مەلا کەریم و گێژاوی شێعری نوێ

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 5 دقیقه  657 مشاهده

لە خەومدا پیر و لاکەوتە و کۆڵە کوتراو نەبووم. هەڕەتم بوو، چ ڕەتم نەدەبردن. دەم و دووم لە سێ و دوو نەکەوتبوو. هەتاوی سیلە چاو و چاوەچاوم لە چاو نەچووبوو. چووەم تازە دەهاتە ڕوو، ڕوومەتم بە عازەبیانەوە لە هەموو ڕووان گرەوەی دەبردەوە. بازۆڵەم هەموو بابۆڵێکی پێ بادەدرا. هەڕەمەی هەتاوی تین و تاوم بوو. دەمتوانی وەسەر تیرەگ و کەلەبەندەنان کەوم. بەرانی کەلێن و نێری ڕەوەک دەداو بخەم. لە هۆبە و هوار و لامووچان دەبووم. لەدەم بەستێنی و قەراغ زێیان گوێم هەڵدەخست، بەیت و باوی خەست و تیتاڵ و لاتاوی تراوم دەنووسی. بێ منەتی چاویلکە و قیچ و فیچی پلکەچاوان بە ڕەش و سپیمدا دەڕوانی. هەر لە دوورەوە قول و فلم بۆ هەڵداوێران. لە زاراوەی کوردی و فارسی و عەڕەبیدا نسکۆم نەبوو. لە زمانی ئینگلیسی «گوود بای» و «بای بای» و هێندێک وردە ڕستەی تریش فێر ببووم. خەونێکی خۆش، خۆشی وا کەم هەڵدەکەوێ.

ڕاستە دەڵێن «کێو بە کێو ناگا، بەڵام ئادەمی وە ئادەمی دەکەوێ» لەو خەوەدا بوومە میوانی ماڵە مەڕدارێک، مەڕدارێکی ڕێکوپێک و زیندوو، ماڵێکی چوار کۆڵەکەی بە ماڵە سواخدراو. تاقە و دەلاقە و سەر سندووقە، کۆنەکانی لە کتێب و پەڕتووک و گۆواری کۆن و نوێ ئاخنراو. تێکەڵ و پێکەڵ و هەڵڕژاو. دڵی بەردە ڕەقیان بۆ دەبوو بە ئاو. خاوەن ماڵ ناوی مەلا وەتمان بوو. پیاوێکی مزر و بەتام و مەلابەزێن بوو. گۆوارێکی ١١٥ - ١١٦ی سروەی سەلاحەددینی بەدەستەوە بوو، جاروبار لێکی دەکردەوە و لێکی دەناوە و شەق لە عەرزی دەکوتا. هەناسێکی بە دوادا هەڵدەکێشا و فوویەکی هاشەداریشی دەکردە سەربار و ئەو شێعرەی مامۆستا هێمنی ڕەحمەتیشی زەمزەمە دەکرد:

