دەقی وتەی پێشەکی

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 14 دقیقه  1068 مشاهده

ئیستەیش لە پاشکۆی ئەم پێشەکییەدا ئەمەوێ دەقی تەواوی ئەو وتەیەم بخەمە پێش چاو کە بۆ یەکەم جار لە کۆڕە گەورەکەی ستۆکهۆڵمدا، لە ڕۆژی ١٩٨٧/٨/٨دا، لە هۆڵی «فولکێت هویس»، لەبەردەم سەدان کوردی ئاوارە و دووروڵاتدا و دواتریش لە زۆربەی ئێوارە کۆڕەکانی وڵاتەکانی دیکەی ئەورووپادا خوێندەوە. بەڵام پێویستە ئاماژەیش بۆ ئەوە بکەم، کە لە مشتوماڵ و بژارکردن و دوا چاوپێداگێڕانەوە و داڕشتنەوەدا، قەڵەمی لێ زیادکردن و بڕینی هونەریم تێ خستۆتەوە. بەڵام بەگشتی هەیکەلی وتەکە و هێڵی مەبەستەکان و زەمینەی کات و شوێن و ڕووداو و بیر و بۆچوونەکانی ئەو وەختەم وەک خۆیان هێشتۆتەوە.

دیارە هۆی هەڵبژاردن و چاپکردنی ئەم وتەیەش لێرەدا جگە لەوەی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە بەشێکی زۆری شیعرەکانی ئەم دیوانەوە هەیە (بەتایبەتی ئەو بەرهەمانەی بۆ پێشمەرگە و شەهیدانی پێشمەرگە و نەبەردە خوێناوییەکان وتراون) لە هەمان کاتیشدا لە زۆر بڕگەی ئەم پەخشانە وتارەدا باری سەرنجی ئەدەبی و فیکری خۆم بە کورتی دەربڕیوە. جا ئەگەرچی ئەم وتەیە بەر لە کارەساتە گەورە و مەرگ چێنەکانی ساڵی ١٩٨٨ و دواتر نووسراوە، بەڵام هەر کوردستانی لەتوپەتکراو ڕوانگەی قەڵەمەکەی بووە. لە لایەکی تریشەوە، ئەم نووسینە یەکەمین یادگاری وتارێکە کە دوای ئاوارەبوون و دوور وڵاتیم لە دایکبووە و حەز ئەکەم لە گەورەترین ئەلبومی دیوانی خۆمدا بیپارێزم و لەتەک شیعرەکانمدا بۆ نەوەی کوردی دواڕۆژی جێبێڵم. لە لایەکی تریشەوە لەبەرئەوەی وتەکە لە ئەسڵدا بۆ «خوێندنەوە و گوێگرتن» نووسراوە، دواتریش هەر وام لا پەسەند بوو ڕووی دەمودووکردنە خەڵکی لە وتارەکەدا چۆن بووە بەوجۆرە دایڕێژمەوە.

***

خوشک و برا ئازیزەکانم!

هاوڕێیانی خۆشەویست!

