ڕۆژێک لە ڕۆژان

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 22 دقیقه  1153 مشاهده

سوارە، سواری ئەسپی لاواز و نەشۆراو بوو. باڵتەی ڕەشەڕاوی لەبەر کرد، چەکی ڕاوی هاویشتە شانی، تاژی ڕەشەکوژی وەدووخست دەست لەو و قەوەتیش لە خودای مەزن، بەرەو مێشەزارەکەی کەوتەڕێ.

هەر گەیشتە ناو مێشە و پۆلەپۆڕێکی بۆ ڕێکەوت، تاپڕێکی لێ تەقاندن سێ پۆڕی پەڕنەخشینی لێ گێڕانەوە. سوارە بەو ڕێکەوتە، گەشە لەهەموو گیانی گەڕا. هەتاوی نەرمەبزەیەکی بێ باوی کەوتە سەر لێوە چرچەکانی.

لەنێو خەیاڵی خۆشی خۆیدا وردەوردە بەرەو مەزرا و هەوارگەکانی ساڵانی مەڕداری دەڕوێشت. ئەسپەشێ ڕاچەنی و بۆرە کەروێشکێک ڕاپەری و تاژی هەر لە حەواوە قۆزتیەوە. سوارە دابەزی و کەروێشکی سەربڕی و دەستی حورمەتی بە پشتی تاژییە زەردا هێنا.

سوارە موچوڕکەی مەینەتی، گیانی بەردا و لێکدانەوەی خراپ سەری سووک کرد. ئەو ڕۆژەی بەلاوە موبارەک و سەرەتای گۆڕبوونی نەگبەتی بوو. ئارەقەی شادی هەموو لەشی داگیر کرد و لای وابوو شانسی بەرەو گەردوگوڵی بووژانەوەیە و نەیدەزانی هەوەڵی چاڕەڕەشی و ئاخری بەهاری سانەوەیەتی. سوارە ویستی پشوو بدات لە ئەسپەبۆرە هاتە خوار و لە ناو چیمەنێک پاڵی داوە، ئەسپەکەی لەناو گیاوگژی خاو و ساوادا چەیار کرد. غەریبەیەک بە ڕێگادا چەقی ملی کێشابوو و ئارەقەی لێ دەچۆڕا.

فەرموویەکی غەریبەی کرد و ئەویش بۆ سووکەپشوویەک لای کردەوە و خۆی لێ بەعەرزی دادا.

سەر و قلیان تێکرا و دووکەڵیان لێ بڵێندبوو.

سوارە: بێ قەیدی بێ لە کوێرە بۆ کۆی و ناوی شەریفت؟

ناوم «سوورە»یە و خەڵکی «سەراو»ی سوبحاناغام و لە ئیش و کاری پێویست دەگەڕێم.

سوارە: ئیشی چی و لە کامە کار و کاسپیدا دەسودەم گەرمی؟

سوورە هەناسەیەکی باریک و بۆکرووزی هەڵکێشا و ملی بەلارەوە ناو دوو دڵۆپ فرمێسکی لێڵی لە چاوەکانی هەڵوەراند: کامە ئیش، کامە هونەر بوو کە بە سەریدا زاڵ نەبم، ئەی ماڵی بێ بەختی مرێ، هەروەکوو ئاوام بە سەر دێنێ.

سوارە: لەمەڕ کاروباری دێوەخان و چێشت و نان چی؟

سوورە: بەگم ئەوەتی هەم سەروکارم زیاتر بەو خزمەتەوە ئیشاندووە، کاری دیوەخان و خۆراکی ڕازاوە هەر لەمن دەکاڵێتەوە.

سوارە: زۆر باشە کەوابوو شانست هاوردووە. منیش بە بابایەکی وەک تۆ نیازم زۆرە ئەگەر دڵتان بەمن وەکرێت.

سوورە: قوربان قسەت لە دەما شەکر بێت، کە تۆ ڕازی بی، من بێ قسەم.

سوارە: دەی برام زۆر گوتن قورعان خۆشە من بڕێک ئیشم هەیە و سەرێک لە مەزرا و لەوەڕگەکان ئەدەم و ئەگەڕێمەوە. بەڵام جەنابت هەر لێرەوە بەرەو گوندەکەمان وەڕکەوە. لەو چەمە پەڕیتەوە ناو دێ دیارە خانوومان لە خوار گوندەکە بە تاقەوەیە چنارێکی بەرز دروشمی حەوشەکەمانە. کەم خێزانم خۆم و خەسووم و عاسەی خێزانم، سێ مۆجزاتین کەم ئەرک و کەم کوێرەوەریم. ئەم سێ پۆڕەش لەگەڵ خۆت بەرەوە بۆ نیوەڕۆژە بیانکە بە کەباب. ئەم کەروێشکەش بۆ سەنگەسیری شام. دەمێکە کەبابی پۆڕم نەخواردووە، ئەوا سوێم دەبێتەوە بۆ کەبابێک تاژییە سەقریش ڕستەکە با لەگەڵ من نەبێ. من بەرەو کوێستان دەڕۆم. دەترسم سەگ و مەگی شوانە مەڕان تووشی سەمڕ و سەمەرێکی بکات. بە فلان بەڵگە خۆت بە عاسەخانی کابانم بناسێنە، تۆزێک شێتۆکە و قسەشرە، دڵت لێی نەبێ. خەڵووز و شیشە کەبابەکانی لێ وەرگرە بە ئاوری گەش و بێ دووکەڵ و چەڕەچەمان وێچوویی خۆت نیشان دە تا دەگەڕێمەوە.

