هیوای نیشتمان

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 40 دقیقه  1411 مشاهده

جادە خاکی و چاڵ و چۆڵ و بەردەڵانە، بارانی بە بڕشت و لافاوی بە هەڕەشەی بەهاری، پەتی ڕێگەکەی شکاندووە، هەموو جۆرە ماشێن زۆر بە حەستەم دەتوانێ تێپەڕ بێت. تا بەرەو چیا دەڕوات، پێچ و پووچ، وردە پردۆکەی لاڕووخاو ڕەوتی ماشێنەکە خاوتر دەکاتەوە بڕەم بڕەم دوو کاتژمێرە ڕێگە دەبڕێن. بۆ شار هێشتە نیوەڕێگە نەبوون. لە زۆر شوێنان دادەبەزین هەوای ساردی کوێستان دەمانگەزێ، داو و دەلینگ تەڕوبڕ و قوڕاوی، هەر دەڵێی ئاودێری زەوی نەدێراوین، ئاسمان لە حاستمان ترش و تاڵ و ڕووگڕژە. مژ و هور و هەڵا تێکەڵاون کەڵکەڵێنی ڕەشەباش ڕەنگە باشمان وەڕێ نەهێنێ.

ماشێنە بۆریش بێ بەندوبارە، جاروبارە مان دەگرێ. بە هەزار سەدەقە و نەزر و مەولوودی بۆ کاک مەولوودی شۆفیر هەڵدەبێتەوە. سوارە و پیادەی سیخوار، سەرەوخوار، یەک لە دووی یەک، بۆمان خوار دەبنەوە. هەر دێ و ناوچاوانی حاسمان ناحەزتر دەبێ و گێژەڵووکەی پیتەڵۆکان بەهێزتر دەکات. موسافیری ماشێنە بۆر نەترەیان لە دەس داوە. شەو بە سەرابێ، دابی ژیان تێک دەچێ و نۆبەی مەرگ دێتە گۆڕێ. کاک مەولوودی خاوەن ماشێن بە ورەیە، زۆر جاران لەو کوێسانەڕا تێپەڕیوە، پەروای نییە. بۆ چایخانەی مچەکۆڵ، هەر برۆکێکمان ماوە. کڕێوە دەسمان لێ ئەوەشێنێ. بە نیو کاتژمێری دیکە لەوێ دادەبەزین. ئەگەر هەوا هەروا بماوابێ، شەو با لەوێ وەمێنین، حیز و سڵامەت، لە پێچی جادەکەوە زەلامێک دیارە. جاروبار هەڵدەستێ و دەڕوانێ و دادەنیشێتەوە. دوور نییە خراپەکار بێ. زۆر جاران خەڵک لەوێ تووشی بەڵایان هاتوون. وێدەچێ ئەو زەلامە قەرەوڵی ڕێگرەکان بێ وێڵداشەکانی لەژێر تاشەبەرداندا خۆیان حەشار دابێ.

ماشێنە بۆر، زۆر بە شێنەیی ڕۆیە پێش. زەلام دەستی هەڵێنا و سوار بوو. زەلامە لاوێ بوو جوانخاس، بێقسە و مەند و ماقووڵ و قۆڵ هەڵکڕاو و وێچوو، وا دیار بوو زۆر لەمێژە چاوەڕوانی ماشێنە و لەو شوێنە بە بێ ڕێ و شوێن ماوەتەوە، سەرماوسۆڵ کەتنی خۆی پێ کردبوو، ڕش و شینی هەڵگێرابوو.

شەوگوردی لەشی هاڵۆزاندبوو، لاو لە غەریبە دەچوو. هەر دەتگوت لەو وڵاتە نەبینراوە. لە ڕۆڵەیەکی بەڕەنگ و ڕوو دەچوو چ نەجیب زادان ڕۆڵەی لەوە بە ڕەنگ و ڕووتریان نەدیوە، خوڵا بە دای و بابی خۆی بێڵێ بە ڕاستی مەتولفەیەکی بێ وێنەیە. لەسەر ڕوومەتی چەپی دیاردەیەک هەیە هەر دەڵێی نەزەرگەی شێخە سووری کڕێوەیە، یا خوا خوای هەزار شێخە سووران، بیپارێزێ. حاسمان دەیەوێ دەستێک لە زەوی بوەشێنی. هەور و هەڵایان لەخۆ وەکۆ دەکا. بەفر و باکوت، کوتە کوت، پەنجەران دەکوتێ و دەیاننەخشێنێ. پێش چاوی مەولوودی شۆفیر تاریک دەکا و دەیەوێ وەیشوومەیەک وەڕازێنێ. دڵتەنگی و بێدەنگی موسافیرەکان شۆفیری هێنایە قسە و دڵدانەوان.

برام مەترسن بۆ چایخانەی مچەکۆڵ هەر پێچ و خۆبادانێکمان ماوە. لەوێ پشوو دەدەین. ئەگەر هەوا هەر ئاوا بێ، ئەوشۆ بۆی تەخت دەبین هەی لە براو نەکەوی. چایخانەی مچەکۆڵ جاروبار دەکەوێتە بەر چاو، لە پڕ ون دەبێتەوە. کڕێوە چاڵە و چۆڵی جادەکەی دارماڵ کردووە. ماشێنە بۆر نەخۆشی دەروونی بڕستی لێ بڕیوە. زۆر بە کاوەخۆ بەڕێوە دەڕوا بەڵام بۆ پشووی نەجات و سانەوە هەر چاولێکنانێکی ماوە، قاوەخانەی مچەکۆڵ پەسیوێکی کەم نییە.

لەو بن کێوانە وەک خێری خوڵایە. ماشێنە بۆر لە شێنەیی کەوت، ڕۆچوون و ڕاچون لە کاری خست، کووژاوە و بە ئاژاوەی ئەسپاردین بە هەزار پاڵەوپەستە و پاڵپێوەنان مووی لێ نەبزووت.

ئیتر بەرەو چایخانە بوو بە کێبڕکێ و کەس لە کەس، هەی لەوەی زووتر بگاتە چایخانەی مام مستەفا و سەرما تووشی ئازاری نەکات. شۆفیر بەو ڕوداوە لە ڕوو چووە کەسی بە دەورەوە نەماوە.

ئەو لاوە غەریبە نەبێ دەروجیران و دۆستی نانی هەموو ڕۆییشتن، شۆفیر دڵتەنگە، بەلای لووتی دەڵێ: کوڕە ناوت چییە؟

عەزیز بۆ نەڕۆییشتوی؟

- لەبەر تۆ؟

جا تۆ چیت لە دەس دێ. لانیکەم هاودەنگتم، دەتوانم لێرە لای ماشێنەکە وەمێنم تا ئێوە چاڕێک دەکەن. عەزیز گیان چاری چی؟ نازانی ئێرە چ شوێنێکە، ساڵی چەن لاوچاکی وەکوو تۆ و بێچارەی وەک من دەکاتە قوربانی وەژێر هەرەسیان دەخات. بەڵام بۆ خوا شوکور جێگەکەمان باشە. هەرەسگر نییە.

عەزیز: ئەی کەوا بوو بۆچی خۆت تێخست و تووشی ئەو ڕووشە هاتی.

شۆفیر: کاری خوا هەر وان، من و تۆ سەری تێ بڕ ناکەین. کە من نەدەهاتم تۆ چیت بە سەر دەهات، بۆ ئەوە تۆ ماوەیەکی تریش عەمر بکەیت. دەبوو هەر بێم، دەنا ئەوڕۆ ڕێگەی هاتن نەبوو.

عەزیز: دەی برام، فەرموو وەرە پشت فەرمان بە تەما خوڵای. کلیلێکی تری تێخە بەڵکوو هەڵبێ و ڕێ کەوین.

شۆفیر: نە برام زۆرم لێداوە فایدەی نییە ڕەنگە جێگەیەکم سووتاند بێ.

عەزیز: ئیجازەم دە با منیش دەستێکی تێوەردەم.

شۆفیر: نە برام لێم ڕوونە لەوەندەشی دەکەی. هەر لێی گەڕێ بزانین چیمان بەسەر دێ.

عەزیز: برام تکات لێدەکەم ئیزنم بدە با چاوێکی لێکەم و دەستێکی تێوەردەم.

شۆفیر: دەی برام فەرموو بزانم چی لێدەزانی. وا بزانم هیچ؟

عەزیز بە ناوی خوا و ڕەسووڵانەوە هەستا و ناودڵی ماشێنی موو بە موو تاقی کردەوە. زۆر سیم و میمی پساند و بە شوێنی ترەوە گرێی دانەوە. ڕۆیشتە سەر فەرمان کلیلی تێخست و ماشێن هەڵبوو. لە چاڵ هاتە دەرێ ڕاستەوڕێ وەڕێ کەوت.

شۆفیر بزەیەکی شیرینی هاتە لێوان و لێوی عەزێزی ماچ کردن. عەزیز گیان ئەتۆ فریشتەی نەجاتی منی. خدری دەمی لێ قەومانی موسوڵمانانی، هەتا هەم لە بیرم ناچێ بەڕاستی جێگای هومێدی داماوانی.