لە کوردستانی شۆڕش و هەڵۆ سوورەکاندا، لە شەوی خاکێکی هەمیشە ژانگرتوو بە برووسکە و ڕەهێڵەوە، لە گلۆربوونەوەی کەستەکە بەفری تەمەنی ڕوو لە لێژایی و داچوونی خۆمدا، بۆ جاری سێهەم، سێهەم شەقژن و هەڵفڕین، منی عاشقی وەک «مەم و وەلی» سەوداسەر و ڕۆح گلاراو، هۆش و گۆش ئاوێزان بووی، لە دەورگەڕاوی، بەژن و باڵا سەوزی ئەو خاکە دەزگیرانە شیرینە، وەک قەڵەمێکی دیکەی وشە لە کردار موتوربە کردووی «یەکێتیی نووسەرانی کوردستان»، ڕووی هەڵوێستم کردەوە شاخی قیبلە و پشت و پەنا، لای ئەو بازە بەلەش ڕووتەڵە و بە گیان تێروتەسەلانەی، کە لەدوای کەسیرەبوونی هەر چوار پەلی ئەسپەکەی ئەیلوول و هەرەسی هیوا بەژێرەوە کردووی مانگە شوومەکەی «مارت»ەوە، تا ئەمڕۆ، لەبەر مەتەڕێزی هەرپێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوە و چنگ نانە چنگی مەرگدا، لەسەر دەمە خەنجەری لووتکەوە بانگی ئازادی ئەدەن و بە دەستی دەمار دەرپەڕیوی باوەڕ، کوورەی ئاگری ڕاپەڕین و زەمین جۆشدانێ ئەدەمێنن، کە خوێن سووتەمەنی و گیانی ئاڵوواڵا دەستە بەرێتی. ئەو کوڕانەی کێوی سەرکەشن و جڵەونەکراون. ئەو ئەفسانە ڕاستییانەی لەبەر ڕقی ئەستوور و دڕکاویی پەلامار و شاڵاوی بەکەڵبە جیڕی داگیرکەردا وەک ماهی و ڕەوەزی هەزار بە هەزار عاسین و لە گەردەلوولی هەڵمەتیاندا مەحاڵیش یخ ئەدەن! ئەو کون لە جەرگدا نەبووانەی کە دەستە لە دوای دەستە لە مرندا ژین و لە هەڵوەریندا گەشانەوە و لە سووتان و هەڵقرچانیاندا شەفەقی بەربەیان بۆ ئایندە ئەهێنن. ئەو چراوگانەی لە تاریکستانی چاو چاو نەبینی دوای هەرەسەوە، لە کۆت و پێوەندی شەختە و پشکۆی لە دەست و قاچ ئاڵاوی زیندانەوە، لەبەر ئەڵقەی شۆڕەوەبووی پەتی سێدارە و ژێر بوردومانی دۆزەخئاساوە، لە دنیای بە ژەنگ و ژاری دەم داپچڕیوی برسێتی و تینوێتییەوە، چاویان هەڵهێناوە و کەوتوونە ڕێ و ئەوەتا ئێستەیش هەر چیا و دوندی کەڵ ملن و هەر حەسارۆست و شاهۆ و ئارارات و پیرەمەگروون، ئەوەتا ئەگەرچی دنیای چاوچنۆک و کەڕولاڵ و بۆنی دەم نەوتاوی، جیهانی بە گفتار پێغەمبەر و بە کردار سۆزانی، لە ئاستی داستانی قارەمانانەی ئەفسانەئاسای پێشمەرگە و چڕە دووکەڵ و بۆکڕووزی ئەم کوردە تەنیایەدا، چاو بنووقێنێ و بە مسی بەرژەوەندی گوێچکە تەپەکانی خۆی بئاخنێ، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەوەتا ئەو برووسکە و زریانانە، مێژوو ئەخوڵقێنن، لە هەناوی خوێن و ڕەنج و ئارەقەی زەنگۆڵ زەنگۆڵی ڕێگایانەوە، گوڵئەستێرە دائەبارێ ئەوەتا لەگەڵ قڕکەرترین چەکی نەهەنگی ڕژێمێکی تا بینەقاقا لە خوێن هەڵکێشراوی کورددا خۆرن و ئەجەنگن، بە کڵپەی جەستە و بڵێسەی خۆیان تاریکیی ڕائەماڵن، نرکەیشیان هەر زوڵاڵ و زەنگی دەستە و پەلیشیان پڕ بە گوێی هەموو کوردستان