باوە گەورە

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 3 دقیقه  723 مشاهده

باوە گەورە، ناوی قادرە و کۆرپەی باوەشی ساردەکۆسانە و لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا لە گوندی یاغیان کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی مەلازادان بەخاک ئەسپێراوە. خوالێخۆشبوو لە بنەماڵەی عەزیزی خاڵندە و بە شەش پشت دەگاتەوە سەر شێخەی سوور کێوی دەسوەشین. باوەگەورە هەروەکوو هەموو مناڵەکوردێک لە ناو پەڕۆوباڵی سڕ و لانکی شەق و شکاوی کوردانەدا خڕەکەبوو. هاتووتەوە ناو ڕیزی پیاوانەوە. بەڵام هەروەکوو زۆربەی پیاوە کوردەکانی پێگەیشتوو، چەرخ و خولی ژیان تووشی گەلێ ڕووداوی تووش و هەڵدێرانی دەستی تۆسنانی کردووە و هەراوهوریای ساڵی «شێخی» «سمکۆ» و «مەلا خەلیل»و شەڕەکانی عەشیرەتی و هەرێمی، دەورێکی چەکداری باشی پێ گێڕاوە و تاڵی ڕۆژانی شوانی و سەپانی و ساد و سەودا و کۆچ و باری، باری نالەباری ئەو سەردەمە دەورەیەکی تری ڕۆشنبیری و نەترسان و زبکوبڕی پێ حینجە کردووە:

ئەو پیاوە مەزنە هۆش و زەین و زانستی تا ئەو شوێنە بەرز بوو کە دەستی تاریفی پێ ڕاناگات. هەر لە تەمەنی مناڵییەوە تا ناو بێشکەی گۆڕی پیرۆزی چی دیبوو، چی کردبوو یا چی پێکرابوو چی بە سەر کێ هاتبوو مووبەموو بە پێی بەڵگە و نیشانە هەمووی لە بیر مابوون. زۆربەی جاران لەناو دۆست و یاران لە بەڕبەڕۆچکە و سەربان و گۆی تەندووران خەڵک پوورەی لە سەر دەدا و ئەو کۆنەچیرۆک و وردەبەسەرهاتەیان بە تام و خوێتر لە خوێی چێشتان پێدەگێڕاوە. ناوبراو لەو ئاخریانەدا مالۆچکەیەکی گەرم و کوردانەی پێکەوە نابوو. لە گوندی یاغیان سفرەی میوانداری و بەرماڵی خواناسی لێ ڕاخستبوو. کوردانە ژیا و قسە خۆش و ڕووخۆش و بەتام و خوێ دەژیا و تا هەشتاوپێنج ساڵ تەمەنی خۆی لە بیر بوو. ئەو پیاوە پیاوناس و گیاناس و نەخۆشیناس و سەردەرچوویەکی خول و زەمانی خۆی بوو. ناوبراو بۆ ئەوەی پیاوی نەزان تێگەیەنێ و هەڵەوپەڵەی قەڵس و قۆڵان هەڵگەڕێتەوە، دەم و جێ مەتەڵ و کورتەچیرۆکی وای بە دەمدا دەهات، مردووی تێدەگەیاند و نووستووی وەخەبەر دێنان. هەر بەو کورتە نەزیرە و قسە بەتامانە خەڵکی زۆر بەرەو ژیان ڕاستاوێژ دەکرد و لە هەڵە و هەڵخلیسکانی دەگێڕانەوە. یەکێک لەو چیرۆکانەی کە پیاوی تێروپڕی لێ دەترسان سەرگوریشتەی سوارە و سوورەیە کەوا من بە قەڵەمی خۆم لە زمانی ئەو زمان ڕەوانە دەیهێنمە سەر کاغەز و گیانی وەبەر دێنمەوە. باوەگەورە هەزاران بەیت و باوی ئاوای لەگەڵ خۆی خستە گۆڕەوە و لە کیس ئێمەی کوترەخەم و بە جێماو چوون، هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی بێ و لەگەڵ خێری خوا هاوباوەش بێت.