عەزیز: نە برام بەڕاستی تۆ خاڵی نەجاتی منی، تۆ نەبای من هەر لەبەر بادا دەمامەوە، خوا دەزانێ چیم بەسەر دەهات.

شۆفیر بزەی لە سمێڵان دێ. ماشێن دەنگی لەسەر خۆیە چۆنی دەنگ دەی هەروا دەڕوا. ڕەشەبا هەر دێ و هەڕەشەی بە هێز دەبێ بەڵام چایخانە نیزیکە دەبێ ئەمن و تۆ وەمێنین تا بەیانیش خوا خێرەومەندە. ماشێنە بۆر لە دەرکی چایخانە سەفەر بە خێری ڕاگەیاند و مچەکۆڵ بە سەری ڕووتی دەرپەڕی شۆفیری لە باوەش گرت. خوا شوکور زوو هاتی دەنا هەر ئێستا بە نانی چەور و چای گەرمەوە دەگەیشتمێ.

سێ بە سێ هەرسێک وەژوور کەوتن. «شەنگە» نزیلەکەی هەڵبڕی. تێکڕا گوتیان مەولوودەسوور چۆن هاتی زۆرمان خەم بووی هەر ئێستا دەمانەویست سۆراغت بگرین. تۆمان دەهێنا بەڵام دەستمان لە ماشێنەبۆر شتبوو.

شۆفیر بە ڤینگەیەکەوە کوتی: دەستو خۆش، باشو بەجێهێشتم هەزار دۆست و هاوسێ غەریبەیەکی هاوکار ناهێنێ. مچە چای بێنە لە بەخێرهاتنی وشک و برینگ گەڕێ. زۆربەی دانیشتووانی چایخانە یەکدەنگ هاواریان کرد شەنگە شەنگە گیان، نەزیلەی ئەو ڕووداوەمان بۆ تەواو کە، تا بزانین ئەو بنەماڵە چییان بەسەر هات و کێیان ماوە.

شەنگە پیاوێکی بە دەمودوو بوو. بۆ قسان دانەدەما. نەقڵەکەی لە تەواوبوون بوو بەڵام لاوی غەریب لەوسەریڕا دەهاتەوە. نەقڵ و نزیلەی شەنگە لە بارەی وێرانی بنەماڵەی خۆیانەوە بوو. بەڵام پێشی خۆش بوو شەنگە لەسەری بڕوا و بیر و بڕوای کۆمەڵیشی بێتە دەست. شەنگە دووبارە دەستان لە ئەژنوێ خۆ دەدا و فرمێسکان دەڕێژێ دەڵێ: حەیف پیاوی پیاو تەمەنی کەمە و زۆر زوو بە نامرادی سەر دەنێتەوە و جیهان بۆ دارووغە و دز و نامرادان دەبێتە ماستی مەییو، هەرچی بیانهەوێ بە ڕاشکاوی دەیکەن و دەیبێژن.

شەنگە تا ئێرە هاتووە دەڵێ: ئافەرین شێرەژن، ژنی بە غیرەت و شەڕەف، ئەو شێرەژنە یەک کاتژمێر شەڕی کرد. باشچاوەش تێدا چوو. کوژرا. پۆلیسەکان ماڵیان ئاگر دا. یای زین هاتە حەسار، تەقەی کرد پۆلیسێک کوژرا و یەک بریندارە.

یای زین فیشەکی پێ نەماوە. ئاور و چەقەدووکەڵ سەنگی دەخاتە سەر. دەیەوێ ڕاکا بەڵام شوغڵەمەی تفەنگەکان مۆڵەتی نادەن و شەهید دەکرێ. مامەخانی مێردی دوو ڕۆژ بوو دەسگیر کرابوو ئەگەر یای زینی خێزانی ئەو کوشتارەی لە میری نەکردبا هیوا هەبوو مامەخان ڕزگار کرێت.

میری لەو بنەماڵە ترسی هەر هەبوو. دژایەتی میری بۆ ئەو بنەماڵە تازە نییە. باوکی مامەخان و باپیریشی هەر لە بەندیخانەدا مردوون و شەهیدکراون. نوور بە گۆڕەکەیاندا ببارێ.

ڕەنگە حوکمەت ئەمجا وەحەسێ لە هەرێمدا بنەماڵەی مامەخان بنەبڕاو بوون. بەڵێ هەر تاقەکوڕێکی بوو مامەخان لەگەڵ کچێک. کاتی ڕووداوەکە لە قووتابخانە دەبن.

پۆلیس دەیەوێ دەسگیریان بکا. بەڵام لە پەنجەرەیەکەوە ڕادەکەن بەرەو بێشەی ڕووبارەکە، ئیتر ڕۆشەن نییە چیان بەسەر هاتووە. دەلێن هەردووکیان خۆیان تەسلیمی شپۆلی ئەو ڕووبارە کردووە. ڕەنگە ئەوەش ڕاست نەبێ بەڵکوو دەمگوی شوێنەونکە بێ.

حوکوومەت لای وایە ئەو کوڕە ماوە. پارەیەکی زۆر و بۆری تەرخان کردووە بۆ ئەو دێڵەپیاوەی ئەو کوڕەی نیشان دات. هەزار لیرەی زەرد و سوور. وێنەشی داوە بە دێڵەپیاوەکانی نانی نانی. من وێنەکەم دیوە. خاڵێکی ڕەشی لەسەر لاڕوومەتی چەپی بۆتە نەخش و نەزەرگە.

هەموو کەس بەو وێنەیە دەیناسێتەوە. ڕەنگە من هەر بۆ ئەو کوڕی نەناڵێم. زۆر لاوی تریش دەگرێتەوە، لەو هەرێمەدا ڕووبەخاڵ زۆر و زەبەندەن. بۆ حوکوومات فەڕقی چییە. هەرچی سمێڵ سوور بێ هەمزاغایە.

فەقێ عەزیز بە قسەکانی شەنگە لە دوودڵی هاتەدەرێ، بڕیاری دا لە وڵاتی گەرمێن نەبێ و بەرەو ئێران وەڕێ کەوێ. بەڵام کێ دەناسێ لەوێ دەبێ کامە ئیش هەڵبژێرێ، چۆن ژیان بەڕێوەبەرێ. بۆی یەکلا نابێتەوە. دەڵێ چ نییە. ئاوماڵکە ئاخری لافاو بە لایەکیدا لایدەدات. هات و نەهات بەدەس خوایە. پاش تەنگانان فەرعانەیە. شەنگە ڕووداوەکە دوولا و سێلا دەکاتەوە و دەڵێ ڕەنگە خۆبەئاودادان درۆبێ لە بێشەکان خۆیان لە پۆلیس ون کردووە شەو بۆی دەرباز بوون.

تەنانەت دەڵێن شووانی مام سڵێمان لە تەختەهەواری جافەکان دیوە هەر بۆیەش میری لە تاقیبی دایە و بە ڕبان زێڕان هەڵدەڕێژێ بۆ ئەو کەسەی بیناسێنێ. بێچارە فەقێ عەزیز بۆنی شیری خاوی لە دەم دێ. ڕەنگە چ لە چی نەزانێ زۆر زوو لە داو کەوێ. ئەگەر خێرخوایەک بیناسێ خێری دەگا بڵێ لەو وڵاتە نەمێنێ بەڵکوو وەبەر دەستی ئەو نەحلەتییانە نەکەوێ. هەموو زار و دەمێک بوونە تەڵەی تەقیو. چایخانە بێ متەق و دەمەتەقەیە. شەنگە دەڵێی داستانی ڕۆستەمی مازەندەران دەڵێ. خەڵک کڕ و مات تێی ڕاماوە. فەقێ عەزیز بە نەزیلەی شەنگە کەش تەنگە، ئاگری لێ هەڵکراوە. ڕینگی لە ڕووان پەڕیوە نایەوێ خەڵک ڕوومەتی باش وەبەر چاوان بێنێ. ماندووە. دڵ کورکە. فرمێسک هوروژمی بۆ دێنن دەیانەوێ بڕژێنە خوار و ڕاستی هەمووشتی لێ بڵێن. هاکا بابایەک کوتی ئەو لاوە غەریبە خاڵ لە ڕووە هەوە باشتر ئەوەیە، بەبۆنەی شڵەژاوی ڕێگەوە پەنا بۆ جێگە بەرێ. لەسەر ڕوومەتی چەپی سەر بکاتەوە و لە بەڵای خاڵداری خۆ بپارێزێ بەڵام کوا خەو، کێهە پشوودان! بۆ فەقێ بە جێگەی خەو، خەیاڵ و خەون و هاتەران پاتەران، بێماڵی، بێ هەواڵی، بێ سەرەدەرییە. فەقێ درێژ بوو. ماندوویی کردە بیانوو.

خەم و خەیاڵ کردی بە تەڵاشی ناو گێژاوی دەم خوڕێنان. جارێک بن ئاو دەبێ و دەمێ وەدەر دەکەوێ. دەمێ لەنگەر دەگرێ و پشوو دەدا و لە کەشتی نەجات دەڕوانێ. خەڵکی ناو چایخانەکە هەموو ڕاکشاون بەڵام هێشتا باسی بنەماڵەی مامەخان تەواو نەبووە.