ئەو گوڵەی باغی پێ دەڕازاوە
داخەکەم ئێستە هەڵپڕووکاوە

پاشان ملی بە لارەوە دەنا و دەیگوت: ئای مام هێمن ڕەحمەت لە گۆڕت گۆڕ هەڵتەکێنە. ئێستە ئەمانە لە جێگەی تۆ سروە دەنووسن، شاعیران دەناسێنن و لاوان ڕاستاوێژ دەکەن! هەیهوو هەیهوو! بە سەد دەرزی گاسنێکیان تێ نابێ. لێرەدابوو دەبوو وە جواب بێم. لەو کۆگایە پووشکەیەک و لەو کاسەماستە موویەک ڕاکێشم و لە ئاخ و تفی مەلا وەتمان کێش و پێوێک وەدەست بێنم. گوتم مامۆستا گیان قەڵس و قۆڵی چیت؟ لە چی تووڕەیت و چیت لە دڵ داوە؟ مەلا گوتی ئەی کاکی میوان خۆزگە بە خوت، سەدبری بایە منیش وەک تۆ نەخوێندەوار و کەڕە عەوام بوومایە و نەبامە مامە خەمە و خمم لێ نەشێوابایە! گوتم وانیە مامۆستا من کەڕە عەوام نیم، بەشی خۆم دەزانم. خوێندوومە. خێرۆکە سەوادێکی دێهاتیانەم هەیە. دەمی ورچ و گورگ دەبەستم. یاسینی گەوەرە و تەبارەکی چکۆلەم لەبەرە. چۆن بە من دەڵێی کەڕە عەوام! مەلا وەتمان باوەری بە چاووڕاوم نەبوو. دەستی کێشا و سروەی لێک کردەوە، ژمارە ١١٥ - ١١٦ لاپەڕەی چل. کاروانی شێعر. گوڵ ئەستێرەی سەر کاروانی لەبەر دەم دانام. گوتی: فەرموو کاکی میوان بۆم بەگژ ئەم ڕستە شێعرەدا بچۆ بزانم چیت لە باراندا هەیە و شاعیر لەم ڕستە شێعرەدا چی بۆ شاردووینەوە؟ ئەوەیە برام سروە نووسەکان گاڵتەمان پێدەکەن. چۆن بەخەم نەبم، چۆن بۆ مامە هێمن خۆم دەقوڕ نەگرم و چاو هەڵنەپاڵێوم؟ بە زەردەوە گوتم: مەلا وەتمان گیان من و تۆ لەم جۆرە هەڵبەستانە ناتوانین مەبەستێک وەدۆزین. زۆربەی کاروانی شێعرەکانی ئەمرۆکەی سروە، بەرەو زەوی بەڕێ ناکرێن، زۆربەیان مەلەکووتین، حاسمانین، ڕوو بە عالەمی مێتافیزکی و ئەودیوی نەدیومان دەڕوانن. خاوەنی ئەم جۆرە هەڵبەستانە، بە هەڵە هەڵناکەون. بەستان بە بێ مەبەست دانابەستن.

وەک من و تۆ لە حوجرە قوڕینەی تەڕوبڕ و قوڕنەی تارێک و تنۆکا دەرسیان وەرنەگرتووە. ئەوانە لە زانستگە و زانکۆی وەهادا ڕاهاتوون و چوختی کراون، کەرەسە و نوێن و بانیان بردۆتە سەر گەدەی مانگ و تەرازووکۆیان بە کۆما لە کۆ داون، زانست و دەسەڵاتیان گەیاندۆتە قەڵای نێپتۆن و پلۆتۆن. بە گای حاسمانی زەوی خەرمانەیان کێڵاوە و بە توور و کەلەم و گێزەر دایانچاندووە و مێکانیزەیان کردووە! «نان دەشۆرباوی شینی حاسمان دەگوشن! سەر هەڵێنە چاوەکانت بۆنی ترووسکەی شینی حاسمان دەدەن! هەر مەبەست ئەو سەرکەوتنەیە!» شاعیری نوێ دەبێ نوێبێژ بێ و دەگژ نەبێژراوان ڕۆچێ. بوورە و بەیاری ڕەقەنی وڵاتی مەلایکەتان بە تراکتۆری حاسمانی و گاسنی نووک تیژی تیشکی ڕۆژ بە شێوەرد ببڕێ و وەردی بداتەوە و بەرهەمی بەستە و پەخشان و ئازووقەی وتاریان لێ وەربگرێ! مامۆستا مەلا وەتمان! ئەمجۆرە هەڵبەستانە لاوەکین، ئاوەکین و ڕوویان لە ماڵی تۆ، یانی وڵاتی کوردان کردووە، هەر بە لاوەکیان بزانە، نە ئاوڕیان لێدەوە نە لێشیان بڕوانە!(شتر دیدی ندیدی)

مەلا وەتمان جگەرەیەکی داگیرساند. بزەیەکی تێگەڕا، گەرووی بۆ کلۆر کرد و گوتی: برام بەڕاستی باشی بۆ چووی ڕەنگە سەوادت زۆر کەم بێ بەڵام گژمێک بۆچوونی باش. باتمانێک سەوادی بێ کەوش و کڵاش دێنێ. لێکدانەوەکەت ئەوەندە ڕێکوپێک و جوان و بەجێیە بۆ ئەوە دەبێ سروە نووسەکان بنووسی: برای چاک بن، ئێمەی کوردستانی هێشتا دەستمان بە ئێوەی زەوی ڕانەگەیشتووە، بە زمانی حاسمانییەکان دەگەڵمان مەدوێن، با لە خۆمان تووڕە نەبین و سروەشمان لێ نەبێزرێ! لەو دەمەدا لەخەو ڕاپەڕیم. بەداخەوە نە وەتمان مابوو نە باتمان!