پردی سوڵتان

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 3 دقیقه  671 مشاهده

بەرەو هەتاو وێنەی ژیانی لە ناو چیای مەڵبەنددا، وەکوو وێنەچییەکی لێهاتوو هێناویەتە سەر شانۆی نواندن. دەبا تاوێکی لە خەم ببڕێم و ڕوو بە پردی سوڵتان وەڕێ کەوم. بۆنێ لە گڵووکی چەم کەم و چاوێ بە دیمەنی ئەو پردەدا بخشێنم. گوێ بۆ دەنگی بولبول و قاقای خاسەکەوی ئەو دەر و دۆڵە وەگرم و گیانی بوردووم وەبووژێت و بە یادی ڕاوی ڕابردوو تەمەنی تێپەڕیوم توخواکەی با بە فرمێسکی چاوم، زۆرەبانێ لەگەڵ کەف و کوڵی سێڵاوی ئەو چۆمە بگرم.

ئەو پردە، پردێکە کۆن و لەمێژین، ساڵ و دروست کراوی دەستی زانایەکانی هەزار ساڵانی لەمەوبەرە.

بۆ بەکارهێنانی لەشی ئەو پردە، گاشەبەردی ساکار و نەتاشراو بە کارهاتوون. وادیارە بۆ دروستکردنی ئەو پردە، مامۆستاکەی، هەر لە بەردی داوێینی ئەو کێوە کەڵکی وەرگرتووە.

ئەو پردە بە درێژی دە گەز و بە پانی دوو گەز، لەسەر سێ پێ ئەوێستێ و دوو قەیسەری واتا دوو گونجەی ئاوەڕۆی لێ دەر کراون.

ئەو پردە لەناو باوەشی کێوەکانی گردەگڕوێ و باغی باڵەکوو و دۆڵەڕەش و ڕەزاکوژاو لەسەر دەراوێکی ئاوهەڵڕێژ و چۆمێکی ورەبەر دروس کراوە.

لە ناوچەی گەورکی موکری و سەر بە شاری بۆکان، ئەو پردە لەسەر زار و زمانی خەڵکی مەڵبەند زۆر بە قوتب و فەڕ و خاوەن حوڕمەتە. ئەگەر ئەو پردە نەبێ، هاموشۆی کاروان و پیادەڕۆ لە سەردەشتەوە بۆ بۆکان ئەبەسترێ.

سەرچاوەی ئاوی ئەو پردە

سەرچاوەی ئاوی ئەو پردە لە هەرێم و مەڕلەوەڕێنەکانی گوندی خوڕخوڕە ئەڕازێتەوە. جۆگەلەی خرۆکەکانی گوێزی، فەرخۆلە و کۆخان، ڕند و بەفرەکانی کێوی عەلیەقوت و خڕی بووکان و داری سەیدی، ئاوی چاوی چاوەکانی خڕی حەسەنئاغا و باغی و خاڵەزە، فرمێسکی ناو داوێنی مام چەڵەبی و گوڵان و داودەگردە، بەکۆمەڵ ئەو چۆمە پێک دەهێنن.

بەر لە بەسترانی ئەو پردە بە واتە چیرۆکی کوردەکانی مەڵبەند، ئیمامی عەلی خوای لێ ڕازی بێت، ڕێگای کەوتۆتە ئەو دەر و دۆڵە و ئاوە سەر ڕێی پێ گرتو و دوڵدوڵسوار زوری بۆ دوڵدوڵ هێناوە لەو دە گەزە بازی داوە. بازی داوەتە ئەوبەر لەسەر بەردێک وێستاوە. ئەو بەردە شوێنە پێی دوڵدوڵ و جێ چەکمی ئیمامی عەلی هێشتا لێ دیارە و هەتا هەتایەش، هەر دیار ئەبێت. ئەگەر باران ئەبارێت، ئەو شوێنە پێیانە لە ئاو پڕ ئەبن، دائەوەستن.

بە ئاقیدەی خەڵکی مەڵبەند، ئەو ئاوە بۆ هەموو دەردێ شفا و هێمنی هێنە.