سوارە ئەمەی گوت و بەرەو لەوەڕگە کەوتە ڕێ. سوورە تاژیی ڕستە کرد و کەروێشک و پۆڕی پێچاوە و لاقێکی کردە سێ و بازێکی کردە چوار و بەرەو گوند لە خۆنووسا.

چۆم لێڵە و سوورەش ترسەنۆک. ئەیەوێ تاژییەکەی وەبەستێ و بوار تاقی وەکات. تاژیی لە دار هەرمێیەک شەتەک دا و وەک مراوی بواری بڕی و پەڕێوە. پۆڕ و کەروێشکی لەمبەر دانا و بەرەو تاژی گەڕاوە. تاژی خۆی لە دار هەرمێی پێچاوە و ڕستەی کردۆتە تەناف و لە ملی بۆتە قوڵفەی مەرگ و ددانی پێ گڕبوون. سوورە دوای شین و شەپۆڕ و بەخۆدادانێکی بەرچاو، هەر بە دارەوە تاژی بەجێهێشت. دووبارە لە چۆم نیشت و بەرەو پۆر و کەروێشکە بۆر گەڕاوە. بەڵام گەڕی گەردوون دەستی لەیەخەی ناکاتەوە و هەردەم بە ڕووداوێکی نوێتر داوی بۆ قەف دەکات. سوورە چاوی چوونە تۆقی سەری ڕق وقین، ئەوکی گرت، دەستی بۆ خڕکەبەردێک درێژ کرد، ویستی دەس بووەشێنێ بەڵام هەڵو زووتر کەوتە دەستەوکەری و کەروێشکی خستە حەواو لە هێرشی سوورە ڕزگار بوو. سوورە سەرلێشێواو بەناچاری سێ پۆڕەکەی هەڵگرت و بەرەو ناو دێ ڕۆیشت. خۆی بە عاسەخان ناساند. خەڵووز و جێکەباب و شیشەی لێوەرگرت. پیواز و بەهارە و ئاولیمۆ و ڕۆنەکەرە و نانی نەرمی پێگوشنی لەسەر سینییەکی زێونە مۆڵ کردن. هەوەڵ پۆڕی برژاند بۆچەک و چرکەی تام و بۆنی خۆش نەوسی ڕاچڵەکاند، دەستی پێ نەگڕاوە ئەو پۆڕەی هەر بە دوو سێ پاروچکان ڕۆهێشت و نۆشی گیانی کرد. پۆڕی دووهەمی لە شیشەدا و لەسەر پۆلووی گەشاوە جێگەی بۆ کردەوە تا ئاوڕی داوە گورپە پشیلەیکی ئاماڵ چەتە پۆڕی سێهەمی ڕفاند و هەروەکوو با و بۆران دەرچوو.

سوورە: هەر بە پای پەتی کەوتە سەری و بە خڕکە و پلار و تاشەبەردان مەیدانی پێگرت و بەناو هۆدەکەدا وەک شێلاقە دەیسووڕاند. دەستی لە خڕکە کێشا و شووشەی پەنجەرەی تێک شکاند و گورپە پشیلەش پۆڕی لەو کەلێنەوە ئاوەدیو کرد. سوورە لە بەختی ڕەشی، ڕەشکەیەک ماسیوە لاقی لە زەوی کوتا و چەند تفی لە ناوچاوانی بەختەکەی کرد و فرمێسکی هەڵوەراندن. بەپەلە بۆ لای ئاشپەزخانە گەڕایەوە.

لە مشت و مڕی پشیلە بۆردا زۆری پێچووبوو، پۆڕەکەی تریشی لە سەر ئاگری بە تین، ببوو بە خەڵووز و کەڵکی خواردنی نەمابوو و ئێسک و گۆشت و پێستی بە سەر یەکا سووتابوون. چەقە دووکەڵ و بۆچەک و چەرەچەمان، عاسەخانی وەک ماری ژاراوی لەسەر کلکی بۆ پێوەدان ڕاگرتبوو. ئەوەی دەبێ نەکرێ و نەگوترێ گوترا و تف و جنێو و ناو و نیتکەش سەربار. لەولاشەوە سوارە سەرێکی لە لەوەڕگە و جێگەهەوار و ساباتە کۆنەکانی ڕۆژی بەرووتردا و ئاوری بیرەوەری تێهەڵگرا و فرمێسکی هەڵڕژانە سەر زەوی بەیار و چارداخی ڕووخاو جێ هەواری چۆڵ و هۆڵ - چۆڵەچرای هیوای وەبەر با دا و بە هەڵەی ژیانی زانی - کوێرەبرینی کولانەوە، مام وەیسەی مامی هاتەوە بیر و بڵێسەی هەناوی پڕ لە پەشیمانی لە ئەسپی هێنا خوار و ئەژنۆی پێ لەباوەش گرت.

