پێشەکی

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 14 دقیقه  859 مشاهده

لە بەهاری ساڵی ١٩٨٥دا، ئەو کاتەی لە گەرووی سەوزی بە خوڕە و هاژەی دەربەندەکەی بەرگەڵومکاندا، لە خاکی پێی داگیرکەر نەدیوو، لە سێبەری چیای پڕ چریکەی هەڵۆی پێشمەرگەدا ئەژیام، وەک دڵی شیعر و هەستی نادیاری ئەو دیو تەمێکی چڕ، خەبەری ئەوەم بداتێ کە ئەم جارەیان ڕێگای چارەنووسی کۆچکردنێکی دوورودرێژم لەبەرە و ئومێدی گەڕانەوە و شادبوونەوەی سەربەرزانە و ڕووسوورانە بە دنیای شار و جارێکی دی بە تێروتەسەلی و بەرفراوانی چاپکردنەوە و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانم، لە ترووسکەی مۆمێ کزترە و هەر تەنها خەونێکی شەوانەی بزڕکاوە و ئەم شەوەزەنگەی کوردستان بەژار و ژەنگە و ئەخایێنێ، چرپەی لە نەپندییەوە هاتووی ئەو خەبەرە ئەفسووناوییە وا ئەهاتە گوێی زرنگاوەی نێو ژووری تەنیاییم. بۆیە گەلێ جار خەیاڵم دوور دوور ئەفڕی و بە دەم پرسی خۆزگەیەکی هەڵقرچاوەوە بە خۆم ئەوت «ئاخۆ کەی ئەو دەرفەتەم بۆ هەڵکەوێ و بتوانم لە هەلومەرجێکی گونجاودا بەسەریەکەوە یان لە چەند بەرگێکدا بەرهەمەکانم چاپ بکەم؟». بەرهەمی پەرشوبڵاو لە خێزانی دابڕاو و دوورکەوتە لەیەک و ئاوارەبوو ئەچن!، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێکی ئەو بەرهەمانە، تێکەڵوپێکەڵ، لە پەڕە کاغەز و دەفتەری چرچولۆچ بووی گرمۆڵە بوودا هەر یەکە و لە قوژبنێکدا گیرسابوونەوە، ئەم خۆزگەیە لە شاخەوە سەرچاوەی گرت. هەڵبەت ئەو بزووتنەوە ڕۆشنبیری و ئەدەبییە شێلگیرەی کە هەر لە ساڵانی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولەوە، لەو شاخوداخانەدا و لە کونە ئەشکەوتدا لەدایک بووبوو، لەنێو چەقەنەبەردا پێڕەوکە بووبوو. بەتایبەت لە دوای هاتنەکایەی (یەکێتیی نووسەرانی کوردستان) و تا ئەو کاتەی منیش ڕوومکردەوە چیا و بووم بە شاگردی ئەو یەکێتییە و نزیکەی دوو ساڵ شەرەفی هاوبەشیکردن و بەشداریم لەو بزوتنەوەیەدا پێ بڕا و تا دواتریش و تا ئەو ڕۆژگارانەی کە گازی ژەهراوی و چەکی کیمیاوی لەو مەڵبەندە ئازادکراوانەدا تەنگی بە ژیان و هەناسەدان هەڵچنی، تا ئەو سەردەمەیش و تا ئیستەیش و بەردەوام. مەشخەڵی هەڵکراوی ئەو بزووتنەوەیە شانبەشانی هەڵمەت و شەڕی چارەنووسی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان، بەخشندە