عاشقان مائیلی سەری دارن
از کتاب:
            دیوانی خادیم (بەرگی ١)
        اثر:
                خادم (1895-1953)
        
             1 دقیقه
             1268 مشاهده
        
        
    عاشقان مائیلی سەری دارن
حاکمی مڵکی عەیش و سەردارن
سەر بە زانۆ سەفەر ئەکەن لە جیهان
کاشیفی هەردوو کەون و ئەسرارن
حەرەمی خاسی یارە گۆشەی دڵ
چونکی لەم خەڵوەتە لەگەڵ یارن
مەست و بێ هۆشی بادەی عەشقن
هۆشی بێ هۆشییە کە هوشیارن
لە فەنادان لە مڵکی کەم ناوی
چون هەمیشە لە هەستی بێزارن
بۆ عرووجی بە عالەمی باڵا
بە پەڕ و باڵی عەشق تەییارن
بۆ قسەوگوفتوگۆ لەگەڵ مەعشووق
بێ کەلام و سەدا بە گوفتارن
بێ مەی و ساقی و نەی و موتریب
مەست و ڕەقسان و دیدە خومارن
گاە لە جۆشی محەبەتا شێتن
گاە لە سۆزی دەروونەوە هارن
گاە عەزلەت ئەکەن لە عالەمدا
گاە ڕیسوایی شار و بازاڕن
گاە لە ناو جۆشی ئاگری دوورین
گاە لە وەسڵا عەینی گوڵزارن
چی ئەزانی لە حاڵیان خادیمتخلص؟
دەست بە کار و بە دڵ لەگەڵ یارن