پاش ماوەیەک هەناسە و ئاخ و داخ و بە خۆدادان، شەیتانی بەنەحلەت کرد و بە هیوای کەبابی پۆڕ و... سەنگەسیری شام بەرەو ماڵ قەمچی لە ئەسپی لەڕ و لاواز و بێناز کێشا و پێچ و پلۆچی لامووچانی بەجێهێشت. تەق لە بەردەمی وتاغەکەی دابەزی. عاسەخان ڕووبەڕووی هات و ڕووداوی سوورەی وەکوو تاڵاوێک بە زاریدا کرد. هەرچی بە دەمی داهات بە سوورەی بەخێر نەهاتووی گوت.

سوارە عەبەسا و ئارەقەی پەژارە پشووی پێبڕی و بوو بە داهۆڵێکی بێ متەق. نەیدەزانی لە دەس کامە بەڵا بناڵێ، لەگەڵ کێهە ڕووداو ڕووبەڕوو بوەستێ. کارەسات خۆکردە و دیزە بە دەستی کابان شکاوە، چارە هەر بێدەنگییە. چەند ڕۆژێک تێپەڕی و تازییەی تاژی و کەروێشک و پۆڕان تەواو کرا. سوارە لە ناو زۆنگی قوڕوقەپی هاتەدەر و ڕوو بە سوورە گوتی ئەڕێ تۆ هیچ لە جووت و گا و فەلایەتی دەزانی؟

سوورە ملی بە لارەوە ناو گوتی: گەر بێ شانسی دووبارە دەستم لێ نەوەشێنێ، دەتوانم. بەڵێ، کوڕە جووتیارم، جووت و گا هەر لە من جوانە. هەر زەوییەک من گاسنم بیگاتێ، تا حەوت ساڵ بەیار نابێتەوە هەر بەر و بێستان و شیناوەردێک بە دەستی من بێتە بەرهەم هەزار ئافەرین و ماشەڵڵای لێدەبارێ.

سوارە زەردەیەکی لێڵ و خەماوی، کەوتە سەر لێوە چرچەکانی گوتی: برام لە چاو و ڕاو و فڕ و فیشاڵان دەس هەڵگرە و لەسەر کردارانی دانێ. تۆ چەن ڕۆژ لەمەبەر خۆت بە فەڕاش خاس و ئاشپەز ناساند، ئەوڕۆش بارت لێ گۆڕی و بوویە جووتیار و خەرمان پێو.

ببورە ئاغام تا ئەو هەموو پشیلە برسی و دزانە لەناو ماڵی تۆدا خەریکی زیان و دزی بن من کاری نان و چێشتم بۆ ناکرێت. ئاغام کێ بە دەردی کێ دەزانێ. تۆ نازانی کە دەستم دا کەوڵە نان گورپەی سوور و شڵە و تاڵە چۆن پەلارم بۆ دێنن، هەر ئەوەندەیە منیش ناخۆن، ئیتر عاسەخانیش سەربار.

سوارە: عاسەخانی چی؟ بڵێ بزانم دەتەوێ چ بڵێی؟

سوورە: هیچ، هیچ، لەزارم هەڵە بوو بمبوورە. ویستم داوێنت بادەم و داوات لێبکەم لە دەس بازبازێن و میاومیاوی ئەو مۆجزاتانە نەجاتم دەی و ئابڕووم وەکڕی. برسین هەر تێڕۆدێن، ڕۆڵەی لەبەر دایان هەڵدەگرن، لەوانەیە پیاویش بخۆن، بمکە جووتیار و بەلەخەتم تەماشا کە، لە گامەرز و هۆگانم بڕوانە، دەست و تووم ببینە.

سوارە: لە خوام دەوێ ئەو کارە بکەی. مەزرام بەیار نەبێ و نەتەوێ پێمان خۆش نەبێ و پلارمان تێ نەگڕێت. هەر لە ئێستاوە تۆ جووتیاریت.

سوورە سمێڵی لێ بزوات و بزەی کەوتە سەر لێوان. لە خۆشی جووت نەجاتی لە دەس قاپ و کەوچک و مڕومۆچی عاسەخان. هەر ئێوارە تووبەرەتووی داگرت. ملەنیر و ئاموورکێش و کەرەسەی پێویستی تێک نا و مشار و تەشوێ و دار و کەڵەوەی زیادی لە دەوری خۆی خڕ کردەوە.

