سوارە و سوورە

نانی گەنم شاخدارە
از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 6 دقیقه  1144 مشاهده

سوارە پیاوێکی ڕێکوپێک و بەدیمەن و بەرچاو بوو. کەم کەس دەیتوانی تێر بە چاوان لێی بڕوانێ و بڕیاری هەڵوەشێنێتەوە. ناوبراو مەڕدار و میوانگر و سفرەپان و قسەچەور و بەبەخشش بوو. لە ناو چوارچێوەی ژیاندا خەنی و بێ کەمایەسی بوو. ئەسپی بزۆز و وێزەنگی زێڕین چەکمەی بەمامزەدار هەر لەوی دەکاڵاوە و کەسی تر.

کلێتەی کوردانە و ڕانکوچۆغەی سوورگۆیز و خەنجەری مشتووسپی ئەوەندەی تریش سوارەیان لە ناو دڵاندا خۆشەویست و ماقووڵ کردبوو. جوانی و جوامێری سوارە لە ناو عێل و عەشیرەت و هۆزاندا ڕیشەی داکوتابوو.

دەسێ نەبوو لە مەڵبەندا، دەستی بادا و با نەبوو لە کۆگای ویستی پووشکەیەک ڕاماڵێ. دێو نەیدەتوانی بە مۆڕەوە لێی بڕوانێ و بڕیاری هەڵبڕێت.

خوێنگری خوێنان و پیاوماقووڵی سەر ڕووداوان بوو. گورگ و مەڕی پێکەوە پاڵین دەدا و فیلی بە موو چەواشە دەکرد. ئەو لاوە شیرین ژیاوە، مامێکی هەبوو پیر و لەرزۆک و لەکارکەوتوو، بەڵام بەهۆش و هێواشبێژ و بە ئەزموون و سەردەرچوو.

بەڵای پیری و کۆسپ و قۆرتی تەمەن دەسی پێ لە داوێنی سوارە وەرێنابوو و وەکوو پەنابەرێکی بێدەرەتان لەسەر سفرەی سوارە دەژیا و چاوەڕوانی لە مردن بوو. پیرەپیاو ناوی «وەیسە» بوو. لە پسپۆری و خواناسیدا لە وەیسی ماهی دەشتی بەجێ نەمابوو. وەیسە لەو شۆخە پیاوانە بوو کە لە کاتی خۆی خێوی شاخداری لە گێرە دەکرد و حەزیەی دووسەری سەمەندۆک دەکرد.

بەڵام گەڕی پیری نزم و نەوی لەسەر زەوی تووشی بێنازی و دەستندەخۆری کردبوو. لەگەڵ سوارە هەناسەسارد و بێدەنگ و دەسەڵات دەژیا، سەرەڕای ئەوەش زۆر جاران سوارەی لەسەر لێوی کەندەڵانی هەڵە و هەڕاڵی دەگێڕاوە. وتە بەنرخەکانی بەو شێوەیە دەسپێدەکرد. دەیگوت کوڕم سوارە تۆ هێشتا گەنجی و بێ ئەزموونی، وریا بە، نانی گەنم شاخت لێ نەدا و ورەت نەدڕێ. کوڕم بەڵای هەڕاڵی بێ دەرمان و دوکتورە و مانی بە بێ سامان و پارە نەمانێکی پڕ لە عەیب و عارە. کوڕم هەتا هەتە بەرزی و هەوی، فەقیر کەوی، نزم و نەوی. ئەبێ ژیر بیت. تێری دەستت لێ نەوەشێنێ و نانی گەنم شاخت وەبەر نەدا و گاجووتت بە گیسک پێ نەبەخشێ و نەزانی تووشی تەڵەی هەڕاڵیت نەکات. پێشنیان وتوویانە نانی گەنم شاخدارە و پیاوی تێر لە هەڵدێران نزیرە. هەروا گوتوویانە، تێر تلێک بدا ئەستۆی ورد دەبێ، بەڵام برسی سووڕێک بدا هەڵدەستێتەوە.

کورم ڕۆژی ڕوون شەوی ڕەشی بە دوودا دێ و بە ماڵی زۆر هەڵمەخەڵەتێ. دۆستی سەرسفرە، بە سەفەری بزانە و لە گرێ و گۆڵی ناو ژیان و ژانەسەری سەردەمی پیری بێ بیر مەبە. لەم ڕۆژانەدا بیستوومە ئەتەوێ داوای عاسەخانی کچی کەسکە بکەیت و هەیاسەی تەڵا و تاس کڵاوی موسڵی بۆ بکڕیت و زەنازەنای زەماوەندی بۆ وەڕازێنی. ئاژاوە بخەیتە نێو ماڵ. ماڵی خۆت بکەیتە جێگەی ئاشی دەوەنە ئاشی و شووشەی سام و شکۆی خۆت لە بەردی بێ ناوی دەی و بۆ هەمیشە کردەپەشیمان و ماڵوێران بی. هەروەکوو مامەی خۆت پەنابەری قوون ئاو و تەندووری ماڵان بیت. ئەم کارە هەرگیز نابێ بکرێت. ئەگەر هەر لە کەری شەیتان دانەبەزی، عاسەخان لفی تۆ نییە و بە سی ساڵ تەمەن تۆفیرتانە. ئەویش کێ؟ کچی کەسکە.