ئەزرنگێتەوە. من لە کوردستانی ئەو پێشمەرگانەوە هاتووم و پریاسکەی چوار وەرزی شیعریشم بەر لەوەی لە: شام و فلۆرەنسە و ڤێنتسیا و تۆرنیۆ و ستۆکهۆڵم کردبێتەوە، پێشتر، لە مەرگە و سیروان و سەرگەڵو و بەرگەڵو و گاپیلۆن و یاخسەمەر و دۆڵی جافەتیدا کردۆتەوە، نۆبەرەی بەشی زۆری ئەم میوەی شیعرانەیشم بەر لە ئێوە ئەو پێشمەرگانە کردوویانە، دەم شیرینکردن و ئافەرین و ئۆخەی گیان و زەردەخەنەی چاوی ئەوانیشم لە هەموو خەڵاتێکی تری ناو ئەم دنیایە لە لا بەنرختر و پیرۆزتر و گەورەترە!. من لەو مەڵبەندانەوە هاتووم کە لە کوردستانی خواروودا، لە ڕێڕەوی بەهەڵمەت و ئازاری درێژی شۆڕشی نوێدا، لە نێو هەموو تێکۆشەراندا، لەنێو هەموو شۆڕشگێڕاندا، لەنێو هەموو کەڵەمێرداندا، ڕووباری خوێنیان لە هەمووان بەخوڕتر و بەردەوامتر و ژمارەی کەڵەمێردی سەر بڕاویشیان لە هەمووان زۆرتر و پەتی سێدارە و قەنارەیشیان لە هەمووان درێژتر بووە! لەوێوە هاتووم، باوەشێک لەو شیعرانەم بۆ هێناون کە بۆن و بەرامەی خاکی موقەددەس و گوڵی کێوی و ئارەقەی بەرگی خاکییان لێ دێ. بە دەمارە دەرپەڕیوەکانی پشتی دەست و قاچیاندا خوێنی شەهیدان ئەگەڕێ. لە باڵا ئاوێنەی: وێنە و ڕستە و زەماوەندی وشەکانیاندا، چاوی خەماوی و ملی بەلارەوە گرتووی منداڵانی پەرەوازە و، بەژنی درەختی بەپێوە هەڵپڕووکاو و، گوڵاڵەسوورەی سیس بووی گۆنەی کچی دەزگیران کوژراو و، لەنجەی کۆتری سپی بە دووکەڵ ڕەش بوویان تیا ئەبینرێ. ئەو شیعرانەی لە کۆچی گەرمێن و کوێستانی بەرەوژوور و بەرەوخواردا هەناسەی پێدەشتەکانی گەرمێنیان بە هەناسەی ساردی کوێستان و زەنویرەکان موتوربە کردووە، ئەو شیعرانەی کە لە هەگبە و کۆڵەپشتی پێشمەرگە لاواز و ڕەقەڵە لە ئاسک چووەکانی تیپەکاندا، هەر بە تەنیشت ڕیزە فیشەکەوە هەڵگیراون و ئەم سەر و ئەو سەری نەبەردە دوور و نزیکەکانیان کردووە و گەلێ جاریش هەر لە پاڵ ئەواندا زامدار و شەهید بوون و پێکەوە خوێنیان چۆڕاوەتەوە بن دەوەن و بنچک و سەر تاشەبەرد و جۆگەلە ئاوەکان. ئەو گۆرانییانەی لە چریکەی دەنگ هەڵبڕینیاندا سنوورە مێردەزمەکان ئەبەزێنن و لە یەک کاتدا وەک تریفەی مانگەشەوێکی هاوینی دەم بە شنە، زیو پرژێنی قژی دیاربەکر و باڵای سابڵاخ و چاوی هەولێر بە یەکەوە ئەکەن. لە یەک کاتدا پەنجەرەی هەتاوی ناو دڵی یەڵماس گۆنا و نەجۆ و ئاوارە و سوڵتانی و لەیلا قاسم و شەهاب ئەخەنە سەر پشت. هەر لە یەک ساتیشدا، لە یەک چاو ترووکانیشدا، پۆلە چۆلەکەکانیان دەنووک لە زرێبار و سیروان و وان وەرئەدەن و بە یەک دەنگیش بۆ عەشقی شیعری خانی و نالی و وەفایی ئەخوێنن و لە یەک کاتیشدا سەرچۆپیی شاییی یەکگرتن و تەبایی و ئاشتبوونەوەی گەرمی کوردستانی لە ئەتروش و مێرگەسوور و زاخۆ و بامەڕنێ یوسفی و دۆڵی جافەتیدا ئەگرن!.

