پۆڕ و پەلەقاژەی نەجات

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 2 دقیقه  573 مشاهده

پەری پۆپەزێڕینی هۆزی پۆڕان هاتە دۆڕان، کەوتە پاڕانەوان بە زمانێکی نیوە زمان، وتی لالە هەڵۆ ئەمان، من پۆڕێکی ناو شێوەردم مەلەکەی زێڕینی هەردم. هاوسێیەکی مناڵ وردم، نەرم و شلێکی کەم خوێنم شێخی دەم ئاو و بەستێنم، پاک داوێنم، بۆ عەمری دڕێژت خێرە، لە خواردنم خۆ ببوێرە، لێم گەڕێ با وەگەڕێم، فڕێکی تریش هەڵفڕم تا مناڵم پێدەگرن، خڕەکە دەبن لە بن پەرچان دێنە دەر و پێ دەگرن و فێر دەبن، دەبن بە پۆڕ و خۆ بەخێو دەکەن.

میرم، ئەی بەرزەفڕ، میر بە بێ ئازار بە، لە ئازار و بازای بێ هێزان شکێ بکە، ئەی بە وتەی نووسەران ڕووسوور. ئەو هەڵەش دواقانم دە. با وەگەڕێم، با لە گەڕ و گزەی بڕێک نووسەری نانی نانیدا سەردانەنێم. ئەی لالە هەڵۆ، نووسەران منیان هێنا سەران و سەریان پێ دانام. نووسەران، ئەتۆیان بە جیهانی خاس ناسان، کردیانی بە میر و هاتیە ناو باسان، هوڕای شەڕەفیان بۆ کێشای، ڕەنگی فریشتەیان لێدای. بە شیعری خوڕ چاویان شردی، ئاوزەنگیان بۆداگرتی، عەبای غەوسیان لە بەر کرووی، لە سەرووی هەوران جێیان کردی. مێزەری شەڕفیان، لەسەر دانای، هەوتا کرای، ڕەگەڵ خاسان خرای، بوویە خۆشنێو، بوویە میری تەلان و کێو، قەلیان گول کرد، تۆیان زل کرد، وەها بەتام بۆنیان کردی، سرک و سڵیان بۆ ڕام کردی، دەیان مەلی ساویلکەی من ئاسایی، بە هیوای بەرزایی نزماییان جێهێشت، سزای نەزانیمان چێشت، بە وتەی نووسەری بێچێژ، بووینە گێژ. بووینە میوانی شای خوێنڕێژ، کێ بەرەو زاڵم و زاڵی ڕابوو، کەوڵ و پێستیشی وەها بەربا بوو، با نەزانێ بەرەو کوێ چوو، وەک چووان، لاچووە، هەرچوو، هەر چوو، تۆ بڵێی دووکەڵی ئاراوبازم، مەرگ، زارۆکی لەڕوو، نائاکام. ڕیشی کام نووسەرێ، بسووتێنێ؟ تا لەمەولاوە، بە دەستی زاڵ چی دی نەرژێ، لەچیا خوێنی ئاڵ.