و بەرفراوان، هەر لە گەشەکردن و تیشکدانەوە و تەنینەوەدایە، چاپخانەکانی نێو ئەو لێرەوار و کەژ و هەردانە، خۆیان بۆ خۆیان شۆڕشێکی تری بەرەنگاربوونەوەیان هەڵگیرساندبوو. ڕیزە نامیلکە و کتێبی ئەدەبی، فەرهەنگی، مێژوویی، وەرگێڕدراو، هەر لە شیعر و کورتەچیرۆک و ڕۆمان و بابەتی ڕەخنەوە تا ئەگاتە سەر بابەتە جۆربەجۆرەکانی تری کولتوور بەگشتی، شایەتی بەڵگە نەویستن بۆ شان و شکۆی پیرۆزی ئەو بزووتنەوەیە. هەر لە گەرمەی جۆش و خرۆشی ئەو بزووتنەوەیەدا بوو، کە چەند جارێک ئەو شیعرانەی پەیوەندییان بە ئەدەبی بەرەنگاربوونەوە و سەروەرییەکانی جیهانی پێشمەرگایەتییەوە هەیە، چ ئەوانەی لە شار نووسیبومن و بە نەهێنی بڵاو ببوونەوە و چ ئەوانەی لە شاخ و لە نزیک سەنگەرەکانەوە لە دایک بووبوون، لەو چاپخانە خۆشەویستانەدا، لە چاپ دران و لە ئەشکەوتە نسرمەکاندا سەریان لە هێلکەی وشە جووقا و، لە ڕەوەزەکاندا پێیان گرت و تا دواتر چوونە بەر هەتاوی پێدەشتەکان و سەرئەنجام خۆیان کرد بە هەناو و دڵ و هەگبەی هەزاران پێشمەرگەی گەرمێن و کوێستانی گەلە قارەمانەکەمدا، هەر لە بەهاری ئەو ساڵەیشدا بوو، کە لە گۆڤاری «گزنگ»ی یەکێتیی نووسەرانی کوردستان/ لقی کەرکووکدا کە ئەویش یەکێک بوو لەو ئەستێرانەی لەسەر «دابان» چاوی هەڵهێنابوو، لەوێدابوو، ئاگادارییەکم بڵاوکردەوە، کە تیایدا بۆ یەکەم جار نیازی لە چاپدانەوەی بەرهەمەکانم بە خوێنەران ڕاگەیاندبوو، تکایشم لە شیعردۆستان کردبوو، کە ئەگەر هەندێ لەو شیعرانەی لای خۆم نین- ئاماژەم بۆ کردبوون- و لای ئەوان پارێزراون و بەر لە دیوانی یەکەمم لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکی ئەو سەردەمانەدا بڵاوبوونەتەوە، بۆم بنێرن تا بتوانم لە دەرفەتێکدا بێ کەموکوڕی و بەسەریەکەوە چاپیان بکەمەوە. بەڵام ئیتر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زریانی پێشمەرگایەتیی توندوتیژتر ئەبۆوە و، بەرەنگاربوونەوەی ئەژدەهاک تووشتر و، شاڵاوی دڕندانەی ئاسمان و زەوی بەربڵاوتر و شێلگیرانەتر ئەبوون. بۆیە هەلومەرجی هاتنەدی ئەو پرۆژەیە نەڕەخسا و خەونەکە نەهاتە دی و پەڕە کاغەزی هەناسەساردم خستەوە باوڵ. لە کۆتاییی ساڵی ١٩٨٦دا، بە دەستپێشکەری و پێشنیاری دڵسۆزانەی ڕێبەرانی پێشمەرگە و ویستی خۆیشم ڕێی هاتنە دەرەوەم بەرەو ئەورووپا گرتە بەر، ئیتر لە ژیانی دووروڵاتیدا