ئەم چارەنووسی خۆشەویستییە پیرۆز و مەزنە وەک هەڵگورد و ئاگریداغ و شاهۆن، نە گازی ژەهراوی هەڵگورد ئەخنکێنێ و نە زیندانی ئەویشیان ئاگریداغی پێ ڕاپێچ ئەکرێ و نە پەتی سێدارەکانی ئەو لایش ئەگاتە ملی شاهۆ!.

هاوڕێیانی خۆشەویست:

ئا لەم ڕۆژگارە ئەموستەچاو و، ژیانە بە هەڵەت و دژوارەی ئێمەدا، شیعر ئەبێ چۆن بێ؟ ئەم هونەرە ناسک و گرانە، ناسک وەک باڵی پەپوولە و گران وەک داگیرکردنی دڵی شۆڕشگێڕ!، هونەرێکی وا چۆن ئەتوانێ لەنێوان شەڕی چارەنووسی خۆر و شەوەزەنگدا، لەنێوان هەستی تایبەتی شاعیر و دارستانی هەست و ئاوات و خۆزگەی خەڵکدا، لەنێوان فەننی وردەکاری، وردەکارییەک بە وێنەی کاری هەنگ و کرمی ئاوریشم و لەم لای ترەوە سروشت و پێداویستییەکانی ڕۆژانەدا، تەوەر و چەقی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە؟! شیعر نە قسە و هەڵبەستنی ساکارە و نە دروشمی زەقی بانگەشە و و هاوار و جاڕ. نە گرێکوێرە و نە مەتەڵی هەزار پێی بە پێچوپەنای وشە گرفت. شیعری ڕاستەقینە وەک ڕاستیی ئاسانە و هەر وەک ڕاستیش گرانە. کوتومت لە خۆشەویستی ئەچێ کە نەچووە قوڵاییی ناخەوە، وەک گوڵ گوارە گوێچکە دەروونی نەسمی، کە لە ژێ و تەلی هەست و نەستی گوێگر و خوێنەری نەدا و نەیبزواندن و گەڵاکانی درەختی دڵی نەلەرانەوە، زەردەخەنە، یان، فرمێسکیان نەزاندە کالانەی چاو، کە دڵدار و دڵخوازی پەیدا نەکرد نابن بە شیعر با بە زاخاوی زێڕیش بنووسرێتەوە و یان با سەدان خێڵی ڕەخنەگریشیان لە پشتەوە بێت!.

زەردەخەنەی جوانی منداڵ و ئازایەتیی پێشمەرگە،

بریسک و هووڕی نیگای دڵدار و پەڵکەزێڕینە،

بۆن و هاڵاوی نانی گەرم و گەورەییی شەهید،

چۆن بەبێ هیچ ڕاسپاردە و ڤیزە و تکایەک خۆیان ئەکەن بە ناخدا و دەزوولەی تەزوو بە جەستەدا دێنن و لە سەرسامی خۆیان هەڵمانئەکێشن، شیعری ڕاستەقینە و ڕەسەنیش، شیعری پاک و جوانیش، کۆن بن یان تازە، هەر وان. لەم لای تریشەوە، ئەو شیعرەی، ئەو هونەرەی لە دڵی گەلەکەی خۆیدا نەژی هەرگیز لە دڵی هیچ گەلێکی دیکەدا ناژی.

هاوڕێیانی خۆشەویست:

وەکوو گوڵەبەڕۆژە و خۆر، وەک هەنگ و گوڵان، دوێنێ و ئەمڕۆیش خۆشەویستی و چاوی پێشمەرگەی وڵاتەکەم لە کوێ بووبێ شیعری منیش خۆی بۆ ئەوێ کوتاوە وەک چۆن ناتوانم لە دەست و پەنجە و سیما و دەنگ و ڕەنگم لە وێنە هەمەڕەنگەکانی نێو ئەلبومی منداڵی و ڕابوردووی خۆم پەشیمان بم و گازەرەیان لێ بکێشم و نکوڵییان لێ بکەم هەروایش لە هیچ شیعر و گۆرانی و هەڵوێستێکی خۆم پەشیمان نیم، ئەوانە منن، بە نشێو و هەڵدێر و بەرزایی و نوچدان و سەرکەوتن و هەڵە و لاوازی و بەهێزی و گەوجێتی و ژیریمەوە، بە بەرهەمی کاڵوکرچ و گەییومەوە، وەک وتوویانە شاخیش بێ دەراڵ و کەندەڵان و شیو نییە، بەڵام هەر لە سەرەتای ڕێگا، با هەنگاوەکانم تێکەڵوپێکەڵیش بووبن، هەرچی گۆرانییەکم وتبێ، گەروو هەر گەرووی خۆم بووە، یەزدانی خواست و داواکاری هەر لە ناخی خۆمدا بووە، یەکەمین سەرچاوەی هەڵقوڵینی هەموو شیعرێکم بە ئاوی تاڵ و شیرینەوە لە قەناعەتی هونەرمەندانەی خۆم و ئینجا ڕەنگدانەوەی خواست و حەز و ئاوات و خۆزگەی گەلەکەمەوە لرفەی کردووە. من وەک شاعیرێ ئەو خۆشەویستییەی گیانم کەمەندکێش ئەکات. هزر و هەست و نەستم ئەسووتێنێ و ئاگری عەشقی تێ بەرئەدات، لاوک و حەیرانی دڵدارانەی خۆمی بۆ ئەڵێم هەزار ڕەقیبیش بە سەرمەوە وەستا بێ! جا بۆ گوڵێک بێ، یان کچێ، یان ڕووبارێ، یان کۆمەڵێ گرنگ ئەوەیە خۆم سەرپشکی هەڵبژاردن بم و سەربەستانەش لە شەقەی باڵ بدەم و دڵدارە شەیداکەم و پەروانە گڕ تێبەربووەکە و هەروایش بووم! شاعیری ڕاستەقینە و دانەتاشراو، نە بە تکا و نە بە زۆر دروست ناکرێ. شاعیری وەزیفە و داتاشراو شیعرەکانی بە مردوویی لەدایک ئەبن. من دوێنێ و ئەمڕۆیش بەر لەوەی ئەم کۆمەڵ یان ئەو ڕێکخراو، ڕەنگی زەمینەی حیزبایەتییان ڕشتبێ. من خاوەنی باخی شیعری خۆم بووم. تەنانەت ئەو برا و هاوڕێ خۆشەویستانەی کە من بڕوام پێیانە و بە دۆستی نزیک و هاوبیری خۆمیان ئەزانم، ئەوان بەر لە کەسانی تر، بڕوایان وا بووە، کە ئاسۆیەکی فراوان جێگەی خوێندنی کەوی شیعری منە نەک هیچ قەفەزێ!. بەڵێ من هەموو کوردستان و ئینجا هەموو جیهانیش بە شوێن گەشت و ئاسمانی فڕینی شیعری خۆم و دەنگی خۆم و هەستی بێ سنووری خۆم ئەزانم. خۆ خۆشەویستی لە پێشی سلێمانی کە خۆم ڕسکاوی ئەوێم، بۆ هەرگیز لە ئەوین و خۆشەویستیی مەهاباد یان دیاربەکر کەل ئەکات و کەم ئەکاتەوە؟! بێگومان ئەڵێم «نەء» و جا ئەگەر ئێوەش ئەو خەڵاتە هەرە مەزنەم پێ ڕەوا ببینن، ئەوا من خۆم بە شاعیری هەموو گەلی کورد، بە شاعیری شۆڕش و پێشمەرگە و گوڵ و منداڵی کرمانجیی خواروو، کرمانجیی سەروو، بە شاعیری کوردستانی دایک ئەزانم!. ئەمڕۆ و دوێنێش، لایەنگیری و دۆستایەتیم لەگەڵ هەر حیزبێکی ڕزگاریخواز و شۆڕشگێڕی کوردستاندا، هۆگربوون و ئاشنایەتیی زیاتری (بەشێک) لەو شیعرانەی کە سەرچاوەیان لە قەناعەتی سیاسی و ئەزموونی ژیانی پێشمەرگایەتیی خۆمەوە گرتووە و هەندێ جار داشکانەوەی باڵی فڕینیان بە لایەکدا لەبەرچاوتر بێ، ئەمە هەرگیز مانای پاساودانەوەی هەڵە و هەندێ هەڵوێستی بە لای منەوە نادروستی سیاسیی ئەوان ناگەیێنێ، تەنانەت بیروبۆچوونی دوو پێشمەرگەی یەک ڕێگەش کوتومت و لە هەموو سەرێکەوە یەکانگیر و جووت و کۆک نین ئا لەم ڕوانگەیەشەوە، وەک لۆرکای شاعیری شەهیدی ئیسپانیایش وتەنی «ئەوانەی ئەیانەوێ زیانم پێ بگەیەنن و ئازارم بدەن، وەختێ خۆیان بەفیڕۆ ئەدەن، چونکە من هەر یەکسەر چزە و کسپەی ئەو ئازارانەم بیر ئەچێتەوە و بە پێکەنینەوە بەرەو ڕوویان ئەچم».