سوارە بەڕوویەکی خۆشەوە گوتی: سوورە بەڕاستی لە جووتیار دەچی، وێدەچێ سەردەرچوو بی.

سوورە شانێکی گەشەی بادا و بەڵێیەکی قەڵەوی بەزاری داهات و پشوویەکی دڕێژی خواردەوە: گەورەم تا نەکەومە کار، قسە بێ کەڵکە بەو زووانە تێدەگەی جەرگی زەوی چۆن دێتەدەر. بێخەم تۆ بڕۆ بەلای شیرین خەوی شەوەوە، من ئەوشۆکە ناخەوم. ئامڕازەکانی جووتیاری لەق و لۆر و لە کار کەوتوون، دەستێکیان تێوەردەدەم، هەر پارشێوی ڕۆژووگران بەرەو مەزرا دەڕۆم گایەکان برسین. ئەبێ تێرکرێن. دەنا ئەرکی جووتیار دەرنابەن.

سوورە ئەو شەوە نەخەوت شەوی مابوو نیر و ئاموور وەڕێ کەوت. شەوی مابوو لە داوێنی زەوی باری بە عەرزی دادا. گابۆر و گازەردی کردە ناو لەوڕگەی خۆشەوە و ویستی تێر بلەوەڕێن و هێزی کاریان بێتەبەرێ و ئەمجار ئەو سەراوسەر هۆگانیان بۆ وەڕازێنێ.

سوورە لەبەر ویشکە خەیاڵی گامەرز و هۆگانی دوور و دڕێژ شەو نەخەوتبوو بێ خەوی لەشی قورس کردبوو. ویستی تا گابۆر و گازەرد تێر دەخۆن و دێنە کاوێژ و زمان لەخۆ دەدەن ئەویش چاوێک بەخەو گەرم کات. شانێکی بۆ دادا و خەویش هێرشی خۆی بردە سەری. بەربەیان نەرم و هەوا خۆش و زەوی شەدار و دنیاش بێ مێش و مەگەزە و گەزە خەونووچکەیەک هەر دەبێ بە زێڕان بیکڕێت. سوورە سەریکردە سەر کڵاشەکانی و هەتاوی قاوەڵتوون چەنەی گەرم نەکرد و مێش و مەگەز و مۆزە شینە خوێنیان لێ نەهێنا وەخەبە نەهات. سوورە بەتینی هەتاو و ویزەویزی مۆزی مڵۆزم ڕاپەڕی و لەگایەکانی هەڵڕوانی. گازەدەر خۆی لەعەرزی داوە و گابۆرەش بە پێوە دژ داماوە. دیتی تۆبەرەتۆو خوراوە گازەردی نووستوو زۆر بە قەڵسی دەستی کرد بەکوتانی. نەخێر، نە گازەرد لەبەر کوتەک ڕادەپەڕێ و نەسوورەش بەزەیی پێدادێ. سوورە سەری سوڕماوە، تێگەیشت کە بەهاروو کاری خۆی کردووە، زۆر لەمێژە گازەرد عەمری درێژی بۆ جووتیاری بەجێ هێشتووە. چاوێکی پڕ لە گریانیشی لە گابۆر کرد، ئەویش ئاوی لە دەمی دێ وەک ڕەشکەکا ماسیوە و وەکوو مێژووکە هەڵدەلەرزێت، ها کە ئێستا و ها کە تاوێکی تر ئەویش بە دەردی ئەوی تر بچێ و گۆشتەکەی لە کیس بچێت. سوورە نەیکردە نامەردی، سواری سەری بوو، ناوی خودای لێهێنا و سەری بڕی. ئەمجار دەستەوئەژنۆ، شینی تەواوی گێڕا. سوارە ناشتایەکی درەنگ سواری ئەسپە شێ بوو و تاپڕکەی خستە پێشکۆی و بۆ تەماشای گامەرز و ڕەست و نەقیزەی سوورە، بەرەو مەزرا کەوتە ڕێ. قەمچی لە ئەسپە شێ کێشا و شاباڵی پێ پەیدا کرد. بە چاو لەیەک نانێک خۆی گەیاندە ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو. سوورە ترس لەرزی لێ هێنابوو، ئارەقەی خەجاڵەتی سەری شۆڕی ئەوندەی تریش پێ شۆڕ کردبوو. چاوی بۆ هەڵاتنی دەگێڕا و کونەمشکی لێبوو بە قەیسەری. بێسەردەری تەنگی پێ هەڵچنیبوو. پێی وابوو بەتاوانی خۆی گۆڕەوشار دەدرێ و شارەوشار بەدەر دەکرێت. سوارە سەرەڕای ئەو هەموو ڕووداوەی کە یەک بەدوو یەکا بەڕووی دادەڕووخان ژیانیان دەخستە مەترسییەوە، زۆری دڵ بە سوورە سووتا و ئاگری بۆ تێبەربوو. زۆری دڵنەوایی کرد و بە ڕوویەکی خۆش و زمانێکی پڕ لە بەخشینەوە گوتی: کوڕم بە خەم دامەکەوە سەر و سمێڵی خۆت مەڕنەوە. تووڕەیی حاسمان و هێرشی بەڵایان بە بەژنی من بڕاوە و نەک تۆ. باشی دەزانم نانی گەنم و باوی هەڕاڵی و خۆلێگۆڕان تیری بۆ خستوومە کەوان هەر تاویێ بەداوێک و بە ڕووداوێک ڕاوم دەکات و هەرچی بەسەرم دێ و ڕێگەم پێدەگرێ خوم بە هەوێنی ئەو بەسەرهاتە دەزانم نەوەک ئەتۆ. ئێستاش کار بەخەمان پێک نایە، وا من بەرەو مال دەڕۆمەوە، یارمەتی دەرت بۆ دەنێرم گایەکان کەوڵ کە و چەرمەکەیان بۆ ماڵ بێنەوە، دەیان فرۆشین. گۆشتی گابۆریش بەسەر هەژاراندا وەبەشە و ببێتە بەڵاوەگێڕی قورت و بەڵای گەورەتر. هەروەها ڕانێک و بڕێک لە گۆشتی لاشان و مازەپشتەکەشی بۆ خۆمان ڕابگرە. بزانین حاسمان لە ڕاستمان چی تری پێیە و چ گەڕێکی ترمان پێ دەگێڕێ؟

