پیرە هەڵۆ

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 2 دقیقه  1080 مشاهده

شا هەڵۆی هەڵەت و چڕ، کۆنە ڕاوچی بە چنگ و دڕ، هەستری دەمی پیسی، قاقای کێشا، خوڕی وەڕی، وتی ئەی نەرمۆڵە، ئەی خۆشترین بابۆڵە، تۆی ساویلکە بیرت شاشە، کە ماوی، تێبگەی باشە. بۆ بەرەی ئێمەی پاشا، گزیر، دارۆخە بەڕێزن، بۆمە باڵن، گیانی هێزن، قەشە و مالمیش بە کەڵکن، سەرەی خەڵکن، شێخ و خەلیفە زەروورن، بۆ زاڵمان، مەکۆی نوورن، جێ باوەڕی هەر سنوورن. پاشای بێ نووسەر مەحاڵە، ئەگەر هەشبێ ژینی تاڵە، شاعیر تێر کە و دوژمن کوێر کە، بۆ شێخ تەلارێ هەڵبەستە، چاوی هەژاری پێ بەستە، بۆ نووسەران پووڵ هەڵڕێژە، هیچ مەبێژە، لە هەرلا ڕاوت بۆ دەکەن، خاوەن خێر و ناوت دەکەن، ئەوانە پێمان هەڵنەڵێن، بۆمان نەڵێن، هەڵەمان بۆ دانەپۆشن، شیری گەشمان بۆ نەدۆشن، بە شێعری گەش نەماندێرن ساویلکانمان بۆ نەنێرن، ئێمە داوەڵی بێ باوین، گێلین، خاوین، چووکین، پووکین، بەجێماوین، بێ گوڕ و گەر و بێ ڕاوین، زۆر پێناچێ شەندە و مەندە تێدەکۆشن، بەزمان، بە بەلاش، دەفرۆشن. ئەی پۆڕۆکەی گۆشتنۆکە، ڕێ لێ گۆڕاو، خوێن لێ چۆڕاو، چڕاو، بە تەنێ ناکرێن، بێ خێڵ پۆڕۆکە ناخورێن، لەسەر ئەو زەوینە جوانە، کێت پێ چووکە کێت پێ خانە، تا نووسەران پێی هەڵنەڵێن، شاعیران شێعری بۆ نەڵێن، شێخ و ماڵم، گەورەی نەکەن درۆی بە دەورەی بۆ نەکەن، نابێتە خان نا بێتە میر، شا هەڵۆی مەلگیر.