هاوڕێیانی خۆشەویست:

ئێمەی کوردی ئاوارە و پەرەوازەی دوورەوڵات، ئا لەم وەرچەرخانە مێژوویییە ناسکەی ئەمڕۆدا، لەم سەردەمە تووشەدا، لێرەیش و لە هەموو کونجێکی دەربەدەریی نێو ئەم جیهانە ئاڵۆزەدا، چارەنووسی ژیان و بزوتن و دواڕۆژی خۆمان و دڵنیایی و زەردەخەنەی منداڵ و نەوەکانمان بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و شۆڕشی ڕزگاری و سەربەخۆییی ئەو جوامێرانەوە بەستراوە کە ئیستە و ئا لەم ساتەدا بەکۆمەڵ ئەبنە سوتماکی نەورۆزی ئازادی ناو سەنگەرە سەرتاسەرەکانی هەموو کوردستان. دەبا ئێمەیش بە گفتار و کردار، بە دەنگ و قەڵەم داکۆکییان بکەین و بچین بە پیر کاروانی خۆری ئەوان و بانگی هەقی ئەوانەوە، ئەی ئێمە کوڕ و برا و هاوڕێ و کچ و خوشکی ئەوان نین و هەر هەموویشمان لە داوێنی پاکی کوردستان نەکەوتووینەتە خوارەوە؟!

هاوڕێیانی خۆشەویست:

ئەو دەسکە گوڵە شیعرانەی لەم ئێوارە کۆڕەدا ئەیانخەمە ناو گوڵدانی بەردەمتانەوە، گوڵی ڕەنگاوڕەنگ و هەڵبژاردەی باخەکانی چەندین ساڵی شەونخونی و گینگڵ و ڕەنج و هیوا و سەرکەوتن و ژێرکەوتن و گریان و بزەی ڕابوردومن. لە هەر باخە و چەپکێ. لە شارەوە بۆ شاخ و لە شاخەوە بۆ ئێرە و تا دوا گوڵە شیعرێ کە لە ستۆکهۆڵمدا خونچەی کردبێ و گەشابێتەوە. لە شیعری وەک سیروان هەناسە درێژەوە تا ئەگاتە شیعری وەک گردۆڵکەکانی کەرکووکم کورتەباڵا!. لە گۆرانیی دەموچاو خۆڵایی و پێپەتیی منداڵییەوە، بۆ سروودی ڕاپەڕین و دەنگی گڕی گەورەبوون، لە چاوی ڕەشی کچە کوردێکی دڵخوازی شوانکارەوە، بۆ دنیای ئازادی و شۆڕش و شۆڕشگێڕانی هەر هەموو دنیا. لە چوخمە تاریک و نوتەکەکانی دوای هەرەسەوە، بۆ لای ترووسکە و شەوقی چاوی ئەو مۆمانەی لەسەر تاشەبەرد و نێو ئەشکەوتە نسرم و شێدارەکانی «قەندیل»ی سپیپۆشدا داگیرسانەوە. لە ئاوی تینووەوە بۆ شاییی شەهید، لە سۆز و ئەوینی دڵداری و سروشتی ڕەنگین و تەڕ و پاراوی وڵاتەکەمانەوە، بۆ کاولاشی بە سوتماککراوی دێهات و کسپەی ڕاگوێزان و دەربەدەری و ئاوارەبوون و هەوای ژەهراوی...