تا بوویشمە پەناهێندەی وڵاتی سوید ئەو حەز و خۆزگەی لە چاپدانەوەی بەرهەمانەم بووە خولیایەکی ڕۆژانە و لە وڵاتی تریشەوە داواکاریی بەردەوامی شیعردۆستانی کوردی ئاوارەی وڵاتەکانی ئەورووپا و هەروەها هەلومەرجی لەبار بۆ یارمەتی و دەستگیرۆیی لە چاپدانیان لەم وڵاتەدا، گورجتریان کردمەوە بۆ ئەوەی بکەومە کۆکردنەوە و پێداچوونەوە و ڕێکخستن و ئامادەکردنی شیعرەکان تا لە نزیکترین دەرفەتدا بیانخەمە بەردەست. هەڵبەت بەر لە من ئەوە وتراوە کە هەر شاعیرێ تا بە سەر بژی و وەک ئەڵێن لە بازاڕی مەرگدا نەبێ، ناتوانین ناوی سەرجەم و کۆتایی لە چاپکراوەکانی بنێین، بەپێی مەزەنەی بۆچوونێکیش پڕۆژەی لە چاپدانی ئەم بەرهەمانە کە بە ناونیشانی «دیوانی شێرکۆ بێکەس» چاپ ئەکرێن، تەواوی ئەو شیعر و چیرۆکەشیعر و شانۆنامە چاپکراو و چاپنەکراوانە ئەگرێتەوە، کە لە دیوانی «تریفەی هەڵبەست»ەوە ١٩٦٨ تا کۆتاییی ١٩٨٨ و چەند شیعرێکی سەرەتای ساڵی١٩٨٩ نووسیومن و بە سێ بەرگ- جزم تەواو ئەبن. کە واتە ئەم دیوانەی ئیستە لە بەردەستاندایە، ئەبێ بە بەرگی یەکەمی بەرهەمەکان. بەڵام ئەوەی شایانی باسە و پێویستە هەر زۆر سەرنجی خوێنەری بۆ ڕابکێشم و ئاگاداری بکەم، ئەوەیە: کە پاش و پێشکەوتنێ کەوتۆتە زنجیرەی لە چاپدانی ئەم پڕۆژەیەوە، کە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی خێرا هەیە. واتە بە دەستووری باو و چاوەڕوانکراو ئەبوایە بەشی یەکەمی ئەم دیوانە، لە یەکەمین کۆمەڵە شیعری چاپکراوەوە کە «تریفەی هەڵبەست»ە دەستی پێ بکردایە. بەکورتی لە شیعرەکانی قۆناغی یەکەم و سەرەتاوە بەرەو ئیستە بهاتایە، بەڵام لەبەر چەند هۆیەک، کە لەپێش هەموویانەوە، دەستگیرنەبوونی ئەو کۆمەڵە شیعرە بوو -وەک پێشتر باسم کرد- کە لە کاتی خۆیدا نەچوونەتە ناو دیوانی یەکەمەوە و هەر چاولەڕێی گەیشتنیان بووم و نەبوون، ئەویش بۆ ئەوەی ڕەنگوڕووی نەخشەیەکی ڕوونتر و ئاشکراتر و تەواوتری سەرەتای دەستپێکردن و زەمینەی ڕسکانی بەهرەی شیعرم بخەمە پێش چاوی خوێنەران و بەتایبەتی ئەو ڕەخنەگرانەی ئەگەر مەبەستیان بێ لەسەر یەکەمین سەرهەڵدان و پشکوتنی ئەو بەهرەیە بنووسن. بەڵام بەداخەوە هەوڵێکی زۆرم دا و چنگم نەکەوتن و تا نووسینی ئەم پێشەکییەش بەهیوای دەستکەوتنیان هەر چاوەڕوانم سا بەشکوو پێم بگەن و بیانخەمە سەر شیعرەکانی «تریفەی هەڵبەست» کە ئەچنە بەرگی دووەمی ئەم دیوانەوە، ئەمە جگە لەوەی لای خۆیشمەوە وام بە باشتر زانی کە مادەم ئەو بەرهەمانەی تا ساڵی ١٩٨٤ لە شاردا و بە چاپی ڕێکوپێکتر و لە بەربڵاوترین ناوچەکانی کوردستانی خواروودا و بە ژمارەی زۆرتریش کەوتوونەتە بەردەستی خوێنەران و کەم و زۆریش لەسەریان نووسراوە، هەرچۆنێک بێ ئەوان بەختیان لەو کۆمەڵە شیعرانە چاکترە کە تا ئیستە وەک دیوانی سەربەخۆ چاپ نەکراون. یان ئەگەر چەند بەشێکیان لەو شاخ و کێوانە چاپ کرابن، لەبەر بارودۆخی دژوار و ئاڵۆزی کوردستان و مەترسیی هەڵگرتن و پاراستنیان ڕەنگە فەوتابن و بە بەراوردیش لەگەڵ دیوانە چاپکراوەکانی پێشووتردا، ئەمان لە سنوورێکی تەسکتردا بڵاو بوونەتەوە، جا لەبەر ئەو هۆیانە بڕیارم دا کە لە یەکەمین دەرفەتی هەڵکەوتوودا، ئەم شیعرانە چاپ بکەم و لەم سەرە گرتنی ڕێزەدا ئەمان پێش بخەم و بۆ جاری داهاتوویش بگەڕێمەوە سەر ئەوانی تر. ئیستەیش بەرلەوەی یەکە یەکە دەستنیشانی ئەو دیوانانە بکەم کە ئەم بەشەیان پێک هێناوە، بە پێویستی ئەزانم سەبارەت بەو شیعرانەی کە لە کاتی خۆیاندا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە ئەوە بڵێم: لەبەر ئەوەی لە کاتی خستنە سەر دەفتەر و نووسینەوەیاندا ناو و ساڵڕۆژی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەم تۆمار نەکردبوو، لێرە و لەم دووروڵاتییەیش دەرفەتی دەسکەوتنیان ستەم بوو، بۆیە نەمتوانیوە وەک پێویست ئاماژە بۆ یەکەمین سەرچاوەی چاپ بوونیان بکەم، بەڵام ئەگەر بۆ جاری دووەم و لەم چاپەدا هەر ئاڵوگۆڕێکی هونەرییان بە سەردا هاتبێت، یان تێبینی و ڕوونکردنەوەیەکی پێویست هاتبێتە پێشێ، ئەوا با کەمیش بووبن، لە پەراوێزدا و لە جێی خۆیاندا خراونەتە پێش چاو. ئەمە جگە لەوەی هەوڵمداوە لە کاتی چاوپێداگێڕانەوە و سەرپەرشتیکردنی تێکڕای بەرهەمەکاندا بە چاپکراو و چاپنەکراوەوە، لەم بەرگە و لە بەرگەکانی تریشدا، ئەو هەڵانەیش ڕاست بکەمەوە کە لەم لا و لەو لا کەوتوونەتە نێو شیعرەکانەوە، جا چ بەهۆی هەڵەی چاپەکانی پێشووترەوە بووبن، یان بەهۆی بەسەرداتێپەڕبوون و غەفڵەتی خۆمەوە، بۆ نموونە وەک تێکچوونی کێشی نێو بەیتە شیعرێ لەناو قەسیدەیەکدا، یان پاش و پێش کەوتنی دوو وشە کە ڕەنگە مانای ڕستەکەی گۆڕیبێت. ئەگەرچی دڵنیایشم ئەم جۆرە هەڵانە ئەکەونە بەرهەمی هەموو شاعیرێکەوە. باخی شاعیریش بێ خەوش نابێت.