سوورە لە جوانمێری خاوەن ماڵ تینی تێگەڕا و عەسرێکی زوو، بە کەوڵ و گۆشتەوە گەیشتوە ماڵ. هەر ئەو شەوە سوورە بە کەیفی خۆی ورگی لە کەبابی گابۆر هەڵێنجا و پشیلە و گورپەی بزۆز و هاروهاجیشی پێ حەمایەت کردن.

سوارە دەستووری دا هەر بەیانی ئەو دوو کەوڵە گایە بەرە بۆ شار و لە چەقەی بازاڕ بیانفڕۆشە، پارەکەیان وەگێڕە بۆ من پێویستم بە پارە زۆرە.

سوورە هەر لە تاریک وڕوونی بەیانیدا خۆی گەیاندە شار و لە ناوەڕاستی چەقە بازاڕەکەدا هەی چەرم هەی چەرمی گرتەوە. قوڵەچەرچی و دەست و گوێبڕ تێیگەییشتن یارۆی کەوڵفرۆش لێنەزان و فشەڵۆک و لە دەستان نەرمە. بڕیاریان دا هەموو لە هەموو ببنە شەریک و مفت و مەرحەبا ئەو چەرمە باشانەی لێوەرگرن. جووتی چەرمەگە بە سی دینار هەر تووڕەی بوو. ئەوان وەک چاو بەست بە چوار دینار و نیو لێیان کڕێ. تاق و جووت لە ترسی تەشقەڵە و پەشیمانی سوورە خۆیان لە ناو ئاپۆرەی خەڵکدا گوم کرد. سوورە پارەی لە گیرفان ئاخنی و ویستی بەرەو ماڵ وەگەڕێت و چالاکی خۆی نیشان بدات. بەڵام قەرەباڵغێک دەوری چەقەبازاڕەکەی وا تەنی بوو کێچ نەیدەتوانی ڕاپەڕێت. پێ لەسەر پێ خەڵک ڕاوەستابوو بۆ تەماشا و چاوەچاو و پاڵەپەستە و کەس لەکەس بوو. سوورە بۆ تەماشا خۆی بە نێو ئاپۆرەدا کرد و دیتی کابرایەکی چاوشینی ئاولاوی مەلێکی پێیە و هەروەکوو مەیموون گاڵتەی پێدەکا و هەر نۆبەی بەڕەنگێک و مەکرێک مەلەکە خۆی دەگۆڕێ و یاری دەکات. کابرا دەیەوێ بیفڕۆشێ بەڵام نە بۆخۆی ناوی نەزانێ و نەخەڵکی بازارەکە دەیناسن. تەنانەت ڕاوچییەکانی ئەو مەڵبەندەش دەیان گوت تا ئێستا باڵندەی ئاوامان نەدیوە. ئەو دەعبا بۆرکەڵە لە کۆترۆکێک باوخۆشتر بوو ئەگەر کابرای خاوەنی قەڵسی دەکرد، دەکەوتە هوومەن و شاڵاو و هەموو لەشی دەبوو بە گەردن و دەهاتە سەر وێنەی شینەمارێکی پڵ پڵی گاهەنگێو. ئەگەر لە هەڵبەزین و شاڵاو و زەنازەنا ماندوو دەبوو خۆی دەبردەوە بەریەک و دەبوو بە کوندە چکۆلەیەکی سەر کەڵەکان.

