۆ لام
منیش شیعری
ڕەنگاوڕەنگی
وەکوو خەوی
ئێوەم بۆ دێ!.