ژیانی ناو کەژاوەی بەردین

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 3 دقیقه  653 مشاهده

کیژۆڵەیەکی جوان بەڵام جوانەمەرگ هەنگووتووی شەختەی ناکاو، ژاکاو و دەس لە هیوا پساو، تاقانە بووکی گۆڕستانی کۆن، میوانی وڵاتی ژێر زەوی، سەر لەسەر سەرینی بەردین و لالەش لەسەر ڕایەخی قوڕین، خەوتووی خەوی یەکجاری، بە نێوی خەزێم، بەڵام خەزێمی کەپۆی بێ نازی و گوڵی سەد تەرزی خەفەت و مەینەت هارووژێن.

نەشمیلەیەکی بەدیمەن و بەرچاو، شل و قژکاڵ و هەڵکراو، ئاسکێکی بەهەست و پەپۆنەخشێن، کۆمای ئەوین و موچوڕکی تامەزرۆیی کۆلکەزێڕینەی چیای بەرزی ڕوانین، ڕەوت و هەنگاوی هەنگاوتەی دڵ بوو. هەڵوێستی گیان هەستێن و نیونیگای خوێن وەستێن بوو. ڕەوەک و ئێسک سووک و خۆش ئاوڕ، ئاوڕی ناو نزاری دڵداری، هەوێردەیەکی نەرمی هەرێمی تامەزرۆیی، شەوەی گیان هەڵکوشی ناو جۆلانەی لاوی، بەڵام هەژار و دەس بەتاڵ و بێ سەڵا. خاوەنی دوو برای وردیلەی باب لە گۆڕکەوتوو، لەگەڵ دایکێکی پیر و لەش بە مۆریانەی پیری خوراو، لەناو باوەشی خانوولەیێکی ڕەشی فەقیرانەدا ئەژیان. بەڵام چ ژیان، ژیانی بە ڕەنگ و ژاراوای، ژیان لە ناو گۆڕی ڕەشی هەژاریدا، ئەویش لەناو هۆزێکی ئاژەڵدار و دوور لە هاژوانی سەرنج و زانست، دوور لە بزەی بەزەوی هاتن و ئاوڕی بەبایەخ.

ئاخر لەناو کۆمەڵی چیاگەڕ و مەڕدار، هەژار بێ بایەخ و ئێسک دزێو بە حیساب دێت. کەوابوو کیژۆڵەیەک کاڵ و شەرماوی، بۆ ڕاگرتنی نازی دوو برای هەتیو، ژیانی پێویست، ئەبێ خوو بە کێ بگرێت و ڕوو بە کام یاسا بێت؟ چارە چییە؟

بۆ تاوانی تارمایی هەژاری و بۆ ویستی ژیانی دایکی بیمار و برای ورد و بێ باب، خەزێم ئەبوو شەو و ڕۆژ خەو هەڵبڕێت و ئارەق بچێنێ و لە مەزرای ئەم و ئەودا دڕوو هەڵکەنێت و پەژارە شین کات. ئەبوو کاکۆڵ بە شانەی شەڕەباوە ئاڵۆز و پەنجەی بە خەنەی ڕەنجەوە ڕەنگین بێت. بە هەڵکێش و سیپاڵی پیاوانەوە لالەش بە تینی هەناو پێی چێت. بەبێ یاسای کۆمەڵی ناو شاخ و داخ، ئەبێ تا دوو برا بە کاک نەکات، قژەکانی بە هاواڵی شانە نەکات. نە بۆ جوانی لەش و نە بۆ خۆشبێژی ئەوین، خاوەن ئاوڕ بێت، خەزێمی تەمەن هەژدە و هەژارمژ، بێ وچان و پشوودان لە بازبازێنی ژیاندا شەکەت و ماندوو و ژاکاوە، جێگا هەڵوەرینی شەوانەی خانووچکەیێکی ڕەش و جێ و بانێکی شیتاڵ و چڵکن بوو. هەروەها شەو و ڕۆژ و ساڵ بەرە بەرە، بەربەیانی خەزێمیان بە لێڵی ئەشڵەقاند. سەرەڕای دەردی بێ دەوای هەژاری، سەرەڕای هەستی بێکەسی و دوورە دەروای. ئاژاوەیەکی تری پڕ لە مۆنج و سێڵاوێکی خنکێنەر هورووژمی بردە سەر خەزێم و سەرەڕای ژیان و پڕ لە ژان و چڵکن، خەزێم بە دیتنی کوڕە سەرکۆمارێک دوو پێ کەوتە ناو ژیلەمۆی عیشق و ئەوین و دڵداری و هەموو توانا و هەست و بیری ڕاوپێچ کرد.