جاروبارەش دەم دەکاتەوە و دەچریکێنێ. چریکەی لە سەقر و بازان نامێنێتەوە. پەلەوەرناسەکان نەیاندەناسی بەسەر سوڕمانەوە هەریەکەی ناوێکی بەسەر دا دەبڕی. یەکی لای وابوو زڕەشاهۆیە، ئەوی تر ئەیگوت ڕەنگە ڕەشبەشۆکە بێ و بڕێکی تر دەیانگوت ئەگەر هێهێ کەرە هەبێ لەسەر زەوی هەر ئەوەیە. کابرای وا هەبوو بە سوێندانەوە دەنووسا و دەیگووت کەومارە. زۆر کەسیش لای وابوو شوان هەڵخەڵەتێنەی فێڵەبازە.

سوورە دەمی بردە پێش و وتی من ئاغاکەم ڕاوچی و پەلەوەرناس و سەردەرچووە. هەر دەبێ ئەو بیناسێ. بیسمیللا، شەقەی سەودامان بێت.

سوورە بە سێ دینار و دوو درهەمان دەعبای کڕی و بەرەو ماڵ پێی پێوەنا و دەعبای لەبەر دەمی ئاغای دانا.

سوارە: ماڵوێران ئەم کوندە چکۆلەت بۆچی هێناوە ئەمە قەشکە و نان و دۆبڕە، مەیمەنەتی باش نییە، زووتر بیبەوە جێگاکەی خۆی گوناحە بێ زمانە با خوامان لێ نەڕەنجێ.

سوورە: بە سەری تۆ نە کوندە و نە نان و دۆبڕ مەلێکی قومارباز و خۆش ئاوازە، لە دەرکی هیچ پاشازادان وەدەس ناکەوێ، لە ناو مشتەری چەقەبازاڕی شارا کڕیومە ڕفاندوومە. باوەڕ دەکەی بۆ خەمڕەوێنی هەر وەگیر ناکەوێ و هیچ سەیر و تەماشایەک دەسکی لە دوو نکات. ئەو دەعبایە وەدەس هیچ میر و خانان ناکەوێت. لەسەر ڕوخسەتی تۆ با بڕێکی لەگەڵ بدوێم و بەزمێکی وەڕازێنم.

سوارە: فەرموو بزانم ئەم دەعبا بۆر و دزێوە چی لە دەس دێت.

سوورە ڕۆییشتە پێش و پەڕێکی سەرباڵی کێشا و بووزێکی پێوەکرد و کێشەی پێ هەڵاییسان. دەعبا ملی کێشا و گووپی ماساند و پڕ بە هۆدەکە زریکاندی. چەتری هەڵدا و پەڕی زێڕین و هەزار ڕەنگەی خستە بەرچاو جاروبارەش دەبوو بە مارێکی ڕێکوپێک و ڕازاوە. دەعبا شانۆیەکی وای ڕازاندەوە، سوارە و عاسەخانی خستە قاقاکێشان.

عاسەخان: ڕەبی دەستت خۆش بێ سوورە، تاوێک سەیری ئەم دەعبایە بۆڕەبۆڕی سەد گابۆر و گازەرد دێنێ، هەر دەبێ ئافەرینت لێ بکرێت.

سوارە: تا ئێستا موتولفەی وا جوان و لەبەر دڵانم نەدیبوو. شاخ و ڕەوەز و چۆڵگان زۆر گەڕام ماڵە بەگ و میران زۆر چووم، هێشتا مەلی وا زیت و زرینگ و گاڵتە چیم چاو پێ نەکەوتووە. ئەی خۆزگە مێیەکەشی وەدەس دەکەوت، ئەمجا جووجەڵەشیان ئەبوو بە جێگر و لەبڕانەوە نەدەهاتن.

ئێستا ئەمە تەنیایە داخودا چەندی تر بژی و ئیتر هیچ. هەر خەفەتمان پێدەبڕێ و پەکووپەکوو.

سوورە: بەگم تۆ سڵامەت بی و ئەویش پەیدا دەکەم هیچ خەمت نەبێ.

سوارە: لە منت کەوێ بە هەر قیمەت بێ لێی ڕامەوەستە. ئەگەر سەر زەوی هەموو گەڕا بی ئەبێ پەیدای کەی. زۆر منەتی هەیە.

بەڕاستی خوا ڕاستی وەڕێ هێناوی چەرمی گازەڕد و گابۆرانت لە ئاو نەکردووە، ئەو دەعبایە هەتا بڵێی جوان و مایەدارە. خاوەنی نەیناسیوە دەنا ئەوە فرۆشی نییە مەلێکی پەڕزێڕین و قەدەم خێر و خەم ڕەوێنە. دەبێ ناویشی هەر خەم ڕەوێن بێت.

ئەتۆ هەر جۆر بێ ئەبێ مێوەکەشی بەدەس بێنی. ئەگەر ئەو کارەت بەدەستەوە بێ ناوت ئەنێم سوورەی ڕووسوور. سوورەی لێهاتوو.

سوورە: ئاغام دڵت تەخت بێ ئەگەر لە کێوی قافیش بێ لە دەستم دەرناچێ. یان سەرم دەدۆڕێنم یان تایەکەی پەیدا دەکەم.