بە خەمەوە دەڵێن مامەخان بەندییەوە و یای زین شەهید کراوە، ئازیزەی کچی بووە بە قوربانی ڕووبار، کوڕە مێرمناڵەکەشی بێسەروشوێنە. ڕەنگە ئەویش نەمابێ. ئەگەر ماشبێ چی؟ دەبێ بە شەوان و گاوانی بژی. شەنگە زۆر قسان هەڵدەداتێ دەڵێ: کوڕە وامەڵێ خوا بکا مابێ. بەرخی نێر هەر لە بن سەوەدا نابێ. هەر بمێنێ بێ ڕێوشوێن ناهی ئەوانە حاسڵزادەن یەک بە سەد و دە بە هەزارن.

بۆ هەڵدانەوە چرووزەیەک بەسە. پاش پاییز بەهارە و بە دووی تەنگانەوە فەرحانەیە. هەرمابێ خەڵک یارمەتی دەدا، دەیشارنەوە لە پۆلیس و چەقەڵ و گورگان دەیپارێزن. بە مەزەبم سوێند خەڵک ئەو لاوەیان خۆش دەوێ. میری سەدان نووسراو و بڕیارنامەی لە چایخانە و کووچەی بەرچاو بوون لەمەڕ دەسگیری فەقێوە، دەیان مەقام و پلەی تەرخان کردبوو. بۆ بەیانی تاقێک لەو بڕیارانە بە ساخی نەمابوون هەموو شڕ و دڕ و پەتوور پەتوور لە خمخۆرک و گەناوان خرابوون.

ئەوە نیشانەی خۆشەویستی ئەو بنەماڵەیە، ڕاستە فەقێ منداڵە بۆ خەڵک نەناسراوە بەڵام گووتوویانە «بێچووە قاز هەر لە هێلکە هاتە دەرێ مەلەوانە)، خەڵک لە میری تووڕەیە، لە بیانوو دەگەڕێن هەر بزانن ئەو کوڕی لە کوێیە پێیەوە هەڵدەستن دەبێتە قرەمانی نێو قارەمانان. فەقێ گوێێ داوەتە قسان، لە دڵی خۆیدا داوان دەپسێنێ و بەندان دەشکێنێ و بەندییان دێنێتە دەر و هەژاران ڕزگار دەکا و هەتیوان دەلاوێنێتەوە. دایکی شەهید بووە و باوکی بەندییە، قەیدی نییە. بەرخی نێر بۆ سەربڕینە، بەندیخانە لای پیاوی ماقووڵ مەتەرێزی بەشەڕەفانە. بەڵام ئازیزەی خوشکم بێ نەخش و نیشان ڕۆیشت. بوو بە قوربانی ڕووبارێکی ڕووداوی کوتوپڕ و ناکاو.

فەقێ خوشکی بۆ تاوێکیش لەبەر چاو گوم نابێ. هەر دەڵێی چاوی لێیەتی کە جارێک شەپوول قووتی دەدا و تفی دەکاتەوە، سەروبنی دەکات و جلوبەرگی هەڵدەداتەوە. قژە درێژەکانی لەو پشتبنی لکە دەسماڵی بەگێژ و پەرچانەوە دەهاڵێ. هاوار دەکا دەڵێ: فەقێ، فەقێ گیان فریام کەوە خنکام ئەی برا بۆ کەنگێ؟ بۆ کەی؟ بۆ کەی؟

فەقێ بەو خەیاڵە ئاڵاوە، بەڕواڵەت لەسەر ڕوو خەوتووە بەڵام چ خەو؟

مچەی قاوەچی چاوێکی لێ ناترووکێنێ، داستانی فەقێی بێ مامۆستا، موتاڵا کردووە قاوەچی بەئەزموونە. چایخانەی بن کێو دز و درۆزن، هەڵاتوو و گرتوو، خاس و خراو، پیر و لاو، دەسکەرەوە و بێدەس ڕووی تێ دەکا. تا ئێرە قاوەچی تێوە نەچووە. لە چ ڕووداوان ڕووی هەڵنەماڵیوە. باوەشی بۆ چ پەنادەرێک نەکردۆتەوە. بەڵام ئەوشۆ دەیەوێ لەو غەریبە وریا بی.

پێی خۆشە دوای کەوێ، هەڵی پشکنێ، بەڵکوو فەقێ عەزیز بێ. ئەگەر هەو بێ یارمەتی بدات لەگەڵی هەستێ، دەستی بگرێ، گرێکوێرەکانی بۆ بترازێنێ. قاوەچی دەیەوێ چاوی بە خەو بسپێرێ پێروو هەڵاتن هەستێ و چایی دەم کات. بەڵێ ڕادەکشێ بەڵام هێشتا خەیاڵ دەستی لێ نەکێشاوەتەوە، لەسەر ئەو لاوە غەریبە چەتری خۆی هەڵداوە، کەوتۆتە هەزارە و دەڵێی هەزار کێوە خەمی بەسەردا ڕووخاوە. شەنگە قەلیان بە دووی قەلیاندا بادەدا و فتیان دەکا و ئاخان هەڵدەکێشێ. خەمان بە خەمان ڕەش دەکاتەوە. لە داخی زاڵم و زۆردار وزەبەلاحان چاوان دەگڵۆفێ و سمێڵان دەکرۆژێ، لەپڕ کوتی: چووزانم.

هێندێ کەس دەڵێن عەزیز و ئازیزە هەردووکیان ماون، خۆیان لە چۆم و گۆمان نەهاویشتووە، کوڕە پیاو چووزانێ چۆنە و دەبێ چ بکات؟ بە قسەی کێ بڕوای هەبێ و باوەڕ بکات. سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە مینووبووسێکدا گوێم لە سرتەی لاوێک و پیرەپیاوێکی بوو باسی عەزیز و ئازیزەیان بوو. باسەکە خۆماڵی و کەسانە بوو نەمتوانی خۆی تێوەردەم. بەڵام تێگەییم کە دەیانگوت خوا شوکور هەرکیان ماون. یەکێک لە ڕاکشاوەکان هەستا سەر قوون بە مۆنەوە مۆڕەیەکی لە شەنگە کرد بە ئیشاڕە وتی: وس، وس.

ڕەنگە بۆ وەدەسهێنانی لیرە سوورەکانی حوکوومەت وا هیندەی لەسەر دەڕۆی. دەزانی وەک سیخوڕێک دەخوڕی و فرمێسکی تیمساح دەڕژێنی لەسەر ئەو قسانە ڕەنگە هەر دوو شەوی دیکە شەو و ڕۆژان تەماشاکەی.

دەچییە پاڵ گۆڕبەگۆڕەکەی گۆرین. ئەو باشچاوەشەی مامەخان تۆپاندی، ئەو باسە بەس کە ئەگینا بە گۆڕی یای زینی شەهید، زمانت لە پشتی سەرەوە دەردەخەن. شەنگە فرمێسکێکی گەرمی هەڵوەراند. دەم و لووتی هەستڕی و کڕ بوو. کەڕەی بۆ کردووە و خۆی ڕاکێشا و چی تری لەسەر نەڕۆیشت. فەقێ عەزیز دوومانگ و حەڤدە ڕۆژە بە ڕۆژ و شەو شەوارەی کردووە. لای نەداوە، لای شوان و گاوان کوێرکە مووچان نیوە وچانێکی ئەگەر بۆ درابێ یا نەدرابێ، هەوەڵ شەویەتی کەوا لەنێو ئاپۆڕەی خەڵکدا پشوو دەدات. چاییخانەی مام مچە بۆ ئەو بوو بە چاک و پیر و پیرۆزی. هەواڵی خۆشی بیست. وادیارە ئازیزەی خوشکی زیندوو بێ.

فەقێ عەزیز بەڕواڵەت خەوی لێکەوتووە بەڵام هەموو ئەندامی بۆتە گوێ و وتەکانی مام شەنگە زۆربەیان مزگێنی گەورە بوون. وادیارە ئازیزەی خۆشەویستم لە چۆم نەکەوتووە، بەڵام ڕۆشن نییە لە کوێیە، خوا بکا هەر مابێ. خەمم نییە. ڕۆژێک دەبێ جێگای بزانرێت. وادیارە باوکیشم ڕەنگە بەندی نەبێ. حەیف شەنگەیان لەخۆڕایی دەمکوت کرد ڕەنگە پیاوی باش بێ و وسکوت نەکرابا زۆر شتی تری دەگوت. ناکرێ من هیچی لێ پرسیار بکەم دەمناسێ، ئەو خاڵە لە من بۆتە بەڵا، ڕۆژێک ڕەنگە تووشی داو و تەڵەم بکات. وا باشە هەر بەیانی زوو لێرە بڕۆم. ئێرە قەرەباڵخە، ناکرێ وەمێنم. میری شوێنم هەڵگرێ دەرناچم. چیم بە دەستەوە نییە دەنا ترسم لە میری کەمتر دەبوو، چەکە شڕەیەکیشم بایە هەر چابوو.

تەنانەت گیرفانیشم دەیەوێ خاڵی بێ ڕەنگە دوا حیسابی مانەوەی ئەوشۆم دراوێکم پێ بمێنێ. ئەوجار هەر دەبێ بەپێیان بڕۆم پارەی ماشێن سواریم نامێنێ.

