یاڕەب دڵم لە حەلقەی زوڵفی جودا نەبێ

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 1 دقیقه  687 مشاهده
یاڕەب دڵم لە حەلقەی زوڵفی جودا نەبێ
دەستم لە دامەنی بە دەخاڵەت ڕەها نەبێ
خاڵی نەبێ لە خاڵی لەبی قەت خەیاڵی من
بۆچیمە ئەم سەرە کە لەبەر پێی فیدا نەبێ؟
عومرێکە چاوەنۆر ی جیلوەی ڕووتم لە نیوە شەو
زوڵمەت سەرایی من ئەمەوێ بێ زیا نەبێ
داغی دڵم لە جیلوەی ڕووی تۆیە شوعلەوەر
بەم شوعلەیە ئومێدە کە قەت بێ چرا نەبێ
موتریب بە سازی عەشقەوە بۆم لێدە لەحزەێ
زۆر بێ نەوایە ئەم دڵە با بێ نەوا نەبێ
زاهید کە ڕایەخی حەسیرە لە زوهدا چە خۆشییە؟
ئەم فەرشە بۆ ریایە ئەگەر بۆ ڕیا نەبێ
بۆ وەسفی عەتری زوڵفی بڵێم چی وەکو چییە؟
تەشبیهی ئەو ئەکەم بە خەتا ئەگەر خەتا نەبێ
کەشتی شکاوی بەحری غەمی بو نەجاتی خۆت
هاواری یاخودا بکە با ناخودا نەبێ
مەجلیس مەبەستە بێ ڕوخی دولبەر لە نیوەشەو
گەر کارەبا نەبێ ئەم کارە با نەبێ
خادیمتخلص غوڵامی ئەهلی دڵە گەرچی بێ دڵە
تاکوو لە بەزمی ئەهلی سەفا بێ سەفا نەبێ