پێشەکی

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 3 دقیقه  671 مشاهده

بەربەیانە و سوێگەکان بەرەبەرە بڕەیان تێدەگەڕێ. پەنجەی زێوینی سروشت دەیەوێ پەردەی ڕەشی شەوەزەنگ بدڕێنێ. ئەستێرەگەشەی بەرەبەیان لەسەر ئەستۆی بەڕەزایان ئەستی وەدەر دەخا و بە مەرگی شەوگاران پێ دەکەنێ. شەوپەڕی خاسەکەو و فڕەی پۆڕان کۆچی شەو بەڕێ دەکەن و خەواڵووان ڕادەپەڕێنن. بە هەوای نەرمی بەربەیان گوڵان خۆ لێک دەدەن و بەرۆکان دەترازێنن، دڵان دەخرۆشێنن. پەپوولەی باڵزێڕین بەرەو بەهەشتی گوڵزاران بەباڵ دەکەوێ و لە سەر ڕوومەتی خۆنچەدەمان بەڕوودا دێن. شەوبای شەوی لاموچان هێدی هێدی بەرەو لێڕەوار و کەپرۆکەی پۆشین بەڕێ دەکەوێ و بسک و کەزیان دەبزێوێ و بەرۆکان دەکاتەوە و ئەوینیان تێ دەڕژێنی. خاسەکابان و شێرەژنی داوێنپاک دەستان لەسەر ئەستۆی خۆشەویستان لادەبەن و لیباسی نازی شەو فڕێ دەدەن و هەڵکێشی گورجی ڕۆژانی هەڵسووڕان هەڵدەکێشن و ئارام ئارام بەرەو کانی زۆڵاڵ و ئەستێری ڕاوەستاو وەڕێ دەکەون.

دەست و ڕوومەتان دەشۆن و پەرچەمان دادێنن. دەسنوێژان دەگرن و لەسەر تاتەبەردان دەپاڕێنەوە و سەری بەندەیی بۆ خودای بەندەنەواز، بەرەو زەوی نەوی دەکەن. چادانان لە چاوگەی زوڵاڵ پڕ دەکەن و بە تەڕدەستی بەرەو تاوڵ و کەپران دەگەڕێنەوە.

گرێبەرانەی ئەستۆی گاگێران دەکەنەوە و بەرەو لەوەڕگە و بژوێنان بەڕێیان دەکەن. دەیانەوێ تەدارەکی ڕۆژی نوێ، نوێتر بگرن و مزڵ و قۆناغان بە ئەوین داڕێژن. بەرەبەیان خڕەکە دەبێ و پێ دەگرێ و زیاتر پێ دەکەنێ. کێوەکان عەبای ڕەشی داوێنپیسی فڕێ دەدەن و کڵاوی زێڕین لەسەر دەنێن. دیمەنی سروشت بای باڵی خۆی دەدا و خۆی دەنوێنێ. هەموو دڵێک وەکوو دڵێک دەبنە دڵداری هەتاو و هەموو چاو وەکوو چاوێک بەرەو چیا هەڵدەبڕێن، لە شاخ و کەڵەک و زەرەد و بەردان دەڕوانن و لە ڕووداوان دەترسن.

کێو و کەژ هەرچەن شین و گەش و بە دیمەن و دڵڕفێنن بەڵام چ ڕۆژان بە سێ ڕووداوی تاڵ و چەق و تەفی پڕ لە ئازار سەرنانێنەوە و کەم و زۆر زۆربەی ڕۆژان دەستی پەلامار و دەوەنە ئاشی لێدەوەشێت. ئەوڕۆکەش هەروەک ڕۆژانی بەرووتر کڕێوەی پەڕوپۆیەک ڕایەڵ و پۆی کرێکار و دەشتەوانان دەشەمزێنێ و سەرنجیان بەرەو مەرگی گیانلەبەرێک ڕادەکێشێ. پەڕوپۆی پەڕێکی پەرزێڕین پۆڕێکی ئەسیر لەژێر چڕنووکی هەڵۆیەکی خوێنڕێژ و بێ بەزەییدا بەبا دەبێ و هەڵدەوەرێ و ماڵاوایی لە ژین دەخوازێ.