ئایش کەی لام وابوو من ڕۆژێک دەبینم بێ پارە بم. ئاوا غەریب و یاساخ، بێ هاوڕێ، بێ سەرەدەر و بێ باب و برا. داماوی قوون تەندوور و وڵاتی دوور بم. بە بەشی خوا شوکور خۆم داوەتە دەس خوا، بزانین چ دەبێ؟ چیمان بەسەر دێنێ؟

چایخانە دەر دەڵێی لانەی خەم و پەژارەیە. هەموو کەس بێدەنگە. قوڕوقەپی بازاڕی تووندە. شەوی ڕەش تێپەڕیوە، سوارەی بەرەبەیان دەیوێ دابەزێ و سەدان بەزمی تازەتر بتازێنێ. کڕێوە و باکوت کوتکی خۆی وەشاندووە و چاوی پەنجێرە و دەلاقەکانی بەستوون. ناو هۆدەی چایخانە بێدەنگ و سەدایە. هەر سرتەیەک دەبیسترێ ئەویش هی سەماوەرە زلەی مچەکۆڵە.

فەقێ عەزیز سەرەڕای ماندوویی بێ سەرەدەری خەو و خەنووچکە هەرگیز نەبوون بە میوانی، دڵی لە خەم کڵاوڕێژە، خەیاڵی پەرت و بڵاوە. لێکدانەوە و بیروبۆچوونی چی بە چی نەکردووە. لە ڕۆژ دەترسێ. پێی خۆشە هەر شەو بێ. ئەو خاڵەی ڕوومەتی بۆ ئەو بۆتە نەگبەتی. نەزیلەی مام شەنگە بە هەموو کەس نیشانی داوم. حاشام پێ ناکرێ. ناشێرێمەوە، وادیارە میری بەدوومەوە. هەرچی زووترە دەبێ بڕۆم سنوور ببڕم وڵاتی خۆم نیشتیمانی باووباپیرانم دەبێ بەجێ بێڵم. خوا بکا هەوا خۆش بێ. خوا بکا هەوا خۆش بێ، نەبارێ، چ نەبێ لاڕێ دەڕۆم کێواوکێو دەبمە میوانی شوان و سەپان و وەرزێڕان.

تا کەس وەخەبەر نییە و وڵات بێسەر و سەودایە با چایخانە بەجێ بێڵم. لە ترسی خاڵ لە شوێنی قەرەباڵغ نەمێنمەوە. نزیلەی شەنگە هەموو ئامۆژگاری بوو بۆ من. ناکرێ خۆی لێ گێژ کەم.

بەڵام بۆ کوێ؟ بۆ لای کێ؟ بەرەو کێهە هەرێم و کامە وڵات...

چ نەبێ خۆ لە پۆلیس و سیخوڕ و قاچاخچی ڕوومەتی بەخاڵ خەڵاسیم دێ. لە ڕووم دێ، دێ بە دێ ڕوو نیشان دەم. پشوویەک بدەم. ئیشێک کارێک وەدۆزم. ماوەیەک خۆمی پێوە سەرگەرم کەم. فەقێ عەزیز زۆر بە ئەسپایی دەرکی حەوشەی کردەوە، ڕۆیەدەر چاوێکی بەرەو حاسمان هەڵبڕی، حاسمان ساماڵ و سیقاڵ دراوە. لە چڵکەی هەور و ڕەشەبا شۆراوەتەوە. پەل و پۆی دارودەوەنان باریان قورسە و بەفر لووتی پێ نەوی کردوون. دەمولێوی کێوە سەربەرزەکان بە زەردەی هەتاوەوە خۆ دەنوێن.

دەستی ڕاست تورکیایە. ئەگەر دەسکێش و باڵتۆ و کورتەک و کووڵەباڵ و کلێتەم هەبا و یارۆیەکی ناسیاو و لێزان هەر ئەوڕۆکە ئاوای ئەودیو دەبووم.

مچەقاوەچی شەو زۆر بە کەمی خەوتووە، بیر و خەیاڵی لەسەر ئەو لاوە وەلا نەکەوتووە. نەقڵ و حیکایەتی شەنگە بۆی لە بنی کولەکەی داوە، ئەو لاوە غەریبە ناوی عەزیزە هەر دەبێ هەمان فەقێ عەزیزی داستانەکەی شەنگە بێت. هەی بێچارە چەن ساویلکە و بێ ئەزموونە تەنانەت ناوی خۆشی نەگۆڕیوە، ڕەنگە حاشاش بکات. بەڵام دەزانم بە زاراوەی شارباژێڕی دەدوێ. زۆر لەمێژە حاجی مامەخانی شارباژێڕی ناوی هەیە. بەقسەی شەنگەی زۆربڵێش ڕووداو ڕوو دەکاتە هەرێمی شارباژێڕ. مچەکۆڵی چایچی دوو قامکی دەستی چەپی بڕاوەتەوە ئەویش قەدیم دایک و بابی شارباژێڕی بوون. لە شەڕێکی خۆبەخۆییدا بە باوەشی دایکییەوە گوللەی وەدەستی کەوتووە. خۆی بە بیری نایە بەڵام ئەوەندە دەزانێ باوکی لەدەس ئاژاوەی ناوخۆ و دژایەتی هەرێمی پەڕیوەی ئەو وڵاتە بووە. لەو بن کێوەدا کەپرووکەیەکی پێکەوە ناوە کردوویە بە چایخانە و خانە و لانەی لێ سازکردووە. چایچی کچێک و کوڕێکی هەیە بە ناوی ئازاد و ئارەزوو. خێزانی لە تیرەی هەمەوەندانە و خەڵکی گەرمیانی خواروون. ئەو ژنە ناوی نازخانمە و بەڕاستی خانمیشە لە باشیدا تاریف ناکرێ. لە دوکتوریدا سەری باش دەردەچێ. بەو هۆیەوە لە زۆربەی هەرێمەکەدا و ودم و فەڕ و دەست و مەحەک ناسراوە.

شەل و شکاو، بریندار و مارانگاز زۆری پێوەندی پێوە دەکەن و پەنای بۆ دەبەن. هۆدەیەکی تایبەتی نەخۆش و سەرئێشانی هەیە. لەو بنار و دوورەشارەدا نیوەحەکیمێکی تەواوە. سفرە و نان و خوانی زیاتر خاتری خودایە. ئەگەر حەقی دەوا و دەرمانیش وەرگرێ ڕەنگە خەرجەکەی بۆ پڕ نەکاتەوە.

مچەقاوەچی لە چوونە دەری فەقێ ئاگادار بوو. ویستی پاش گەڕانەوەی سرکێکی لەگەڵ بکات. ئەگەر موویەکی بۆ لەو ماستە ڕاکێشرا بڕیاری یارمەتی باشی دەداتێ. ئەگەر متمانەی پێ نەکا وەباڵی خۆی بە ئەستۆی خۆی. فەقێ زۆری پێ چوو نەگەڕاوە. قاوەچی کەوتە دڵەکوتە. کوتی: لێرە و لەوێ هەڵنەپڕژێ و ئێمەش تووشی سەدان دەردیسەری ببین. قاوەچی وەدووی دەکەوێ. عەزیز لە حەساری قاوەخانەیە. هەر لێرە و لەوێ هەڵدەڕوانێ. ڕەنگی بەڕوانەوە نەماوە. دەڵێی خێو خوویان لێ کردووە.

چایچی: سڵاو، ڕۆژباش

عەزیز: چووکەتم، ژیان باش گەورەم.

چایچی: کوڕم بەو سەرمایەی لە چی دەڕوانی؟

عەزیز: هەر ڕوانینم پێ ماوە ئەویش بۆ ماوەیەکی کەم.

قاوەچی: دەی فەرموو نیازت چییە.

عەزیز: نیازم نازی لێ ونە و لەو دەڕوانم.

قاوەچی: کوڕم بەچاوە نەبی لاوێکی زرینگی.

عەزیز: بەڵێ گەورەم هەر زرینگی لاوان دەخاتە دینگی کڵۆڵییەوە.

قاوەچی: کوڕم بۆچی وا ناهومێدی؟ خۆ کوڕی کورد ناهومێدی ناناسێ

عەزیز: بەڵێ گەورەم، گەر بزانی چۆن لە دوژمنی ڕاسێ.

قاوەچی: کوڕم بێ خەم بە، پاش ڕەشەشەو تاوهەڵاتە.

عەزیز: بەڵێ ئاغام کە لە شەودا، شەوە نەتباتەوە.

قاوەچی: فەرموو بۆ حەساری ژوورێ نە چایخانە.

عەزیز: نا گەورەم نامەوێ تووشی ژانەسەر بکەم.

قاوەچی: کوڕم، تماشاکە سەرم هەر بە ژانەسەران بۆتە تاسی حەمامی.

عەزیز: دەمەوێ بڵێم لەو زنزیکانە کامە شار و دێ نزیکترن.

قاوەچی: کوڕم بۆ ئەو پرسیارە هێشتا زۆر زووە فەروو بۆ ژوورێ.

عەزیز: نا گەورەم نامەوێ سەربار بم.

قاوەچی: فەرموو دەستاوی خۆمە منیش سەرباری خەڵک زۆر بووم.