بۆ ڕێبەریکردن و ڕوونکردنەوە و ئاگاداریی زیاتری خوێنەریش، بە پێویستم زانی هەر بە هەمان ڕیزی زنجیرەی چاپ بوونیان، دەستنیشانی ئەو دیوان و کۆمەڵە شیعرانە بکەم کە لەم بەرگەدا کۆبوونەتەوە:

١- دیوانی ڕەنگاڵە: ئەم کۆمەڵە شیعرە بەر لە ئیستە وەک دیوانێکی سەربەخۆ چاپ نەکراوە. بەشی زۆری ئەم هۆنراوانە لە کاتی خۆیاندا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک: «هاوکاری، بەیان، برایی، نووسەری کورد، پاشکۆی عیراق، کاروان»دا، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٤–١٩٨٤دا بڵاو کراونەتەوە. هەڵبەتە کۆمەڵێکیشیان بۆ یەکەم جارە لەم دیوانەدا چاپ ئەکرێن و بەر لە ئێستە لە هیچ شوێنێکدا بڵاو نەکراونەتەوە. هەڵبژاردنی ناوی «ڕەنگاڵە»یش – کە خۆی باڵندەیەکی بچووکی ڕەنگاوڕەنگە- هەر لەم هەمەڕەنگی و ساڵی جیاجیا و ئاوازە هەمە جۆرانەی ناو ئەم دیوانەوە هاتووە و دوای وردبوونەوەیش وام بە چاک زانی بەپێی لێکچوونی جۆری بابەت و ئاشنایەتی و نزیکی هەر تاقمە شیعرێ لەگەڵ یەکتردا- نەک بەپێی زنجیرەی ساڵڕۆژی نووسینییان- بیانکەم بە چەند بەشێکەوە و هەر بەشەیش ناونیشانی تایبەتی خۆی بۆ دابنێم.

٢- دیوانی داستانی هەڵۆی سوور: بریتییە لە یەک قەسیدەی درێژ و لە شێوەی هێشوویەکدا لە چەندین دەنکە بەش پێکهاتووە، بەڵام هەر هەموو دەنکەکان ڕواو و سەوزبووی سەر یەک لاسکن، یان وەک پەڕی پانکەیەک چەندین پەڕن و بەڵام یەک تەوەر ئەیانسووڕێنێتەوە. ئەم قەسیدەیە لە شاری سلێمانی و لە مانگی ئەیلوولی ١٩٨١دا دەست کراوە بە نووسینی و لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا تەواو بووە، ئەم قەسیدەیە لەگەڵ قەسیدەی «کۆچ»دا، کە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٥دا لە مەنفا و لە ناحیەیەی بەغدادی نووسراوە و دواتر لە دیوانی «دوو سروودی کێوی»دا لە ساڵی ١٩٨٠دا چاپ کراوە، وەک دوو سەری پردێک، یەک یەکتری تەواو ئەکەن، ئەم قەسیدەیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٤دا و لەناو شۆڕشدا، لەلایەن «یەکێتیی نووسەرانی کورد»ەوە بڵاو کرایەوە و بۆ جاری دووەمیش لە ساڵی١٩٨٦دا دیسان هەر لەناو شۆڕشدا لە دیوانی «هەڵۆ»دا، وەک زنجیرەی ژمارە ٤١ی بڵاوکراوەی هەمان یەکێتی چاپ کرایەوە. ئەوەی شایانی باسە، هاوڕێی ئەدیب کاک «سامی شۆڕش»یش پێشەکییەکی دوورودرێژی بۆ ئەم چاپەیان نووسیبوو.

٣- دیوانی کەشکۆڵی پێشمەرگە: لە ئەسڵدا ئەم دیوانە هەر بە هەمان ناونیشان لە سێ بەش پێکهاتووە، کە جیا بە جیا و یەک لەدوای یەک لە ساڵانی ١٩٨٥ – ١٩٨٦دا لە چاپخانەکانی نێو شۆڕشدا چاپ کراون، بەشی یەکەمی ئەم کۆمەڵە شیعرە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ – ١٩٨٤دا لە شاردا نووسراون و بە ناوی نەهێنی و ڕێگەی نەهێنی گەیەندراونەتە نێو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لە ڕادیۆی شۆڕشەوە خوێندراونەتەوە. بۆ جاری دووەمیش هەر سێ بەشەکە لەناو دیوانی «هەڵۆ»دا لە بڵاوکراوەکانی یەکێتیی نووسەرانی کوردستان، زنجیرەی ٤١، سەرلەنوێ چاپ کراونەتەوە. هەڵبەت خوێنەری زیرەکیش ئەبێ ئەوە بزانێت کە شیعرەکانی کەشکۆڵی پێشمەرگە بەر لە هەموو کەس بۆ خودی پێشمەرگە و دنیای ئەوان نووسراون و لە تاقیکردنەوەی ئەوانەوە سەرچاوەیان گرتووە. لە پلەی یەکەمیشدا بزواندن و چێژ لێ وەرگرتنی ئەوانم لا مەبەست بووە. هەر لەبەر ئەمەیش (هەندێ جار) خۆم بە دەستی خۆم، لە پێناوی چارەنووسە گەورەکەدا، قوربانیم بە هەندێ لایەنی ستاتیکی جوانکاری داوە و ساکارانە نا بەڵام سادەتر دامڕشتوون. بە لای منەوە لەو سەردەمانەدا، لەم مەیدانەی پێشمەرگەدا، هونەری شیعریش، هەر ئەوەی داوا ئەکرد.