سوورە نانی کەوتە ڕۆنەوە. خەمڕەوێن لە شینە و چینە و خواردەمەنی خۆشدا هێز و توانای هاتەوە بەرێ و پەڕوپۆی زێڕینتربوون. لە هەموو شار و شارۆکە و گوندان دۆست و ئاشنا بۆ تەماشای خەمڕەوێن بەرەو ماڵی سوارە دادەبارین. ماڵی سوار لەبەر هاموشۆی پیادە و سواران ببوو بە مۆڵگەی مەڕێک و قاڵمەقاڵمی و خۆی سوارە ڕۆژێک کە ڕۆژان لە بن هەرەسی خەیاڵی تاڵی قەرز و قۆڵەی ناقوڵادا بە دووچاوان فرمێسکی دەڕشت، بە دوو دەستان ئەژنۆی خۆی ڕادەژاند و بە سەری زمانی لە دەس خولی زەمان وە شانسی لاواز ئەوی نەدەبوو بگوترێ دەیگووت.

ویستی بە تەماشای خەمڕەوێن بەزمی بشارێنێ و خەمی بە بادادا خەمڕەوێنی هێنا و بوزێکێ پێوەکرد و پەڕێکی کێشا. خەمڕەوێن خۆی گڕژ کرد و چەتری لێدا و بە زمانێکی پڕ لە شاڵاو و مەترسی چریکاندی. سوارە سەری نەوی کرد و ویستی بە دەمی پڕ لە خۆشەویستی لە خۆشەویستی خەمڕەوێن زیاتر بڕواتە پێش و هەر دوو لاچاوی خەمڕەوێن ماچ بکات. خەمڕەوێن لای وابوو خراپەی لەگەڵ دەکرێ و قووت دەدرێت. کەوتە شەڕ و شاڵاوی هێنا و دندووکێکی لە چاوی سوارەدا بردە خوار و گلێنەی لە گرێژەنە برد و بۆی دەرچوو.

باشتر بڵێم سوارەی بێ چاو کرد و لە شەقەی باڵی دا و لە چاوان خۆی گوم کرد. پاش ئێرە و ئەوێ و داوودەرمان و ودمی چاک و پیران چاو بە قەلپووچی ماوە سوارەی بەناوبانگی جاران، ناونرا سوارە قەلپووچ.

ساڵ هات و ساڵ ڕۆییشتن. نەگبەتی شان و ملی سوارە قەلپووچی بەرنەدا و هەر جارێ لە بارێکەوە بەڵا قورسایی دەخستە سەر شانی. تا ئەو جێگایەی کە لە عاسەخانی خێزانیشی کەوتە شک و گومان و دڵپیسییەوە، ئەو گومانەش ئاگری لە هەناوی بەردەدا و سەری پێ لە قالان دەنا و لە زەناەنای خەیاڵی تاڵدا هەروەکوو مس و مسینە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەتوایەوە. ڕۆژێک ویستی بۆ سەفەر بڕوات و شەو نەیدەتوانی وەگەرێت. بانگی سوورەی کرد و لای خۆی بە سرتە بڕێک نهێنی لا درکاند و گوتی من دەچم بۆ سەفەر شەو لە بن دەرگا وریابە. ئەوەش قفڵ ئەوەش کلیل، هەر کەس لە دەرکی دا و نەڵێ سوارەی سەفەریم، هەقی کردنەوەی دەرگات نەبێ.

سوورە: بەڵێ ئاغام ئەمری تۆ لە سەر سەرمە، هەر لە ئێستاوە تەورە زەردەم دەسووم و هەر کەس بەلای دەرکی تۆدا بە خەیانەت ڕابڕێ بەو تەورە دارشکێنە تێکی دەشکێنم.

سوارە: ئافەریم بەڕاستی ئەمین و گوێ لەمستی بەڵام تۆش هەر وەک خۆم کەم شانس و بەخت گێژی. ڕەنگە من هەر لە شەودا وەگەڕێم هەر وەخت لە دەرکم دا و گوتم سوارەی سەفەریم گورج دەرگام لێهەڵگرە.

سوورە: بەڵێ قوربان حاڵیم، تۆ خوات لەگەڵ و من و دەرگا و تەورەزەرد.

سوارە ڕۆژی دواتر سوار بوو ڕۆیشت. سوورە هەر نیوەڕۆ جێگاوبانی خۆی بردە سەرسەکۆی بن دەروازە و دەستی بە تەور سوون کرد. لەبەر خۆیەوە هەر وڕێنەی بوو. دەیگوت: هەر کەس نەڵێ سوارەی سەفەریم نە دەرکی بۆ دکەمەوە و نە جوابی دەدەمەوە.

عاسەخان تێگەییشت ئەو جۆگەلە لە بناوانیەوە چۆن هەڵگیراوە.

عاسەخان: سوورە هەر ورتە ورتتە ئەڵێی چی؟ ئەم تەورە بۆچی ئەسووی.