عەزیز گوێی لە دەنگی دایکی بوو، داخورپا، پڕ بە حەسارەکە قیژاندی. دایە، دایە، دایە تۆ بۆ لێرەی. بۆ بۆ تۆ ماوی شەهدی نەبووی. بەدەم ئەو خورپە و زیڕەوە فەقێ کەوتە زەوی، بەو سەرمایە ئارەقە لەسەر خاڵە جوانەکەی لاجانگی کەوتە سەما، لێوەکانی سپی بوونەوە. دەنگی دڵی بە گوێی سووک نەبێ نەدەبیسرا.

قاوەچی بێ مەترسی دەرکی حەساری ژوورەکەی کردەوە عەزیزی بە بێحاڵی ڕاکێشا و بە خێزانی کوت ئەتۆ قسەی لەگەڵ مەکە. لێی گەڕێ تا دێتەوە سەرحاڵ، ئارەزوو بە دەمییەوە بێ. خۆشم دەچمە چایخانە. کارەکانی دەدەمەوە دەس دۆستێک. ئەو لاوە لێرە دەمێنێتەوە.

موسافیر نییە، تەرەکەمە و ساویلکەیە دەبێ ئامۆژگاری بکەین. نازانم چی بوو هەر کە تۆ دەنگت هات گەشکە بوو هاواری کرد. دایە، دایە تۆ بۆ لێرەی شەهید نەبووی! ئیتر پێ ڕاهات. خوا بکا تووشی، تووشی خورپە نەبووبێ. ئەوی دی مەسەلەیەک نییە.

قاوەچی ڕۆیشتەوە قاوەخانە میوان هەموو هەستاون ماتڵی نان و چایین. هەموو لە فەقێ عەزیزیان پرسی. گوتیان: چی لێهات؟ لە کوێیە؟

قاوەچی دەڵێ: لاوێکی شەرمێونە دوور لە ڕووتان کاری حەمامی هەبوو. منیش هەر لەسەر پووڵی خۆمم. حەمامم بۆ گەرم کردووە خەریکی خۆشتنە. زۆربەیان گوتیان: پووڵ و خەرجی ئەو لاوە بە گەردنی ئێمەیە. بەڕاستی پیاوێکی مەند و ڕەند و ماقووڵ و قسەزانە. خۆزگە بمانزانیبا کوڕی کێیە. قاوەچی زەرەدەیەکی دزێوی هاویتە لێوان گوتی: چووکەتان کوڕی منە، عەسکەری ڕاکردووە. مەولوودەسووری شۆفیر گوتی: ئەی بۆ ئەوشۆ خۆت نەکرد بە ساحەبی لە چایخانە نوواندت. قاوەچی هەر ویستم شتەکە لە ئێوە گوم بێت و ڕووداوەکە نەزانن. بەڵام بۆ ڕوون بوو کە مەسەلەکە گەورەتر لەوەیە بە تۆپەقوڕ وەشارین. لە مەعەسکەری ئەسحاپەسپی لە ناو خۆدا تەقەولێکدانێک بووە کوژاو و زامدار زۆرن. تیرەی یەزیدییەکان بۆ کەیخودایی خۆیان تێوەرداوە. لەلایەن میرییەوە تاوانبار کراون، زۆریان گیراون و عەسکەرە کوردەکان چی لەوێدا بوون ڕایانکردووە. ئەو نۆکەرەی ئێوەش لە ڕاکردووانە. ناوی خۆی ناوە عەزیز بۆ ئەوەی ناوی ڕاکردوویەک نەناسرێ.

کاکەشەنگە: بەڵێ کاک مستەفا، ئەوە دوو حەفتەیە ئەو هەواڵە هەیە شەو ویستم ئەو دەنگۆیە و بڕێک ڕووداوی تریشتان بۆ وەگێڕم بەڵام مام قادر «قالەباوەجانی» بێهۆ دەمکوتی کرد.

هەر خۆی بەنامووس دەزانێ، خەڵکی تری پێ بەڵمەبرینجەیە. کوڕە باوەجانی مەگەر بەزاکوون بن. خەڵک بە بەرەی باوەجانییەکانەوە فێری ترسەنۆکی بوون.

قاوەچی: کاک شەنگە ببورە وەختی دمەتەقە نییە نەیناسیوی دەنا تۆ پەرێزت بێ داڵدە و دڕوو و داڵە. من کارم زۆر بە تۆیە دەبێ لە مانگی داهاتوودا سەرێکم لێ هەڵێنییەوە حاڵی بووی تێدەگەی دەڵێم چی!؟

بەڵێ ئەگەر خوا ئیزنی لەسەر بێ پاش گەڕانەوەم لە زیارەتی ماڵی خوا ئەگەر بۆم نەکرا تۆ سەرێکم لێ هەڵێنە بەتەمای دیدار. بەتەمای خوا، خواحافیز. خوتان لەگەڵ.

نازخانم خێزانی مام مستەفا:

نازخانم خانمێکی وێچووە لە هەموو شت حاڵی و بەتەجرەبە و ئەزموونە، تەمەنی بەرەو چل ساڵی دەڕوانێ.

ئەویش لە ڕووداواندا تواوەیە. دایکی خەڵکی شارباژێڕە و باوکیشی لە هۆزی هەمەوەندە لەو بەروپشتە و نەجیبزادەیە. کاک مستەفای مێردی لە بنەماڵەی بابانەکانە، ژیانیشی بێ بەرووپشتە. پشتی زۆر کەسی لە زەوی داوە. دژایەتی و دووبەرەکی ناوخۆ پێدەشتی پێ بەجێهێشتوون و لە هەرێمێکی شاخاویدا کردوونی بە قاوەچی. نازخانم دوو برای لە هەراهەرای دووبەرەکیدا لەدەس داون. ڕووناکی تاریکەشەوی، ژینی کوڕ و کچێکی گەنج و لاوخاسن. ئازاد و ئارەزوو. ئازاد هێشتا عەسکەری خەلاس نەکردووە پاش شەش مانگ و حەفدە ڕۆژی دی دەبێ بەرەوماڵ وەگەڕێ. نازخانم گەرم چاو لە ڕێگایە بەڵام ئەو ماوەیە بۆ چاوەڕوانی کەم نییە. ئەویش بۆ چاوەچاوی دایک، دایکێکی تەرە لە تیرە و ڕەگەزی خۆ دوور و هەڵبڕاو.

نازخام بە دیتنی ئەو لاوە غەریبە، غوربەتی زیاتر ئازاری دەدا و برینی کۆنی پتر دێتە سوێ. خەم و خەیاڵ و پەژارە چێتر هێرشی دەکەنە سەر و فرمێسکی پێ دەبارێنن. ناز لای وایە ئەو لاوەش هەروەکوو زۆربەی لاوانی وڵاتەکەی تەڵاشی دەم خوڕێنی ڕووداوێکە.

خوای گەورە بە دای و بابی خۆی بێڵێ چ مەتوولفەیەکی زەریف و سپی و سۆڵە، هەر دەڵێی بیجادەیە و سەدەی هەڵهێناوە. زۆر شێوە و شوێنەواری دەچنەوە سەر سوارەی برام. ئەگەر ئەو خاڵە جوانەی ڕوومەتی نەبا دەمگوت بێ و نەبێ لە تایفەی خۆمانە. ڕەنگە هەر واشبێ. تازە دێتەوە بیرم تایفەی دایک زۆریان بەخاڵ بوون. تەنانەت بە بنەماڵەی خاڵداران دەناسران. ئێستە بێ گومانم لەو ئەو لاوە ڕیشەیەکی دێتەوە سەر بنەماڵەی ئێمە، ئەی خۆزگە زووتر دەهاتەوە سەرحاڵ و خۆی بە ئێمە دەناساند. مستەفا ڕەنگە بیناسێ، هەر بۆیەش ڕێگەی پێداوە بێتە دیوی ئەم دیو. بەڵام هۆی چییە ڕێگەی بە من نەداوە داوودەرمانێکی بۆ بەکار بێنم. تەنانەت کوتی نابێ هەرگیز دەنگی تۆی بێتە بن گوێیان. چۆنی دڵ هات بە ئارەزووی کچمی بسپێرێ خۆ ئارەزوو لە نەخۆش و مەخۆشان چ نازانێ. ئەویش کچۆڵەیەکی ساویلکە و بێ ئەزموون تا ئێرە لاوێکی ئاوا دڵگر و گورچووبڕی نەدیوە ئەوەشم زۆر بەلاوە سەیرە، تا ئێرە مستەفا قەدەغە و قۆرغی بۆ من دانەناوە.

لەبەرچی، بۆ گوتی تۆ نابێ ئەو لاوە وەلاوێنی؟ نابێ هەرگیز دەنگی تۆی بێتە گوێیان. سەرم لەو باسە ماسیوە. ماست و مووم تێکەڵاوە. لێکدانەوەم لەو بارەوە بێ دان و پۆیە. چی تێ ناگەم. نازخانم لەو بارەوە خەیاڵی سەنگی لەسەر داناوە لێرە و لەوێ دەدا و مستەفای لێ ناخۆشەویست دەکا. مستەفا ڕینگە لە من دڵپیس بووبێ دەنا چۆن ڕێگەی نەخۆشان لە من قەدەغە دەکات.