٤- دیوانی ئاوێنە بچکۆلەکان: ئەم دیوانە تەرخان کراوە بۆ کورتە شیعرەکان، کە لە بنەڕەتدا درێژەدان و گەشەپێکردنی هەمان تاقیکردنەوەی پۆستەرە شیعری دیوانی «کازیوە»ی چاپکراوی ساڵی ١٩٧٨ن، بەر لەم چاپە تەنها ٤٠ شیعریان لە ساڵی ١٩٨٦دا و لەناو شۆڕشدا بە هەمان ناونیشان (ئاوێنە پچکۆلەکان) لە چاپ دراون و بڵاو بوونەتەوە. ئیتر باقیی شیعرەکانی تر، کە هەندێکیان هەر لە کوردستان نووسراون و کۆمەڵێکی تریشیان لە دەرەوەی وڵات، تا ئیستە لە دیوانێکی سەربەخۆدا چاپ نەکراون، هەڵبژاردەیەکیشیان لە گۆڤارە کوردییەکانی ئەورووپادا لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ – ١٩٨٨دا بڵاو بوونەتەوە. زۆربەشیان بۆ یەکەم جارە لەم دیوانەدا بەرچاو ئەکەون. ئەوەی شایانی باسە، هەڵبژاردەیەک لەم کورتە شیعرانە و هەر بەو ناونیشانە وەرگێڕاونەتە سەر زمانەکانی عەرەبی و ئیتاڵی و سویدی و فەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی کە هەندێکیان چاپ کراون و کەوتوونەتە بازاڕەوە و ئەوانی تریشیان لەبەردەم کارتیاکردن و ئامادەکردندان بۆ لە چاپدان.

٥- دیوانی شاییی شەهید: بریتییە لە کۆمەڵە قەسیدەیەک کە بەر لە ئێستە وەک دیوانێکی سەربەخۆ چاپ و بڵاونەبۆتەوە، چەند شیعرێکیان لە کوردستان و ئەوانی تریشیان لە دەرەوەی وڵات نووسراون. چەند دانەیەکیشیان لەنێو شۆڕش و لە گۆڤارە کوردییەکانی ئەورووپادا بڵاو بوونەتەوە.

٦- دیوانی تەم توومان: دوا دیوانی ئەم بەرگەیە و بریتییە لە دوو قەسیدەی درێژ «تەم توومان» و «ژەهر» ئەمەی دوایییان دوا قەسیدەی ئەم بەرگەیە و لە بەهاری ١٩٨٩دا نووسراوە، قەسیدەی «تەم توومان»یش لە کۆتاییی ساڵی ١٩٨٨دا نووسراوە و پێشکەشی هاوڕێم شەهید «ئازاد هەورامی»م کردووە کە لە ساڵانی ١٩٨٥ – ١٩٨٦دا و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە نزیکەوە یەکترمان ناسی و چەندین یادگاریی شیرین و تاڵی شەو و ڕۆژی بەیەکەوەبوونی نێو شۆڕش و ئەو شاخوداخانە ڕیشاڵی گیان و دڵی بە یەکەوە بەستین و دوای شەهید بوونیشی هەر ئەو خۆشەویستییە بووە هەوێن و گریانی بێدەنگی ئەم قەسیدەیە.