سوورە: خانم تۆ کارت نەبێ بۆچی ئەسووم و چیم پێ گوتراوە.

عاسەخان بە قەشمەرییەوە بە دەوریدا هات و کیسەی بۆ پڕ لە تووتن کرد. ڕەمزی شەوی هەستاند و لە ڕووداو سەفەری سوارە حاڵی بوو.

عاسەخان خۆشەویستی خۆی لە ڕەمزی شەو گەیاند و کەیفی شەوی تەدارەک گرت. شەو داهات و سوورە دەرکی قفڵ کرد و تەورەزەردی لەسەر کۆشی دانا و حکوومەت نیزامی ڕاگەیاند. لە چەقی بێڵایە چوار مێردەکی دانیشت. شەو تاریکایی تێ گەڕا و بە هێواشی لە درگایاندا. سوورە زۆر بە تووڕەیی گوتی کێ بوو. دەنگێکی نەرم گوتی سوارەی سەفەریم.

سوورە: فەرموو بەگم. خێر بێ زوو گەڕایەوە. کابرا لەژێر لچەوە گوتی واهات. ڕۆیشتە ژوور. دوو چەتۆری پووڵ خستە کۆشی. گوتی سوورە هەر کەس لە دەرکیدا و گوتی سوارەی سەفەریم هەروا بزانە دزە و درگای لێ هەڵمەگرە.

سوورە: ئەمر فەرموو قوربان فەرمانی تۆ بەڕێوە براوە.

سوارە هەر ئەو شەوە بەرەو ماڵ گەڕاوە کەڵەبابخوێنی پارشێوان لە دەرکی خۆیانی دا. سوورە گوتی کێیە. سوارەی سەفەریم.

سوورە: تۆ دزیت فریوم نادەیت سوارەی سەفەری هەر نوێژی خەوتن گەڕاوەتەوە و لە ناو جێ و بانی خۆیدا خەوتووە.

سوارە لە هەنگامە تێگەیشت. گوتی بیکەوە ڕۆژەڕەش من سوارەی سەفەری ڕاستیم ئەوی تر دزبووە.

سوورە: فریوم نادەی تۆ دزی غەریبەی زیاتر لەسەری بڕوێ بەو تەورە تازە دەمە زەردە جوابت ئەدرێتەوە.

سوارە: من سوارەم سوارەی سەفەری حەسڵم، ئەوەی چۆتە ژوور فێڵی لێکردووی ئەو دزە نەک من. من سوارەی ئاغاتم دەرگا هەڵگرە و لێم بڕوانە. بزانە خەمڕەوێنی تۆ چاوی ڕاستەمی چۆن هەڵکۆڵێوە بزانە بە چەرمی گازەرد و گابۆران چ بەڵایەکت بۆ کریم. دەرگا وەکە و وەمناسە. ئەگەر بۆ خۆت نەتگوت ئۆباڵ بە ئەستۆم هەوی تەورە زەردم لێ خوێناوی کە.

سوورە دەرگای لێکردەوە و زۆری تیهەڵڕوانی گوتی: بەڕاستی خۆتی ئۆباڵ بە ئەستۆم ئەوی تر فێڵی لێکردووم، خۆت نەبووی. تۆ خۆتی نە کابرای هەوەڵی شەو. ڕوخسەتم دە بابڕۆم تەورێکی لێ تاقی وەکەم بۆ باپیرەی بکەمە قوربانی. سوارە چەقوچۆی ڕوودا و هەڵی دەچوقاند. تۆ مەڕۆ خۆم دەچم بەو خەنجەرە شاڵاوی دەبەمە سەر. ئەگەر دەرۆستی نەهاتم تۆ لێرە چیت لە دەس هات بیکە. قارەمانی لە تۆو ئەنعام و خەڵاتیش لەمن. سوورە: ئاغام بێ خەم بە و تەوری من گورچووی پۆڵا دەبڕێت. سوارە بەرەو هۆدەی عاسەخان ڕۆیشت دەرکا قفڵ بوو تا دەرگای شکاند کابرای دز لە پەنجەرەوە فڕکەی بۆ کرد. دەستەوخەنجەر بەرەو دەرگای حەوشە کەوتە سەری دەنگی سوورەیدا و سوورەتەوری هەڵسووڕاند. ساحەبماڵ وەبەر هات و دز ڕای کرد. تەور کاری خۆی کرد و باوکەڕۆی گەیاندە کووچە و کۆڵان. عاسەخان و کەسکە کاری خۆیان کرد. شان و باڵی سوورەیان شەتەک دا و هەروەکوو قاتلێک ناساندیان. کارەسات بە قازانجی دز و مەرگی خاوەنماڵ تەواو کرا. میرەماڵ کوێرەوەبوو. هەڕاڵی سامانی سوارەی هەڕاج کرد و سەرێ وەبەر تەوری نەزانان دا و بۆ هەتاهەتایە ناوی لەناو مێژوودا کردە مەتەڵۆکە.