دەرگا کرایەوە مستەفا هاتەژوو. نازخانمی زۆر بە شێواوی وەبەرچاو هات.

مستەفا: سەلام نازخانم، ڕۆژباش بمبوورە ئەوڕۆ چایخانە شلووق بوو.

نازخانم: ژیانت باش خۆشەویستم. منیش ئەوڕۆ شلووقتر لە چایخانەم.

مستەفا: تێدەگەم لە چی دڵت هاڵۆزەحەزیزم. دوایی تێدەگەی حەق بە منە.

نازخانم: یاخوا وابێت و من بەهەڵە چووبم.

مستەفا: لە میوانە غەریبەکە چ خەبەر؟

نازخانم: دیداری لە من قەدەغەیە، چ هەواڵێکیشم نیە.

مستەفا: باش حاڵی نەبووی نەمگوت مەیبینە گوتم نابێ دەنگت ببیستێ.

نازخانم: شەڵ نییە، پای شکاوە. بێ وتار سوودی چییە؟

مستەفا: نە عەزیزم. وا دیارە ئەو لاوە دایکی شەهید بووە. بۆخۆشی تەرە و ئاوارەیە. دوور نییە دەنگی تۆ لەگەڵ دەنگی دایکی شەهیدی جیاوازی ئەوتۆی نەبێ، هەر بۆیەش کە گوێی لە دەنگی تۆ بوو گوتی دایە دایە تۆ ماوی.

ئیدی پێداهات و لەسەرخۆچوو دووبارەش لەسەر ئەو باوەڕەم دەبێ دەنگی تۆی بیستبێ. هەتا تۆزێک تۆزی ترس و نامۆیی لێ دەتکێ خۆ بە ئێمە دەناسێنێوا باشە زۆر بێدەنگ ئامۆژگاری لێ بکەین. نەوەک تووشی خورپە و ڕاچڵەکین ببێ. بۆ هەمیشە بە ئارەزوو ژیان بەرێتە سەر.

نازخانم: مستەفا بمبوورە من لە هەڵە دام. تۆ لە هەڵە و پەڵە و قەستی چەوت و چەوێڵ دووری. بەڕوحمی، داماو خۆشەویستی، لە بن باڵی داماوانی.

دە هەستە با بچینە لای. بڕیار بێ هەست و خوستم لێ نەیە و کڕ بم بەڵام دا دەرمانی پێویستی بۆ بەکار بێنم، مەگەر خوا نەکا دەنا زووتر دەیخەمەوە حاڵ.

ناز و مستەفا بەرەو هۆدەی فەقێ عەزیز وەڕێکەوتن.

ناز جانتایەکی دەوا و دەرمانی دەسسازی خۆی پێیە، نەخۆش بووراوەیە لە ئارەقەدا هەر شڵپەیەتی. ئارەزووی کچیان لەژوور سەریەتی. ڕەنگی بروسکاوە. هەموو گیانی دەڵێێ بێ گیانە. لە عەبەساو دەچی، دەڵێی هەنگاوە. دەم و لێو و ڕوومەتی سوور هەڵگەڕاون. سوور دەیارە ئەویش حاڵی باش لەسەرخۆ نییە. دڵەکوتەی چۆتە سەرێ. زۆر باش وڵام ناداتەوە. باوکی لەمەڕ نەخۆشەکەوە چی لێی دەپرسی لەت و لووش و کاڵوکرچ وەڵامی دەداوە.

ئارەزوو دەڵێ: ئەوشۆ کەم خەوتووم. خەمی ئەو لاوەشم سەربارە. باوکی دەڵێ نەخەوتن چ نییە چارە دەکرێ. بەڵام خەمی لاوێکی ئاوا ڕەنگە دوورە چارە بێت. ئارەزوو بە دەس خۆی نەبوو گریان و فرمێسک دەیانەوێ ڕاستی لێ بڵێن و نهێنی هەناوی بدرکێنن. سەردەمەی شەرمی کچانەی لێ بدڕێنن. باوکی ئارەزوو لە مەسەلان زوو تێدەگا و لە دەردی دڵان ئاگایە دەڵێ کچم ناڕەحەت مەبە، پاشی تەنگانان فەرحانەیە. ئەو لاوەمان بۆ بێتەوە سەر خۆ، ڕەنگە لە خۆمان بێت. لە خۆشمان نەبێ ڕەنگە بۆ هەمیشە لە یەک نەبڕین. ئارەزوو بە قسەکانی باوکی ئەوکی بەربوو. گەشەی تێگەڕا و گوتی: باوەگیان جوانمێری ئێوە گەورەترە لە دەستەڵاتی مێرانە. لەژێر چاوەدێری تۆدا بە هومێدم چاو لەدەس نەبین.

نازخانم نایەوێ بدوێ. بەڵام پەستا پەستا هەناسەی دەستی دەداتێ و ناوچاوان و دەمولووتی بە جەوهەری مێخەک و چەوری (چەورین و جاتر) و گەلێ گیاوگۆڵی بۆنخۆش دەسوێتەوە و بەرگی بێژان، گەڵای گیا تۆڵەکەی لەبەر کەپۆیدا دەسووتێنێ و دەنەی پشمینی دەداتێ و دێتەوە سەر حاڵ. فەقێ عەزیز بۆ هەوەڵین جارە لە ناز دەبڕێ. فەقێ عەزیز خۆی لە جێوبانێکی نەرمی خۆماڵییانەدا دەبینێ. هەروەکوو خەونێک دەچێ کە سێ نەفەر لە دەوری چاوبە فرمێسک و دەم بە دوعا و دڵبە خەم دانیشتوون. نەخشی خوشک و دای و باب بازی دەکەن.

عەزیز تاسا و عەبەساو بە ئارەقەی نەخۆشی و جواناوی شەرمەوە ئەو عەزیزە نەماوە هەر دەڵێی لە قەبران گەڕاوەتەوە. یارای هەستاڕەکەی وەڵام و ورتەی لەدەس داوە، سەری دەخولێ و گوێی دەزرینگێتەوە. چاوەکانی لە چاوەچاو دەڵێی مانیان گرتووە، جاروبارە ئاونگی خەم دەیانهەنگێوێ.

نازخانم نایەوێ بە دەنگ بیدوێنێ بەڵام بەگیان و دڵ دەستی لەسەر دڵی داناوە، هێواش هێواش دڵی دادەماڵێ، پەنامەکی فرمێسکان هەڵدەوەرێنێ، ئارەزوو بێ متەقە. چاوێک لە فەقێ ناترووکێنێ. کوتەکوتی دڵی چۆتە سەرێ، ڕەنگی سوور هەڵگەڕاوە.

بۆ هەوەڵین جارە دڵ دەسەڵاتی لێ دەستێنێ، دوور نییە بزۆزی ئەوین بەزەیی پێدا نەیە. هەیە و نییەی حەیای لێ وەبەر بادا و لەپڕ مێزی تێ وەرێنێ، بڵێ عەزیز، عەزیزی من، فریشتەی خەون و خەیاڵی من، ئەتۆ، ئەتۆ نابێ بمری، نابێ لای من بڕۆی، ناتوانی بەجێم بێڵی، عەزیز، عەزیزی خەونی بەدیهاتووم، بازی ئاوارەی کەوی نەکراوم، سێ ساڵە، سێ ساڵی ڕەبەقە من چلەت بۆ دەکێشم نەزر و مەولوودیم بۆ لە خۆ گرتووی. دەست بە داوێنی خەونامە و دوعا و نزایان بووم. عەزیزگیان بەگیانی عەزیزت بە ئاوری هەڵگەڕاوی دەروونی کچانەم، بە ژیلەمۆی دانەمرکاوی سێ ساڵ چاوەڕوانیم سوێندت بۆ دەخۆم کە لەمێژە من تۆ دەناسم. تۆ ئەو ڕاوچییەی منت لە هەژدیها خەڵاسی دا. هەر ئەو فریشتەیەی لە هاوارم هاتی، لە حەزیەت نەجاتت دام، گیانێکی نوێی ترت پێ بەخشیم. بەڵام ئەی کوێنم دەبەر. ئاخری خەوەکەم چی؟ دایکم بۆ وەبەر خەنجەری دای بە جێگەی سپاس لە تۆ.

بۆچی لەسەر چی قەستی کوشتنی لە تۆ دەکرد؟

نازخانم دەستی لەسەر دڵی فەقێیە بەڵام بە چاو خەریکی موتاڵای ئارەزووی برووسکاوی ئارەزووی کچییەتی. نازخانم بە تەواوی دەراوی هەناوی ئارەزووی شڵەقاندووە، چی تێدا گومە دۆزیویەتەوە، میراتی دایکان خەڵاتی کچانە. نازخانم هەڕەتی کچانەی خۆی هاتەوە بیر، ئەودەمەی کە چاوی بە مستەفای باوکی ئارەزوو کەوت. هاتەوە بیری کە ئەوین چی بەسەر هێنا چ شتێکی پێ ڕشتووە. نازخانم هەنگاوتوویە کە ئارەزوو چۆن هەنگێوراوە و خەیاڵی چ دەورێک دەگێڕێ. ناز نایەوێ مستەفا بەو ڕازە بزانێ، دەیەوێ بە ئارەزوو بڵێ لای عەزیز بەجێ بێڵێ بڕواتەوە ئەو دیو و نان و چایی ناشتا ئامادە بکات. بەڵکوو باوکی بە ئەوکی پڕ لە داوای نەزانێ ئارەزووی کچانە نەخوێنێتەوە.