هەموو کەسێ کەسکەی ناسیوە، دەڵاڵ و کتکە نەوتینەیە. کوندەبووە، وەیشوومەیە. کەسکە هەر ئەو ژنەیە کە مەرگەمووشی بە گەرووی باییزخانی مێردیدا کرد و ئاژاوەی خستە ناو ئاوایی و هێشتاش بۆچەک و چەڕەچەمانی هەر نەبڕاوەتەوە. عاسەخانیش کچی ئەو دایکەیە «دایکان ببینە و کچان بخوازە» کوڕم ئەو کارە بۆ کردن نابێ و ئەبێ نەکرێت.

مام وەیسە حەکیمانە و پیرانە بەهەزار و یەک بەڵگە، ویستی سوارە لەو سوارییە دابەزێنێ و لەو ژنهێنانەی پەشیمانی وەکات. بەڵام بەڵای هەڕاڵی و پارەزۆری بەحرێکی بێ بوار و هەڵامەتێکی بێ دوکتور و دەرمانە. هەر وەیسە گوتی و سوارە نەیبیست، قسەی مامەی شکاند و نانی گەنم هەڵیمساند. سامانداری، داری هاری خستە دەست.

خولی گۆڕان باری ژیانی گۆڕی. ماڵی تەفروتوونا کرد و کلێتەی بە تیلاکی سەریەوە ناو بەرەو زەماوەندی عاسەخان وەڕێ کەوت. زەماوەندی پڕ لە زەنازەنای بۆ ڕازاندنەوە. زەوی لەژێر سمی ئەسپی بووکێی زۆر و زەبەندەدا کەوتە سکاڵا و بووک دابەزی و ڕۆژی ڕەشی سوارە لە ئاسۆگەوە سەری هێنایەدەر، نەگبەتی باوەشی تێوەرێنا.

وتەی مام وەیسە هاتە دی. نانی گەنم شاخی وەبەردا و سوارەی لە کڕاڵی هەڕاڵی دابەزاند. ناکۆکی ناو ماڵ و دەمەتەقەی دوو هەوێ سێدارەی ژانەسەری بۆ هەڵاوەسی. کوڕ و بووک و باب و دایک ڕووبەڕووی یەکتر ڕاپەڕین. مرقە و مرخێش مرخێش گەیشتە دار و کوتەک و تۆران و لێکپسانی شیرازەی ماڵ و مناڵ و کوڕ و باب و دایک.

زۆری پێ نەچوو میرەماڵ نیری کەوتە عەرز و سوارە سەری کەوتە بن بەرداشی دەردیسەری و مەڕ بێ شوان و بێچوو بێ کابان و شوان بێ شێو و قاپ و قاچاخ و چینی چەنەیان کەوتە بن ژەنگ. سوارە هەناسەسوار بەرەو هەڵدێری نەداری بەڕێ کەوت. کۆترە جوانەکانی سوێ بانی دیوەخان پەڕەوازە بەرەو چیا کۆچیان کرد. پشیلەی مشکخنکێنی ناو ماڵ، پەڕەوازەی ئێر و ئەوێیان بوون و کاسەی نانی بوو بە مۆڵگەی پاشان مشکان.

تاژی ناسک و نازدار لە نووسکەنووسک و قەڵەمباز و خۆڕانان کەوتن و بەرەو گورگەمێشی و دەسپیسی ڕۆییشتن. میوانی سەر سفرە و دۆستی پڵاوخۆر سەری سوارەیان سووک کرد. سوارەی دۆینێ، پیادە ئەوڕۆکەیە و لەژێر فەرمانی کەسکە و عاسەخاندا بێدەست و دەسەڵاتە. کەسکەی خەسوو وکۆنە جانتای جادووگەری، فێڵ و تەڵەکەی بۆ سوارەی هەژار ئاواڵە کردەوە و هێزی پیاوەتی پێ هەڵچۆڕاند و تووشی دەیان هەڵە و هەڵخلیسکانی ناڕەوای کرد و ماڵی پێ هەڵوەشاند و دۆست و ئاشنا و ناسیاوی لێکردن بە دژ.

سوارە سەر و سمێڵ سپی و بێ ڕەنگ و ڕوو، تێشکاو و پەشیمان، لەناو گەروگای خەم و پەژارە و بێ سەردەریدا سەری لێشێوا و ڕۆژی لێبوو بە شەو.