پۆڕ و هەڵۆ

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 2 دقیقه  703 مشاهده

پۆڕ باڵداڕێکی بە باڵ و داو و دەلینگ زێڕینە، بە لەنجەولار و خوێنشیرنە. خان و مان و پەڕنەخشینە، گەردن کێل و دەنووک گرد و چەتر هەنگێوە، خەڵکی مێشەڵان و جێگای زەمەنەد و چوغورە، لە خۆشارۆکێنەدا کەم وێنەیە، بە ڕەشەڕاو بۆ ڕاوچی ڕەداو ناکەوێت، مەگەر لە کەوی و کلکەدەراوان سیپەی بۆ هەڵبەستی دەنا پێی ناوەستی. پۆڕ جوانترین مەلی بێشەزار، بێزەڕ و گەڕ و ئازارە، گۆشتی پشتی بەتام و چێژە، مێشکی، کۆڵ و گێژە. لە ڕۆژانی هەور و هەڵاو و بە سێبەردا زۆر بە کەمی وەبەر چاو دێت. بەڵام لە ڕۆژانی ساو و هەتاو بۆ زۆربەی چاوان بەرچاوە، هەر بۆیەشە، هۆزی پۆڕان، لە ترسی ڕاوکەری مەحاڵ لەگەڵ هەتاو نابنە هاوسێ، نابنە هاوماڵ. لە جێهەتاوان ناگەڕێن، لە سێبەرگایان دەنیشن، دەڵەوەڕێن.

ڕۆژێکی بەژان:

ڕۆژێک لە ڕۆژانی بەژان، پۆڕێکی جوان، ڕێکوپێک و بەباڵ و باو، هەوای کوێستان لە سەری دا، بە داو و ناو، لە قیڕەی بۆقان وەڕەز بوو قیژەی قەلی پێ ناحەز بوو، فڕی لە مێشان هاتە دەر، ئۆغر خێر بێ بەرەو سەفەر. بەرەو چیای بەخێر و بێر، هۆبە و هەواری ژین و مێر. ڕووخۆش، دڵخۆش. بەڕەنگ و ڕوو، فڕیە سەر کەنک و شاخان، هەڵوەرێنی دەرد و داخان، خۆی دا بەر ئاوێنەی هەتاو، خۆی پێ جوان بوو، بە چاووڕاو، هێند بە جوانی لە خۆی ڕوانی، چاو هەنگاوتی، شەقژنێ لە پڕ بزاوتی. چاوەزار بوو، بۆی ڕێکەوت، تیری نەدیدەی وێکەوت، لەخم خۆرکی مەرگ کەوت، بوو بە نەچیری ڕاوچی پیر، شا هەڵۆی تەلان و مەلگیر. هەڵۆ بردی وای داهاتێ دەستی نەجاتی نەگاتێ.