بەڵام ئارەزوو نایەوێ ئەوێ بەجێ بێڵێ. نایەوێ چیتر بە فەرمانی فەرماندەران لە دەر و ژوور دابێ. لێرە بەولاوە کچی کەس نییە. کچی ئەوینە و فەرمانبەری دڵە نابێ دڵی پاشای ئەوینی بپشکنی، دەیەوێ لەو لاوە غەریبە پەزیرایی بکا و دەردی نەدرکاوی بدرکێنێ. خەونی سێ ساڵەی بۆ وەگێڕێ، ئارەزوو نایەوێ ئەو لاوە هەروا زوو بێتەوە حاڵ، بۆی ڕۆشنە بێتەوە حاڵ دەکەوێتە باڵ، ڕێبوارە و ڕێگای خۆی دەگرێ. چ دەربەستە لە کوێ دەمرێ و کێ بۆی دەمرێ. تا بێ پێ بێ هەستی ئارەزوو باشتر پێ دەگرێ. چ نەبێ دەتوانێ وەک ئامۆژگارییەک پەنجەی بکوشێ و ئامێزی تێ وەرێنێ، ئاوری بزۆزی کچانەی کەم و کورتێ دامرکێنێ.

نازخانم ڕوو بە مستەفای مێردی دەڵێ سپاس بۆ خوا دڵی هاتۆتەوە حاڵ. لام وایە خەوە نە بێهۆشی. خوا دەزانێ چەن ڕۆژە بەڕێوەیە، ڕەنگە بێخەوی سەری لێ سەندبێ. ئەو لاوە چ لەڕێبواری ئاسایی ناچێ. یاخوا دوور لە قاچاغ و قووچاغ بێ. خەڵکی تریشی پێوە نەگلێ. مستەفا و ناز هۆدەی نەخۆش بەجێ دێڵن، ئارەزووی بە ئارەزووی خۆی دەسپێرن.

مستەفا داستانی شەنگە و نەقڵ و بەسەرهاتی بنەماڵەی مامەخانی شارباژێڕی بۆ نازخانمی خێزانی دەگێڕێتەوە. نازخانم دایکی شارباژێڕییە و لە بنەماڵەی باوەخانی مەزنە. باوەخان و مامەخان هەربنەماڵەیەکن. مامەخان ئامۆزای باوەخانی جافە، باوەخان باپیرەی دایکمە ئەگەر ئەو لاوە لەو بنەماڵە بێت بڕبڕەی پشت منە، مستەفا دەستی من و داوێنی تۆ، تۆ و غیرەت و جوامێریت، بیکە بە سەدەقەی سەری ئازادی کوڕت، هەستە بەرەو شارباژێڕ بەرەو شارۆچکە قەرەچوالان وەڕێ کەوە. هەواڵێک لە ماڵی مامەخان وەرگرە مستەفا تۆ نەچی دەبێ خۆم بچم. دەنا ناژیم ئەو هەواڵە تووشی سەدان ئازارم دەکا و لە کەڵکم دەخات. سەد چەک و تاوێ گەرک.

مستەفا دەڵێ مشووری ئەو کارەم خواردووە ڕەنگە بەو زووانە هەواڵم بۆ بێتەوە نازگیان. من گیانم بە نازی تۆ دەنازێ. تۆ نەبی من چ نیم مچەکۆڵێکی کۆڵەوارم لە ڕەگەزی بابانم. بێ دای و بابم. من گیان و ماڵ و نیشتیمانم بە تۆ بەخشی. تۆ ئەستێرەی بەختەوەری منی. سەرم لەژێر پێی داواتە، دەستووری تۆ مۆرەی ئایینی منە. چی تۆ بیڵێی بەلامەوە ڕەوایە. ئەوینی من نیسبەت بە تۆ هەر دەڵێی تازە پێ دەگرێ. خڕکە دەبێ و هەڵدەفڕێ. لە چیای جوانی تۆدا خەریکی هێلانە دۆزینەوەیە. ئەرخەیان بە هێشتا لە تەماشات، لە خۆشەویستی و ئەوینداریت تێر نەبووم. مڕووم نەشکاوە. ئەو ڕۆژەی کە تۆم دی تۆم ناسی بەڵێنم پێ دای، بەو ڕۆژە سوێند بەو کاتە قەسەم هێشتا خۆشترم دەوێی. زیاتر حەزم لێتە. نازگیان تۆ نازی تۆ نیازی منە، چی دەستووری تۆیە بە ڕووسووری خۆمی دەزانم. بۆ من سوور و ڕۆشنە ئەو لاوە نیسبەتی بە بنەماڵەی خاڵوانی ئێوەوە هەیە. هەر بۆیەشم وەرگرتووە. دەمەوێ یارمەتیی بکەم. تا ئەو شوێنەی هێزم هەیە وەشوێنی کەوم، تا ئەو پلەی تۆ دەتەوێ خۆشەویستی خۆم دەرحەق بە تۆ نیشان بدەم.

نازخانم: مستەفاگیان، چی ترم مەکوژە بەسمە لەوە زیاتر بە ئاگری جوانمێریت، دڵسۆزیت و خۆشەویستیت مەمسووتێنە. نازانم بە چ زمانێک بە چ زار و دەمێک سوپاسی تۆ بدرکێنم. ڕایگەیێنم کە تۆ فریشتەی خێرخوای پاکی، خاوێنی، هەوێری جوانمێری، نەترساوی، شێری، درهەم و دراو باینەداوی. چڵە و چڵپە و نەوسنی، نەیگۆڕیوی، نەجیبزادەی، ڕەسەنی نەدۆڕاوی لە بنەماڵەی بابانی، نەگۆڕاوی.

بەو ڕۆژە سوێند کە سوێندم بۆ خواردووی بەو دەمە قەسەم کە بۆ دەمێک دەمم لە دەمی تۆدا هەستی خۆشەویستی کرد و بەرهەمی ئەوینی تۆم چەشت ئەوەتی هەم لە خۆشەویستی تۆ تامەزرۆم نەشکاوە.

کە تاوێ دەتبینم دەڵێی نەبینم. لە نزیکی تۆدا ساڵ و مانگم بە کات و ساتێ لەسەر تێدەپەڕێ. من لە ئیشقی تۆدا توواوەم، توڵا، توڵاوم و داپلۆخاوم. تۆ شیاوی ئەوەی کە سەدی وەکوو من کەنیز و قەرەواش و نازکێشت بێ. من لە هەڵەدام، جاروبارە دەمەوێ لە بڕێک کاروباراندا هەڵدەمێ و نەخشی نەخشین بدرکێنم. ئەوی ڕاستی بێ دەمەوێ لە خەونەکەی سێ ساڵ لەمەوبەری ئارەزوومان بدوێین، بەڵام بمبوورە خەون و خەونووچکە چ نییە، بۆ ئەوەی نابێ دەست و دڵ و خەیاڵی بەدوودا ماندوو کەی، هەموو شت بەخوڵایە. خەون و مەون نە جێگەی خەمە و نە جێگەی هیوایە. هەر وەبیر نەخرێتەوە باشە.

مستەفا: نا نا عەزیزم ئەوە مەلێ خەون لەلایەن خواوە دێ. خەون خەڵاتی ڕۆحی پاک و خاوێنە، خەون میراتی پێغەمبەرانە، ئیلهامی بەرزی حاسمانییە. خەونی ئارەزووی کچمم هەر لەبیرە. لام وایە بەسوودی ئارەزوو ڕووداوێک دێتە گۆڕێ. لام وایە ئەو لاوە هەر هەمان ڕێبوارە هەمان ڕاوچییە کە بەخەو دێتوویەتی. ئارەزوو لە ڕەنگ و ڕووی خەیاڵی لە جووڵانەوەی دەردەکەوێ کە گوومبووی خۆی دیوەتەوە. خەونی خۆی هاتۆتە دی. تامیلای پێویست نییە، ئەو قسەی کە کرا لە بارەی ئەو کوڕی حەمەخانەوە ئارەزوو بەدڵی نەبوو. منیش نەمویست دڵی تۆ بشکێنم دەنا ئەو تایفە منەتکێشن، نانی نانی و خوازەڵۆکن، گوڵەبەڕۆژە و ڕوو لە ڕۆژن. نۆکەری شۆربا و پیاوی پڵاو و گۆشتن. هۆزێکی زۆر و بۆر و سەرگوێ شۆڕن. نانناس و خوانەناسن.

