چاوچنۆکی ڕاوچییەکی بەساڵاچوو
لەسەر سەکۆیەکی بە بەرد و کوڵۆ هەڵچندراو، لە بەردەمی پەنجەرەی وەتاغەکەما ئەمەویست تاوێ پشوو بدەم و لە خەم ببڕێم. چنۆکی چاوی تامەزرۆ بە ڕاو، داوای لێ کردم کە چاوێ بە چیای بەرز و خەمڕەوێنا بخشێنم.
دەمەویست بە دووربینێکی نەخۆش و چاو عەمەل کراو، بە خۆشی ڕانینەوە پەژارەم بڕەتێت. بەڵام خەم نەوەک نەڕەوا، بەلکوو بەهەر تماشایەک و سەرنجی خەمێکی نوێ لەسەر باری خەمم ئەنوا.
نازانم چی بوو لە چیا چ قەومابوو. کەوا شاخ و ڕەوەز و ئەستۆی بستوو، لە تەم و ڕەشایی سێبەرا ڕەشپۆش و پەژارەپڕیشکێن بوون. کەوا بووکی گڵووکی نواڵ، سیپاڵی سەوز و سوور و ئاڵیان لە ناو توێی نشێو و پاڵدا پاڵ ئەخست.
چپەی پێ هەڵات هەڵاتی پەل و پۆپ و گەڵا، پەلەکوتە و قولاتی قانگەلاشی لەشجزاو بە هێز و بابەخولەی بای سەروی وڵات، هەواڵی پاییز و کەند و کوڵۆی خۆش ڕنی زستانی بە گوێی چیا و چیاچێکانا ئەچپاند.
شێوەردی شین بە پۆلە کۆتر و دەراوی بە پۆڕ و کەو هاخندراو، دووبارە عەجوولی ڕاو و چوونە چیای لە هەموو گیانمدا شین کرد.
خۆم بە خۆم ئەگوت: ئاخ ئاخ! ئەگەر لەبەر گەڕی پیری نەبا، دەستم ئەدا چەک و بە شنەی شنەبای ڕاوی چیا خەمی کۆن و نوێم بە با ئەکرد.
بەڵام نا نا، هەرگیز، لەمەولا مەحاڵە خەیاڵی چوونە چیا، گۆڕ کرێت و بار و بنەی ژیان ڕوو بە گۆڕایی و دەشتی تێک نرێت.
وا تەمەن لە پردەبازی کوڕێنی و لاوی قەڵەمبازی دا، کزەبای تواناهەڵوەرێنی پیری وا هێز و بڕی جوانی، پەرین پەرین کرد و کولوو کولوو پیتەڵۆکەی سپی لەسەر سەر و ڕوومەت و سەرم سەپان. کۆخە کۆخی هەناو و ژواری پێوپل و لەش، بەبێ شەرم و شکۆ ئەڵێن: پێم ئەڵێن مامە پیرە، چەک و چوونە چیات خەیاڵ پڵاوە ڕاوەکێوی ڕەوەکت خەونێکی گەلێ دوورەتەعبیرن. ئیتر کاتی عەینەک و وەکاز و هێواش جووڵانەوەیە و بەس.
کاتی چەکداربوون بە پێنووس و خزمەت بە شاڵ و گەل و نیشتمانی خۆشەویستن.
هۆی هەڵۆی بەرزەفڕی و فیزی ژیانی نوێ، مەبەست کردنی ڕووداو و بیر و خەیاڵ و هەستە، ئیتر بە پێ هەواڵی کە هاواڵی پیری پێی دام، ئەبێ بڵێم، ئەبێ بڵێم و بڵێم: