بەسەرهاتی نێچیروانێکی پیر

وێنەی ڕۆژێک ژیان لە ژیانی هەموو لادێییەک
از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 9 دقیقه  993 مشاهده

مانگی خەرمانانی پەنجا و یەکی هەتاوییە. باوی ئاغایەتی گەرما و هەتاوی تاوێنەر، ئاشی زەوینی لەسەر بستەی ئاگرین ئەسووڕان، ئاجوول و باجوولەکانی قوونەزای گەرما بەرەو چاو هەڵئەبەزین و سامیان لە سەما ئەباران، باڵدارە تووکنەکانی چیاویست لە بن ڕەوزەی سێبەردا بە دژی هێرش و هەڕەشی هەتاو، باڵیان کردبوو بە پەڕەشووتێکی نیوە هەڵدڕاو.

کەشە هەورێکی هەوریشەمی و کون کون و ساویلکە، ئەیهەویست دژی مڵۆزمەکانی گەرماهاوێژ، سێبەری خوی بۆ سەر زەوی ڕاستەوڕێ ڕاکێشێت. کزەبای باکوور ئەیهەویست بڕاسێت، بڕاسێت و بە باوەشێنی شەداری هەناسەی کوورەی گڕپڕیشکێنی هەتاو لە گڕ و گەڕ بخات. ئەیهەویست پاپاغی ئاغایەتیی هەتاو و جووڵەجووڵی ژیلەمۆی سەبوون، بەرەو ڕووی نەبوون و تێکشکان ڕاشکێنێ، بەڵام ئەوەن بەسەر شاخەکانیدا غاوی داخشابوو، پەڕ و باڵ پڕووزاو مەتەڵۆکی کاسە لە چێشت گەرمتری ئەخستەوە بیر. خۆی لە گڕ گەرمتر و هەناسەی لە هەناسەی هەژارە بێشێوەکان سووتێنەرتر بوو.

بەڵێ براگیان، هەر لەو کاتەدا بوو کە لە بیرم نەکردووە و قەتیش لە بیر ناکرێت کە خۆم و کراسە دێوەکەم و تفەنگێکی ساچمەڕژێن، لە بەرزترین چیای مەڵبەند و لە ناو گاڵۆکی شاخی کونەپڵینگڕا لە ڕاو بووم. بەڵام شەکەت و ماندوو لە تاوی گەرما پەسارە شاخێکی خاوەن سێبەرم کردبوو بە پەنای ئامان.

چ بڵێم و لە کوێوە دەس پێبکەم. دیمەنی ئاو، ئاوێکی سپی تر لە چاوی زێو، ئاوێکی شەکەتیشکێن و گیانبووژێنەر، کە لەناو دڵی بەردێکی دڵڕەقا هەڵئەقوڵی. هەڵئەقوڵی، دڵۆپ دڵۆپ، وەکوو فرمێسکی هەتیوێکی بێ شێو. ڕوو بە داوێنی شاخ ئەهات و ئەکشا، ویتەویتی چۆلەکەی چیاویست و بەرزی پەرەست، باریکە دووکەڵێکی شاویلکەی نێوچروانێکی پیر، کەبابی کەوی برژاو بە پووش و پواری وشکی لێرەوار. چادانێکی چکۆلە و دۆلکەیێکی هەنگڵ لێزاو، چەکێکی ساچمەلێدەری ڕازاوە بە تەنەکەی زەرد و سپی، کراسەدێوێکی خاڵاوی بە ئاڵەبووکی ئاڵوواڵ، گەورەترین بەڵگەی خۆشی ژیان و بەرهەمی کۆساری سایە چەوری ئەخستە بەرچاو.

سەرەڕای ئەو هەموو نوێنگەی بەدیمەن و ڕوانگەی بایەدار هەروەکوو مۆتەکەیێک چنگی لە گیانم تێپەڕ کردبێت، گیان و لەش هاڵۆز، وێنەی خۆم ئەهاتە بەر چاو. ئیتر نازانم چ سڕێک بوو، کە لەشی لە سڕی و دڵی پڕ لە خەم هاخنیبوو. هەروەکوو پەرییەکی پەڕزێڕین لە ناو پەردەی حاسمانەوە پەردەی گوێم هەڵداتەوە و بڵیت. بڵێ: ئەبێ لە ڕەقەن و کێو و چیا ماڵئاوایی بخوازی و بۆ هەمیشە ڕوو بە ماڵ ڕاوبەتاڵ ڕاگەیێنی.

بەڕاستی هەواڵێکی سەرسووڕهێنەر و خەیاڵێکی کوت و پڕ و تازە لە دایکبوو بوو کە لە هەڵەشە و هەوڵ و سام پڕی کردم. هەروەکوو گیانم لە نیوەنووزەی کاوەی کوڕم بێت، کە لە بێشکەدا دەس و شان بەستراو و یا لەسەر کورسییەکی تەڕ و شێدادار و مێشاوی فرمێسک بڕژێت.

بەو خورتە و خورپەوە زۆر بە پەلە و هەڕەشاوی کەرەسەی ڕاوم تێک خست. هەروەکوو لاوێکی بە هێز و چیاپێو. بە هاوکاری شەقاو، شەقامم شەق کرد. شەکەت و ماندوو لە خانووچکەیێکی بە گڵ و بەرد هەڵچنراو، سڵاوی خۆم ڕاگەیاند، بەڵام چ سڵاو، خانووی بێ کابان و سڵاوی بێ وەڵام و گاڵتەی قڕوقەپی، سامی لەسەر باراندم.

لەو هۆدەدا جیا لە هەنیسکی خەفەتڕژێنی کاوەی پاشەبەرەم، پاشەوارێک لە شوێنەوار و موناتی ماڵ وەبەر چاو نەئەکەوت. وا دیار بوو دیمەن و چیمەنی کچم گاگەلیان بۆ چەیار لێ خوڕیبوو. دایکیشیان بۆ مەڕدۆشێن ڕوو بە چیای گۆڕبەران هەنگاوی نابوو و ماوەی چوون و گەڕانەوەشی سێ کاتژمێری ڕەبەقی ئەخەیاند. تەنیا کۆرپەیەکی ساوا و قوونەنەشینە، کاوەی مەکۆی هیوا، بە هیوای مەمکەمژەیەکی چڵکن و شیرین کراو و بە ئاو و قەند بەجێ هێڵڕابوو. بەڵام چ مەمکەمژە، مەمکەمژەیێکی بیر و مێشک کوژ. ئەو مەمکەمژەی کە ئێسقان و دەنگی مناڵێک بەرەو زەردی و شلی ئەبات. ئەو مەمکەمژەی کە بۆ هەتا هەتایە نەخۆشی جۆراوجۆر ئەخاتە ناو خڕۆکەکانی بۆریەی خوێن و لەشی هەموو مناڵێک بەرەو لاوازی ئەخاتە سەر.

بەڕاستی بەڕاستی دیمەنی کاوەی گریاو تا ئەو جێگایە سەرنجاوی بوو کە وێنەی ژیانی هەموو مناڵە لادێییەکی تیا دیار ئەکەوت. ڕاکشاو، بەڵام ڕاکێشاوێکی ڕاست و بێ گرێ و گۆڵ، کە لاڕوومەتی چەپی خۆڵاوی و ڕوومەتی ڕاستیشی بە زەوییەوە چەسپابوو. هەروەک پەپوولەیێکی لاواز کە لە بەرەبەیانی بەفرانباردا لەبەر سڕی، باڵی بەسرابێ. یا وەکوو ئەسیرێکی ژێردەستی بێگانە کە لەژێر شکەنجە و عەزابا لە خۆ چووبێ. جیا لە هەنیسک و هەناسەیێکی باریک، بەڵگەیەکی نەمردنی لێ نەئەبیندرا.

ڕوونتر بڵێین: ئەو کوڕە، ئەو مناڵە ساوایە، شووتیلکەیەک بوو پانەوە بوو کە بە مێشوولە و زەردەواڵە گەمارۆ درابوو، هر لەو کاتەدا بوو کە دایکی وەکوو خێوڕاوی نابێ، بڕووسکارو هاڵۆز، شل و شێواو لە ئارەقەی شەکەتیدا وەژوور کەوت. هەر کا کوڕەکەی دڕێژ و ڕاکشاو وەبەرچاو هات بە شەقژنی گریان و نیوەنووزەیەکی پڕ لە پەژارە وی ناکا دیسان، ناکا دیسان کوڕەکەم هەر وەکوو ئەوەی تر لەبەر بێکەسی لە ناو ئاوردوودا هەڵقرچابێت، ئاخ چەن چاڕەڕەش و ڕواوە کۆزم.

بێ ئەوەی لە بیری بێت کە کۆڵەشیرەکەی لە زەوی دانێت، باوەشی کردە بێشکەیێکی دڵداری و هێمن هێمن بۆ کوڕێکی ئێسقان شل و لاوازگە. زۆر بەپەلە بەرۆکی خۆی ترازاند و مەمکی ڕاستی، بۆ ڕاستەوخۆ کرد. ئەوەی کە دیمەندار و سەرسووڕهێنەر بوو ئەوە بوو کە ئەو کوڕە نە تەنها مەمکی نەگرت، بەڵکوو بە ڕاسانێکی پڕ لە تووڕەیی سەر و پرچ و بەرۆکی دایکی ئەڕنی. هەروەکوو فامدارێک ڕوو بە جێگا تەڕەکەی ئەخشا. سەرئەنجام هێند خشی، خۆی گەیاندەوە سەر جێگای هەوەڵی و لاچاوی بە زەوییەوە شەتڵ کرد. لاقە شل و سووڕاوەکانی نیوە دڕێژ کردن و بە هەنیسک و هەناسەیەکی باریک لە ژیانی پڕ لە بێ نازی بێزاری خۆی دەربڕی. مان و تووڕەیی تا ئەو جێگایە ڕۆیشت، کە ئەتگوت لە ژیان وەڕەز و لە مان ماندوو بووە. هەروەکوو نەیەوێت لەمە هەورازتر بێ نازی خۆی بخاتە بەرچاو، چاوی لێک ئەنا و لەسەر جێگا تەڕەکەی بە هەنیسکێکی گڕدار لەناو گیانی دایکیدا ژیلەمۆی پەژارەی بە فوو ئەکرد. زۆر جاریش بە مۆنەوە دیمەنی دایکی ئەخستە بەرچاو. بە زمانی بۆڵ و منداڵانەوە لەبەر خۆیەوە ئەیورتاند. هەروەکوو بە دایکی بڵێت و پێی بڵێ ئەو شیرەی کە بە شەکەتی ڕێگا ڕۆینی نیوەڕۆ بڕووسکابێ، یا بە تینی هەتاو بێتە کوڵین، نابێ بخورێ. خواردنی ئەو شیرە زەردیهێن و ڕشانەوە و زگچوونی لێ هڵئەقوڵێت.

ماوەیەکی هەروا قارومانی ماڵێکی ساوا تێک نەئەشکا. نە بە لایەلایەی دایک و نە بە دڵدانەوەی باب، لە جێگا تەڕەکەی لەشی کلا نەکرد. هەر ئەودەم و ئەو کاتە بوو کە هەتاوی کچە گەورەم، لە مەزرا ڕوو بە ماڵ هاتەوە و ئەویش پەژارەیەکی تری بۆ منی باب ڕواند. ئیتر نازانم چ بوو و چیم لێ بە سەر هاتبوو کە لە قونجڕێکی ماڵەکەما ئەمهەویست بێدەنگ و کزەڵۆک وەک هەلاجێکی لۆکەشکێن، لەناو ماڵی خەیاڵمدا خەریکی پشکنین و بەرجەوەندی بووم. ئەمهەویست وەکوو زانایێکی گیانناس لە مەستی هەستی ساکار، بارێک ئاکار و ئاساری ڕاستەقینەوە وەدۆزم. هەوەڵێن سەرنجی هەتاو، هەتاوی کچەگەورەم موچوڕکی مەرگ و ڕاچەنینی پێ چێشتم. دیتم کە گوڵی سووری ڕوومەتی وەکوو گوڵێکی ژاکاو ئەیەویست لە جوانی ماڵئاوایی بخوازێت، قژەکانی بە پەڕۆیێکی ڕەش و شڕۆڵ پێچابوو. دوو پێ لەناو پاتەشڕێکی قیریندا وەکوو چەوەندەرێکی نیوە کوڵاو کەف و کۆی کوڵانی لە سەر هەڵچووبوو. گۆمیلکە فرمێسکی چاوی لە ڕووی، لەسەر گوڵی ڕوومەتی بە هەتاو گەزراوی پێئەکەنی. دیمەنی چاو و چەنە و لاجانگ، حیکایەتی لە کۆمەڵێک شیوەن و گریان ئەکرد. هەروەکوو بە گوێیدا چپابێت کە باوکی نەیدا بە پیاوێکی تەمەن داری سەر و سمێڵ سپی. ئەیدا بە نۆکەرێکی کۆڵ کێش و دەس و پێ ڕەشی بێ دیمەن، نەیدا بە زاوابەند. بێ ئەوەی بیکەن بە بووک، بێ ئەوەی هەرێمی زەماوەند و ڕمبازی و لۆغانە ببینێ. ئەبێ لە شەوێکی ڕەشا بە سیپاڵی ڕەشەوە لە قوونجڕێکی ڕەشەوە لەگەڵ دێوەزمەیێکی ڕووڕەش، ڕەشایی ژیان بە دەس بگرێت. زۆر جاریش وەها بوو کە بزەی ئەکەوتە سەر لێو و کڕێژی پەژارەی گۆڕ ئەکرد و لە دڵی خۆیدا ئەیگوت: نا نا هەرگیز هەرگیز، باوکم قەت ئەو کارە ناکات و نایکات. باوکم ڕووناکبیر و گەڕاو و خاوەن تەجرەبە، هەرچی بێت هەستی بابی و بەرجەوەندی زانایانەی ئەبنە بەرگری تاوانی ئاوا گەورە و زوڵمی وەها گیان هەڵوەشێن. ئەگەر بێتوو بابم ئەوەم لەگەڵ بکات ئیتر هەموو شت بۆ من تەواو ئەبێت و ئیتر من و پەتێک و سێپەکی مەشکەژێنەکان! یا من و تۆزێک دەرمانی مەرگەمووش یا سەکوژ!

بەڵێ بڕا گیان، ئیتر ماڵەکەمان هەروەکوو پەپووی قەدەم قودوومی نەهاتی قەدەمی تێ نابێت و پەپوو، پەکووی تێدا خوێندبێت، ببوو بە کەلاوەیەکی هەراوی خەمباری و ماتی باڵی ڕەشی بە سەرا کێشابوو. دایک و باب و کچ و کوڕ هەریەک لە قوونجڕێکا لە کۆمای خەیاڵی خەمپێو و خەیاڵ پەژارە بوون.

هەر لەو ڕۆژەوە ئیتر چەکم فڕێ داوە، لە ژیانی ناوچەی بن کێو بێزراوم، گردەنشین و بێ ڕاو، دوورە گۆشت پۆڕ و کەو و... بێ هاودەم و نەخۆش و کڕێژاویم. لە کاروانی کەڵکڕۆینی هیوا جێ ماو و لە ناوچەی چیای تاریک بەبێ چۆڵەچرا، نیوەماو، بە دارەکوتە هەروەکوو مناڵێکی تازە پێ گرتوو ئەمەوێ بڕۆم بە ڕێدا، بەڵام کام ڕێگا؟ ئەو ڕێگایەی کە هەموو ڕێبواڕێک تیا بێ سەر و شوێن و گومنێو و بۆ هەمیشە نادیاری، بەڵێ نادیاری کڵۆڵی هەرە گەورەتر و گەورەتر لە هەموو شتێک ئەبێ کوڕ و کچەکانمان، شوانە گاگەڵ و کۆڵ کێش! دوور لە زانست و زانستگا، پێ و پل قڵیشاو لەژێر پۆلە دڕوودا بێن بە دڕووی ناو کۆمەڵ.

ئەوە بوو هۆی وەڕەزی و زویریم لە چیا، ئیتر چاوەڕوانی هەنگاوی ئێوەی خوشک و برام تا کاتی دیداری برایانە و هەتا کاتی یەکتر دین خواحافیز.