سوواربوونی کەژاڵ بۆ ماڵی زاوا

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 14 دقیقه  894 مشاهده

کەژاڵ: زۆر باشە ئەوا سواربووم. ئاواتی کچێک، دیتنی بووکێتی خۆیەتی، منیش ئەوە دیتم، ئیتر چیم کەمە، یاسای بووک ئاوڕدانەوە لە سێ کەڕەت دا، بە مانای خواحافیزی، ماڵ ئاوایی لە ماڵی باوان، لە دەستە خوشکان، لە خاکی ئاوایی. بەڵام لە بەختی ڕەشم شکایەت دەکەم کە من بێ باب و بێ بەش لە هەموو دڵسۆزییەکم، ئیتر ماڵ ئاوایی لە کێ؟ لە کامە دڵسۆز؟ مەگەر بڵێم ماڵ ئاوایی لە ژیان، لە خۆشی، لە تەمەن، لە ئاوات، لە هەموو شت، لە شۆڕشی خۆشەویست، بۆ هەمیشە، هەتاهەتایە تا بازارێکی تر، تا مەحشەرێکی تر، هەستانێکی تر، جیهانێکی تر.

دیسان دووزەلە و نایە گیانیان خراوە بەر، زوڕنا و دەهۆڵ و دمەک ژینی نۆیان نوێتر کردەوە، سوارە سوار بوون، لەژێر چەمۆڵە و سمی ئەسپاندا چەرمی زەوی چەرمەسەری بۆ ژیاوە، گەڕی گۆوەند و سەما تۆزی زەوی بە چاوی گەشی سەمادا کرد.

کەژاڵ بەرەو ماڵی زاوا لە ئاوایی ئاوا بوو، لە ژێر چارشێوی سوورەوە فرمێسکی خوێن ئەڕژێنێتەوە سەر زەوی. کەژاڵ لە هەزارەی خەیاڵا ئەیگوت: هەر بەیانی زووتر لەم وەختە، جلوبەرگی سووتاو و مەیتی کەژاڵ، کەژاڵی بێ گیان و بێ ناز، بێ دووزەلە و گۆرانی بەرەو ماڵی باوان، بەرەو باوەشی شۆڕش، بەرەو گۆڕستانی کۆن ئەگەڕێتەوە. بەڵام بە جێگای سەما و هەڵپەڕکێ، بە جێگای بەستە و بەندی بووکێ، شین، هەنیسک، فرمێسک، بەخۆدادان و پەشیمانی، خۆرنین، تازیەباری. کەژاڵ لە دەریای خەو و خەیاڵی ئاڵۆزدا نوقم ببوو، سەری شکایەتی بەرەو حاسمان بەرز کردەوە و ئاوایی ماڵی زاوای کەوتە بەرچاو.

کەژاڵ بە دیتنی ئەو گوندە، گوندی ماڵی زاوا، موڵکی سوڵتان ئاغا مچۆرکێکی گورچووبڕ جەرگی بڕی و ئەوەندەی تریشی تاساند. کەژاڵ سەری هەڵێنا و لە ئاوایی ڕوانی، گوندێکی ڕازاوە و لەبەردڵان، بەروهەیوان خاوێن و بێ وێنە، سەربان و کۆڵان و باریکەڕێ لە خەڵک ئاخنراو، دیلان و هەڵپەرکێکی پەڕی لێ هەڵاویشتووە و ڕیزی گەورەکچ و ژنانی جوان بە سەماوە بەرەو من دێن، جەماوەرێک پووڵ و پارە بە دەست چاوەڕوانی دابەزینی بووکن. زەوی لە ژێر پێوپلی تەماشاچیاندا لە چاو چووە، لە هەموو گەڕەک و کۆڵانیکا پاڵەوپەستۆیە و پێ لە پێ هە ڕەمەیەتی. ئاوێنەی باڵا نوێن نانی لە ڕۆنادا خووساوە و ڕووبەڕووی ڕوومەتی جوان ڕاگیراون. بە هاموشۆی دڵتەڕ و و دڵدار و شایی بەخۆیان، ئەو گۆوندە لە خۆشیدا خەنی و لەخۆبایی بووە و خۆی بە بەهەشتی گۆڕین ئاڵ و گۆڕ ناکا و چاوی ڕۆژی لەبەر چاوەبڕکەی لاوان چاو لێک نانێ. ڕەشبەڵەک گڕی گەرمە. هەر دۆیە و بەدەس دۆخوازانەوە، قالەزلەی زاوا لە خۆشیدا ماسیوە، سەر و سمێڵی بە بۆیاغ نوێ بۆتەوە ناهەقی نییە، ڕەزی بە بەر و دێبەری بەسێبەرە. پازدە ساڵەیەک بە تەڵەی پەنجا ساڵەیەکەوە بووە. کەواتە هەقیەتی بماسێ و سێبەری خۆی نەناسێتەوە، هەقییەتی ئەوندەی تریش خەڵک لە خۆی وەخڕ بکاتەوە و سەروەت و سامانی خۆی وەبەر بادا. تا بەڵکوو دڵی کەژاڵی هەژار وەحاوێنێ و هەر جۆرێک بێ دەستەمۆی بکات و کەیفی پێ تەخت بکا. بەڵام خراپ تێگەیشتووە و لە هەڵە دا. سامانی خۆی بە ئاو دادا و بە بەردی نەزانی ئەژنۆی خۆی شکاندووە. سمێڵی بۆز و ڕوومەتی تورت، کێرد و پەنیر، یا سیر و مار.

دەبێ زووتر لەو شۆکە، زووتر لەو بوومەڵێلە، زووتر لەوەی کە گورگی برسی شاڵاوم بۆ بێنێ، قالەزلە حاڵی بکرێ کە کچ کڕین و شایی بە زۆری یانی چی؟ دەبێ سولتان ئاغا باش بزانێ ڕەشبەڵەک و دیلانی پڕ لە پیلان بێ ئاکامە و پاشەڕۆژی بێ کەڵکە. دەبێ پاش تاوێکی تر نە کەژاڵ بێ و نە شایی.

بە جێگای ڕەش بەڵەک، شەوەزەنگی شین، بەخۆدادان، خۆڕنین، پەکوو پەکوو، تف و نەحلەت و پەشیمانی بێ. بەڵێ ئێرە ماڵی زاوایە و نۆبەی دابەزێنی بووکە. دەبێ دابەزم و بچمە نێو گۆڕخانە. کەژاڵ زیاتر لە چەند پشوویەک دەرفەتی ژیانی نییە. باشە ئەوا دابەزیم و زینی سواریم بەجێ هێشت. لە دوو لاوە قۆڵیان گرتووم، ڕێز و حورمەتم لە ژمارە چۆتە دەڕێ، دەورەم بە سەرسپی و کچانی جوانی ئاوایی تەنراوە، هەموو چاوێک بە چاوێکی سەیر تەماشام ئەکا. نزیکە لەژێر هەرەسی چاو و بڕۆیاندا برشم هەڵێ. ئەو خەڵکە هەر دەڵێی نە قەت بووکیان دیوە و نە بووکنی. تەنانەت بۆ تاوێکیش چاوم لێ ناترووکێنن. لایان سەیر و سەرسووڕهێنەرە. کەژاڵ و قالەزلە! بێچوو هەوێردە و هێلانەی داڵەڕەش! لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە بە لێ ڕوانینم گەش نین. بەربووک و ژنانی دەرووبەرم پێکەوە خەریکی سرتە و ڕاز و نیازن. جاروبار لە من ئەڕوانن و ملیان بە لاوە ئەنێن. هەناسەی سارد هەڵدەکێشن و ئەیانەوێ ڕاستییەک بدرکێنن نەگوتراوێک بڵێن و زوڵم لێکراوێک نیشان بدەن و ئەویش ڕەنگە کەژاڵی چاڕەڕەش، کەژاڵی جوانەمەرگ.

کەژاڵ ئەیەویست بۆ حەسانەوە دەوری چۆڵ کرێت.

کەژاڵ بۆ شوێنەونکە ڕوو لە ژنان و کچان ئەکا و ئەڵێ:

بەڕاستی زۆر کفت و کوتراو و کۆڵەوارم. سواری زین و پێچ و پوڵوچی ڕێگا، ڕێی دانیشتنی بۆم نەهێشتووە، ڕنگە ئەوەش بزانن کە شەوی پێش، زرمە و زیلەی خەنەبەندان ماوەی خەوی پێ نەداوم و تەنانەت خەونووچکەش مەرحەبایی لێ نەکردووم، ئەبێ ئیزنم بدەن و چاوێ بە خەو نەرم کەم. ئەبێ دەورم چۆڵ کەن و کەمێک پشوو بدەم، ئەبێ بمبوورن داواو لێدەکەم بێ عاریم بە دڵ نەگرن. داوای کەژاڵ بەجێ هات. ژنانی ماقووڵ و شەدە بە سەر کەژاڵیان بەجێهێشت، پێخەسوو و خاسەکابان و بەرموور لەمل بەرەو سەیری سوارە و گەڕی هەڵپەڕکێ وەڕێ کوتن. وەتاغی ماڵی سوڵتان ئاغا سەروژێر و هاڵی لە خان و نۆکەر و لاو و قۆز و پووڵدار هەر جمەی دەهات. تەقەی قەند و زریکەی ئیستیکان، بۆچەکی کەباب و قاقای خواردن و پێداکردن نەوسی مردووی پێ دەڕاسا. مزگەوت و سەربان و بەرهەیوان لە لاوی خۆدێیی، لە سوار و پیادە، لاو و پیرەپیاو ڕاوەستابوون. کەس کەسی نەدەناسی، پاڵەپەستێ و خۆڕەپێشنان بایەخی پێ درابوو.

لەسەر سفرەی شایی کەژاڵ، باسی جوانی کەژاڵ و بێ وێڵی زاوا ببوو بە بنێشتەخۆشکەی سەر زار و زمانان و هەموو سەربەندی دەهاتەوە سەر چاوی کاڵی کەژاڵی. هەر کەس بە هەوایەک لە شمشاڵی خۆی دەتووڕاند و تووڕەیی خۆی لەو کارە دەردەبڕێ.

هێندێکی بە شانسی زاوا هەڵدەشاخین و هێندێکیش بۆ چارەڕەشی بووک چاویان تەر ئەکرد. هێندێک پێیان وابوو کە زاوا بە هەڵە چووە و ئەو بووکە بۆ ئەو دانەبەزیوە و لەو وەرزە بەرهەمێک هەڵناگرێت. کەژاڵ نێچیری بازە و بە داوی قەل گیراوە. هەوێردەی ئەحمەدە و دیاری مەحموودە.

قالەزلە لەم شۆکە زیاتر لە تام و بۆنی بووکی ناچێژێ و خاوەنی نابێ خالەزلەی میراو و بووکیش گوڵی دیوەخان.

پێشینە گوتوویانە «حاکم کەروێشک بە عەڕابە دەگرێ» و تووکی ئەکاتە نووشتەی خەو. کورتی ببڕینەوە. لەسەر سفرەی نان خواردن لەمەڕ ئەو زەماوەندە ئەوەی نەدەبوو بگوترێ گوترا و چارشێو لەسەر کارەسات هەڵدرایەوە. هێشتا ورگن و پیرەپیاوی نەوسن لەسەر سفرەی چەوری قالەزلە خەریکی زگئاخنین بوون، هێشتا لاوی قۆز و لەخۆڕادیو، هێشتا پیرەپیاوی شایی بەخۆ و دۆنەدیو دەستی دۆ و دۆخوازانیان بەرنەدابوو و دۆدانەیان لە دۆ پڕ نەکردبوو، هێشتا گەڕی ڕەشبەڵەک هەوەڵی گەرد و گۆلی بوو، هێشتا دووزەلە و نایە لە ناو زوونگی خۆشیدا شایان بە سەپان نەدەگرت. هێشتا قالەزلە بە دەست و پێ لە سەما نەکەوتبوو و چاوەڕوانی هەستانی بووک و هەتاوی بەختی خۆی ئەکرد. هێشتا وەتاغی ئاغا بانکی قوماریان نیوە پڕ نەکرابوو. لەنەکاو دووکەڵ و چڕەچەمان خەڵکی ڕاچڵەکاند. هاوارێک لەپڕ گوێی خەڵکی داگیر کرد. گوتیان ماڵی زاوا سووتا، زاوا ڕیسەکەی بوو بە خوری، کەژاڵ بوو بە خەڵووز، بۆچەکی دووکەڵ ماڵی دڵی خەڵکی ڕووخاند، دەستی دیلانی پساند، دووزەلە و نایە، زوڕنا و دەهۆڵ قوڕ و قەپیان چنی. دیوەخان چۆڵ کرا، پەڕی قومار پەڕپەڕ بەجێ ماو شووشەی شەڕاب و پڵاو و گۆشت و جووجەڵە، تاجی و توڵەیان وەسەر گەڕا. سەربان و مزگەوت بەبێ چۆڵەکەکوژ مایەوە و پشیلە و پاساری بە کاسە و کەوڵی پڕ لە برینج خۆیان خەنی کرد. هەموو کەس بۆ لای ماڵی بووکێ بۆ تەماشای سووتمانی چاوەڕێ نەکراو وەڕێ کەوتن بەڵام بەداخەوە ماڵی زاوا هۆدەی جێ خەوی کەژاڵ ببوو بە چاڵی نمروود و بنکەی چڕەچەمانی ئاگر. هێزی خەڵک، هێرشی پێمەڕە و بێڵ، وەسەرگێڕانی ئاو و سێڵاو بەهرەی لێوەرنەگیراو گیانی کەژاڵیان بۆ نەگەڕاوە. پاش تێکشکانی گڕ و دووکەڵ ئێتر لە کەژاڵ، لە بووک، لە ژیان بێجگە لە مستێک خەڵووز و لاشەیەکی ساردەوە بوو، بەرچاو نەکەوت. ڕوونتر بڵێم کەژاڵ قەستی ڕۆژانی بەرووی لە ماڵی زاوادا مقەست کرد و مەرجی خۆی بردەسەر و گیانێکی پڕ لە وەفای بەرەو شۆڕشی خۆشەویستی بەڕێ کردەوە و قارەمانی خۆی نواند و جل وبەرگی سووری لە ئاگری سوور مارە بڕین. دەمی باوکی نەزانی دەمکوت کرد و دەستی مڵهوڕ و چاوچنۆکانی شکاند و ڕیزی ڕەشبەڵەک و شایی گرانی بەشین و شەپۆڕەوە گێڕا و بۆ هەمیشە ئاسۆگەی مێژووی لە تەمی پەژارە پڕ کرد. سفرە و قاپ و قاچاغ بێ ناز و هاڵۆز و پڵۆز بێ نانخۆر و فەڕاش لە سەربان و بەر هەیوانان مانەوە. دەهۆڵ کوت و زوڕناچی و نایەلێدەر لە ژێر سیلەوسوێ بانان هەڵتووتەکان. بووکێ ڕەنگ شپرزاو و بزرکاو و لێوبەبار وەستاون، کەس لە کەس ناپرسێ، ڕووداو بێچارە و سووتمان کاری دوایی پێهێناوە. هەرکەس دەیەویست خۆ ڕەپێش خا و لاشەی سووتاوی بووکێ بە چاوی خۆی ببینێ. چاو لەبەر ئێشی ڕووداو چوونە پشتی سەر. دەرگای جێ خەوی کەژاڵ ئاواڵەیە. لەشی کەژاڵ و لیباسی بووکێتی بە ئاوری بێ ئەمان وەها بە سەر یەکا قاڵ کرابوون کە جیا کردنەوەیان حەستەم و تەنانەت ئینسان لە تەماشاکردنی زەندەقی دەچوو. چاو لەبەر هێرشی فرمێسکان هەڵنایەن، گیان لە خەفەت پڕبوون و دڵ هەموو کەوتوونە دڵەکوتە و تووڕەیی خۆیان ڕاگەیاند. ڕۆژی ڕوون لە ڕوونی کارەساتی دڵتەزێن خۆی ڕانەگرت و بە هەناسەی ئاگرینەوە، بۆ بن پەسیوان پاشەکشەی کرد و لەگەڵ دوا هەناسەی کۆچی دوایی کەژاڵ باروبنەی خۆی پێچاوە و لە سەر ترۆپکی کێوە بەرزەکان ئاوابوو و وەباڵی مەرگی جوانەمەرگانی خستە سەر ئەستوی شەوی ڕەش. شەو باڵی ڕەشی خۆی ڕاوەشاند و خەڵکی بەرەو ماڵ گێڕایەوە و تەرمی بێ ناز و ژاکاوی کەژاڵ بە فرمێسکی گەرم و گوڕی قامبێژ و بەستەوانان بە شین و شەپۆڕی لاو و پیرە پیاوان لە مزگەوت میوان کرا. کەژاڵ بۆ یەکەم جار بوو لەگەڵ پیاوان لە مزگەوت میوان بێ و لەسەر گازەرای پشت ڕووبەڕووی پیاوان بە شەرمی کچانەوە خۆ ڕاکێشێ. هەر چەند کەژاڵ ئەوشەوە لە گۆلی فرمێسکی پیرە پیاوان دا نوقم ئەکراو بە دەستی ژنانی دڵ بەخەم جلی سپی لەبەر ئەکراو بە عەتر و گوڵاوی بۆنخوش چاوەکانی گوڵاو پڕژین کرابوون. بەڵام هێشتا گرێکوێرەی دڵی بە مراد نەگەیشتووی نەکرابۆوە و چاوی تۆڵەی هەر لە بابی دڵڕەقی ئەگێڕا و ئەیویست زووتر بەرەو ماڵ وەڕێ کەوێت و پەیمانی پتەوتر لەگەڵ شۆڕشی خۆشەویستی نوێتر بکاتەوە و بۆ ئاخرین جار ماڵاوایی لێ بخوازی.

مەلی شەو لە شەقەی باڵی دا و کۆرپەی بەرەبەیان سەردەمەی دڕی. کەڵەبابی سپی بە مەرگی شەو قاقای کێشا. سۆفیلکە لەسەر بەرماڵان کۆمیلکەیان کرد. تەقەی زەنگی شەوێنی شوان شەقڵی شەوی شکاند. ئاسۆگە و بستۆ بزەی ڕووناکییان تێ گەڕا و تەرمی بێ گیانی کەژاڵ، بووکی ڕۆژی پێشووتر بەرەو باوەخۆن، بەرەو گوندی خۆیان، بەرەو گۆڕستانی کۆن لە دارە مەیت هەڵبەسترا.

خەڵکی بەخەمی ئاوایی، بووکی ڕۆژی بەرووتر لەگەڵ تەرمی بێ گیانی، لەگەڵ گیانێکی سووتاو، پەپوولێکی بەهەشتی بەرین وەڕێ کەوتن بەڵام بە جێگەی تەقڵە و جلیت، قاقا و تلی لیلان، بەستە و بەندی جوان بە جێگەی گۆرانی و خەنەبەندان، کۆمەڵەیەک شین، شەپۆڕ، بەخۆدادان، فرمێسک و تووڕەیی لە کارەسات.

ڕێگە باریک و بەستێن قەراغ و چەمە. بێشە و قامیشەڵێن و چنارستانە. بەرەبەیان ڕوون و هەوا فێنک و ئاونگ لە خەو ڕانەپەڕیوە.

شۆڕابەی شۆرەبییان لە زۆربەی شوێنان تەرمی بێ گیانی کەژاڵ لە باوەش ئەگرن و ئاونگ بارانی دەکەن و گیانی وەبەر دەنێن و لە شەرت و مەرجی کیژێکی جوانەمەرگ، ئافەرین دەڵێن. بەرەبەیانێکی خۆش و بەرچاو و دڵڕەفێن، بە سێرە و سیلەی چاوی گوڵان هەموو چاوێکیان بۆ تەماشای زوێر و لە هەڵبڕان کەوتبوون.

چاوی مانی گرتووە و لە ڕوانین تووڕەن و بە شەرمی ئەوین، ئەوینێکی پاک نووساون و سوێند خۆری شۆڕشن و بۆ هیچ دیمەنێکی تر نایانەوێ بڕوانن. کزەبای بەرەبەیان، جاروبار بەشەرمەوە تارای سووری سەر تابووتی کەژاڵ هەڵدەداتەوە، هێدی و لەسەرەخۆ بە سرتەوە کەژاڵ دەدوێنێ و وەکوو مەلێک ڕاز و نیاز لەگەڵ کەژاڵ ئەکا و ڕووداوی تریش بە گوێی کەژاڵدا ئەچرپێنێ. شۆبا ئەیەوێت بڵێ کەژاڵ گیان کۆچی سوورت موبارەک بێ، شۆڕشی خۆشەویست هاوڕێتە، لە گۆرستانی کۆن چاوەڕێتە، شۆڕش بێ تۆ ژینی نەویست. ئەمشەو خۆی کردە قوربانی کۆچی سوورت. بوو بە قووربانی ڕۆژی زەماوەندی تۆ و قالەزلە. وا لە گۆڕستان چاوڕێی تۆیە. کەژاڵ گیان دەبڕۆ فریای کوشتەی خوت کەوە، زووتر پێ هەڵێنەوە تا لە گۆڕ نەخراوە، دڵت خاترجەم بێ لە ئاسمانی شینی شۆڕشدا هەر تاقە ئەستێرەیەک هەڵدێ ئەویش ئەتۆی، ئێتر مزگێنی بێ شۆڕش ئێوارەی ڕۆژی کۆچی تۆ دڵی لە کار کەوت، ئیستا بە بێ دڵ لاشەیان بردە گۆرستانی کۆن. دەبڕۆ خوات لەگەڵ شێرە کچ. سەد ئافەرین لە ڕاسانت، لە وەفات کچی کورد.

شۆبا نایەوێ گیانی کەژاڵ هەروا ماندوو بەڕیوە بڕوات بۆ حەسانەوە، ئەیەوێ پێی ڕاگەیەنێ کە تۆڵەی کەژاڵ کراوتەوە و هەقی بە تەواوی ئەستێنراوە. باوکی کەژاڵ، حەمە سووری لە گیان بێبەش کرد. کەژاڵ گیان، کۆچی تۆ نەخۆشی هاویشتە گوندی ئەستێرۆک، ئەستێرۆک بە خوین ڕەنگی داوەتەوە. دووبەرەکی، هەڕەشە، دژایەتی سەری بە هەموو ماڵاندا کێشاوە. کەژاڵ گیان، دەبڕۆ ڕامەوەستە. گۆرستان قەرەباڵغە، دوو مەیت لەوێ چاوەڕیتن، شۆڕش لە لایەک و باوکت لە لایەکی تر. مەم و زینێک و بەکرە شۆفاڕێک. دەبڕۆ خوات لەگەڵ. بڕۆ و لەسەر تەرمی شۆڕش، گیانی خۆت وەحسێنە، کوژراوی خۆت وەلاوێنە. دەست لە دەست بۆ شاری جوانەمەرگان و وڵاتی خاوێن و ئەوین پاکان بۆ هەمیشە پشوو بدەن، بحەسێنەوە و یەکتر لە ئامێز بگرن.

تەرمی بۆکڕووز و لەشی نیوە خەڵووزی کەژاڵ لەسەر شانی دڵ بەخەمان بەرەو ئاوایی ئەستێرۆک و گۆڕستانی کۆن وەڕێ کەوت. گۆرستان لە خەڵک پۆنگاوە. دەنگی شین و ڕۆڕۆ بەرزە، لە هەموو دەرکێک خۆڕنین و بەخۆدادن، هەڕەشە، هێرش، دزایەتی پەرەی لێ هەڵاویشتووە. هەردەڵێی ئەوشۆ لەشکری مەرگ لەوێ بەزیوە و مەلی بەختەوەری باروبنەی پێچاوەتەوە، هەر دەڵێی دەستی تۆڵەێ خوای هەژارێک ژاری ماری پێ نۆشیون و بایەقۆشی بێ فەڕ گەڕی خوێنی پێ فرۆشتوون، وادیارە ڕووداو لە سووتانی کەژاڵ ڕوودارتر و بەتینترە. پاچ و پێمەرە لە دوو لاوە خەریکی هەڵکەندنی گۆرن. شۆڕش و حەمە سوور بوونە قوربانی، بوونە گاوگەردوونی شەوی بەشوودانی کەژاڵ. دیارە هەناسەی کەژاڵی چارەڕەش و بڵێسەی دەروونی کچێکی فرۆشراو بەزەیی خوای گەورەی نواند. دەستی خوا تۆڵەی کەژاڵی وەرگرت. باوکی کەژاڵ نەگەیشتە میراوی، نەبوو بە هەمەکارەی سوڵتان ئاغا و وەبەر خەنجەری تۆڵە کەوت.

کەژال خۆی سووتاند، شۆڕش موچوڕکی بە شوودانی کەژاڵ دوایی بە ژیان هێنا، حەمە سوور بە تاوانی پەیمانشکێنی وەبەر خەنجەر کەوت. مەلی بەختەوەری ئەستێرۆک باروبنەی گوێزراوە. بایەقۆشی دووبەرەکی و دژایەتی بۆ هەمیشە ڕەگ و ڕیشەی لێ داکوتا. کەژاڵ و شۆڕش لە لای یەک خرانە گۆڕ. بە یەکتر بڕان، ئەو دوو ئەویندارە پاکە کەوتنە جیهانێکی تر، هەستانێکی تر، ڕاسانێکی تر. حەمەسوور دوور لە کەژاڵ و شۆڕش لە گۆڕ خرا، بە تف و نەحلەت گۆری داپۆشرا.