من نامەوێ لەگەڵیان تێکەڵ بم، دڵی تۆم ویست دەنا دەمو دەس دەمم دەبەستن. ئێستاش نەچووە بچێ ئیزنی تۆی لەسەر بێ بێ ئەوەی لۆمەمان بێتەسەرێ، سەرەی ئەو سەودایە دەخەوێنم. ئارەزووی من سەرکەوتنی ئازاد و ئارەزووە بەڵام هێشتا بۆ ئەو هەنگاوە زووە، ئارەزوو بە کوڕی حەمەخانم بدەم. هەرچی بێ، پێش هەموو ئیش و کارێک تۆ دەبێ خاڵی ڕوومەتی ئەو لاوە هەڵگری، ئەو خاڵە هەڵنەگیرێ ئەو لاوە دەگیرێ. نانخۆر و کلکشۆڕی میر کەم نین ئێرەش سەرحەدە، چایخانەیە. ئاشنا و بێگانە، خاس و خراوی دێتێ، زار و زمانی خەڵکمان پێ نابەسترێ. دوای ئەوە دەبێ کارتی پێناسی ئەو لاوە بگۆڕین. گۆڕینی ئەو کارتە بەلامەوە سادەیە هەر دینار و درەمی زۆری دەوێ، ئەویش هەیە و پەک ناکەوێ.

نازخانم فرمێسکی شادی هەڵدەڕێژێ. ئامێز لە مستەفای وەردێنێ و لاچاوی پڕ ئەوینی دەخاتە سەر سمێڵی و دەڵێ ئۆخەی مستەفاگیان، هەر دەڵێی لوقمانێکی دڵناسی. هەر دەڵێی گیانێکی بێ خەوشی خوڵایی، خەوش و خاڵان لەسەر دڵی دڵبەخەمان ڕادەماڵی. ڕوحم و بەزە و زانستی تۆ، بەهیوام دەرکی هیوامان لێ وەکا و بە هەموو مرادمان بگەیێنێ. ئێستا گومانم ڕەویوە و سوورم لەسەر ئەوە کە خەونی ئارەزووی کچم هاتۆتەدی و بڵێ و مەڵێیەکی تێدا نەماوە.

هەژدیها کوڕی حەمەخانە و ڕێبوار ئەو لاوەیە و خەنجەر نەشتەرە کە لێرە بەولاوە بە دەستی من لە خاڵی ڕوومەتی ئەو لاوە دەوەشێت. مستەفاگیان دەبێ ئەو ڕازە شێراوە و لەژێر سەرپۆشا داپۆشراو بێت. نە ئارەزوو بزانێ نە ئەو لاوە تێبگات، مەبادا ئەو لاوە غەوارە و لاوەکی بێ. تەرە و پەڕەوازەیەکی بێناونیشان و نەناسیاو بێت. هەرچی بێ ئێمە بەپێی توانا نازی ڕادەگرین و گیانی دەپارێزین بەڵام بۆچی خۆشەویستی ئەو لاوە هەر دەم و دەست لەناو دڵی منا هێلانەی هەڵبەست. هەر دەڵێی کوڕی خۆمە. دوور نییە هەر لە خۆمان بێ و لە تایفەی خاڵداران و لە بنەماڵەی مامەخان و باوەخان بێ، هەرچێ بێ یاخوا بەخێر و بێری مێران و شەنگەپیاوان خۆ بناسێنێ، لە سۆرە و تۆرەی ناپیاوی دوور بێ و دڵسۆزێکی دەستی بگرێ و گرێکوێرەی مرادانی بترازێنی. لە زەماوەندی ئازادی خۆیدا خۆی ببینێ.

(دووهەمین باس)

شەنگە و مامەخان

شەنگە لە جوانمێرترین، ڕەگەزی هەمەوەندە. زۆر لەمێژە بە مستەفای قاوەچی ئاشنایە. تەنانەت لە پێکهاتنی زەماوەندی ناز و مستەفا نەخشی دڵسۆزی شەنگە لە بیر نەکراوە، شەنگە دوو ساڵە خێزانی بە ڕەحمەتی خوا چووە. تاقە کوڕەکەی بە دەستی حاکمی ئەو سەردەمە لە دار دراوە. کوڕی شەهید شینی نەبڕاوەیە. شەنگە لەگەڵ زۆربەی بنەماڵەکانی زەربەوێکەوتوو ئاشنایە.

تەنانەت دژی مێری، خلێنە و بلێنەیەکیش لەئارادا هەیە.

شەنگە بە ڕووداوی بنەماڵەی مامەخان خۆشبینە. ئەو بنەماڵەیە بێ دەست و مەچەک نین. ڕەنگە بتوانێ لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە دژی میری داو و تەڵەیەک وەڕازێنێ. شەنگە دەیەوێ بۆ حەج بڕوات، بەڵام قسەکانی مچەقاوەچی وەبیر دێتەوە کە گوتی شەنگەگیان زووتر سەرم لێ هەڵێنە کارم پێتە. دەڵێم ئەوساڵەکە لە حەج گەڕێم. کە خوا ڕێی دەستم بدا هەر هەنگاوێکی باشم بۆ حەجێکە. شەنگە پووڵدارە. شێوەی ئاڵووێڕی ناوخۆ و دەرەوەی هاتۆتە دەس. بەو هۆیەوە ناسرا و ناسیاودارە بەڵام حەیف وەجاغکوێر و بێ پاشەوارە. خوشکێکی بێوەژنی بنەوانە. ئەویش مێردی لە داردراو و شەهیدکراوە. خوشکەکەی ناوی عەتییەخانە. شێرەژنی خوڵێ خۆیەتی. جوان و بەدیمەن و ورەبەرزە. خوازبێنی زۆرە و بە شووی دووبارە ڕازی نییە. نایەوێ شەنگەی برای بەتەنێ وەمێنێ. عەتییەخان هەر ناوی ژنە دەنا پیاوە. بۆ تۆڵە دەگەڕێ و نەخشی شۆڕشگێڕی دەگێڕێ. شەنگە شاگردی ئەوە. بەشی زیاتر غیرەت و هومێد و هیوا لە دنە و گفت و لفتی خوشکی وەردەگرێ. شەنگە بەو خوشکەوە خۆ بە وشک و برینگ و بێ ماڵ و حاڵ نازانێ و دەتوانێ ئێرە و ئەوێیان بگەڕێ. شەنگە دوو سێ ڕۆژە گەڕاوەتەوە لای عەتییەخانی خوشکی. دەستی بۆ هیچ ئیش و فەرمانێک ناجووڵێنێ، هەمیشە مات و خەیاڵاوییە.

قسەی خۆش و بنەزمانەی بەتامی نەماوە، لە بچێ و نەچێی حەجدا تێگیراوە و خۆی بۆ یەکلا نابێتەوە. ڕووداوی بنەماڵەی مامەخانی وەڕووی خوشکی نەداوە. خوشکی مارانگەستە و بنەماڵەوێران و هاوەسەر کوژراوە. بێت و ئەوڕۆ ئەو لاوەش ببینێ ڕەنگە ئەوەندەی تریش بەرەو سیسی بڕوات، هەرگیز ناکرێ وەیشارێ. بنەماڵەی باوەخان و مامەخان ناودار و بۆ هەژار وبێ دەرەتان و داماوان زۆر بەرچاو و بەخێر و بێر بوون. بۆ هەرجێیەکی هەرێم دەچی ئەو باسە دڵتەزێنە لەسەر زار و دەمی خەڵکە، ڕۆژێک خۆی بەو باسە دەزانێ و لە من تووڕە دەبێ حەقیشی پێ دەدرێ. من برای ئەوم ناشێ چ دەردەدڵانی لێ وەشێرم. شەنگە پۆنگی خەیاڵاتە، ماتە بەخەمە، دەستی لەژێر چەنەیە، جاروبارە وەک وڕێنە بکات ورتێکی لە دەم دەردەپەڕێ. هەردەڵێی هێرش دەبا و سەرەڕێگای لێ گیراوە. عەتییە تێگەیوە کە شەنگە دڵتەنگە و پۆنگاوی خەیاڵە. حاڵی باش نییە، نایەوێ خوشکی هەست بە خەمی بکا و بە کەمایەسی و تێگیراوی بزانێ.

شەوە، لە نیوە شەو بەولاوەیە، عەتییە تێدەگا شەنگە نەخەوتووە. خەیاڵ سەری لێ هەستاندووە. عەتییە بەو شەوە لە کاکی وەژوور دەکەوێ بە سڵاو و سەلیقەی خووشکانە دەستی لە دەستی خەیاڵ دەکاتەوە. پێی دەڵێ برام بەڵات گرم بۆ ماتی؟ بێ خەوی لە قسەی خۆش پچڕاوی، من لە بەرێ و لە پشتێ هەر تۆم ماوی. بێ نازیی تۆ مەرگی منە. بڵێ بزانم چتە؟ چی دڵی گرتووی، خەوی بردووی، زەردی هەڵگێڕاوی لە شەنگی بڕیوی شەنگەی جاران نەماوی. نەماوی باوێشکی وشکی بێ باوی وشکی هەڵێناوی، چتە؟ لە چت کەمە؟ بیری چتە؟ دەتەوێ چ بکەی؟ بۆ شاردووتەوە؟

شت لە من وەشاری نەنگە نەزانییە، بە هەڵە چوونە کە من دڵسۆزی تۆ نەبم ئەدی دەبێ کێ بێ کامە کەسە جیا لە من بۆ تۆ کەسە، ڕەجایە لە مە زیاتر کفرم دەرمەهێنە، زمانم پێ دەرمەکێشە شەقاوپت ڕووداوت ڕاگەیێنە.