پێشەکی: ئاوڕێک لە پیاوماقووڵی و بەبیرەکانی مێژووی کورد

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 2 دقیقه  656 مشاهده

ئەگەر بە چاوێکی مەند و بێ چاووڕاو و بە هێزێکی مامۆستایانە لە کروکار و شەوگوردی دەست و مەچەکی گەلی کورد وردەوە بین و یان بۆ هۆرە و لۆرە و لاوک و بەیت و باوی بەیتبێژان گوێ ڕادێرین و لە بنەماڵەی عێل و عەشیرەت و سەرۆک هۆزان میوان بین، تەماشای کر و نەخشی تێڕ و جەواڵ و چیخە ئەسمەرپێچەکان بکەین و لە دەست و چەک و چەکمە و زەنگاڵی سوارچاک و گەنجەکان ڕامێنین یان بە زستانی سەخڵەت و سۆڵ و سەرما خۆ لە بەر کوورەی مزگەوتان وەبووژێنین و لە زار و زمانی پیاوماقووڵ و ڕدێنسپیان فکرین و بۆ نەزیرە تیتال و سەرگوزەشتەی قسەخۆشان گوێ ڕادێرین ئوباڵی بۆ دەکێشین و دەڵێین گەلی کورد گەلێکی ڕەسەن و ماکەدار و بەهۆش و زەق و زیندوویە. خاوەنی زاراوەیەکی هەراو و پاراو و بەلق و پۆپە. بێ ئەوەی خۆیندنەوەی هەبێ لە مەنتیق، بەیان و بەلاغەدا و لە مەجاز، تەشبیە و ئیستعارەدا بەشێکی هەرە ماقووڵ و پەسەندکراوی هەیە. زۆربەی گەلی کورد لە خوێندن و خوێندەواری دوور و تەنانەت زوربەیان لە شارستانییەت و ژیانی نوێ بێبەشن. سەرەڕای ئەوەش هێشتا ڕەگەز و ڕەچەڵەکی خۆیان لەبیر نەکردووە و داب و نەریتی باب باپیر و جلوبەرگ و کورتەکی کوردانەیان نەگۆڕیوە، بەتایبەتی پیرەپیاو و قامبێژ و بەیتزانی وای تێدا هەلکەوتووە، هەر خۆشە دڵی بۆ وەگری و لێی فێر بی و لەسەری بنووسی و گیانی پێ وەحاوێنی و بۆشایی مێژووی پێ بنەخشێنی هەر بۆ بەڵگە دەتوانین لە هەرێمی شاخاوی خۆماندا لە ناوچەی گەورکی موکری باوەگەورە نیشان بدەین. لەزار و زمانی ئەو پیاوە گفتولفت شیرینە، چیرۆکێک زیندوو وەکەین و لەبەر شەبەقی ئەو چیرۆکە دەرسێکی بەنەرخ وەرگرین. بەڵام باشتر ئەوەیە پێشەکی باوەگەورە بناسین.