سوارەکانی سوڵتان ئاغا و گوێزرانەوەی کەژاڵ

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 5 دقیقه  652 مشاهده

کەژاڵ ئاخرین شەویەتی. لەگەڵ دایکی دڵ بەخەم و نەخۆشی سەر ئەکاتە سەر سەرین. بەڵام نەک خەو و پشوودان، بەڵکوو بۆ ڕاز و نیاز لەگەڵ چارەنووسی، لەگەڵ خوا، لەگەڵ ئەوین بۆ شین، بۆ فرمێسک ڕشتن، ماڵاوایی لە ژین، لە ئەستێرەی گەش، لە حاسمانی شین، لە هیوا، لە تەمەنی جوان، لە شۆڕشی خۆشەویست، شەوی ڕەشی کەژاڵی چارەڕەش بەرەبەرە بزەی ڕووناکی تێ دەگەڕێ. مەلی وردیلە لەسەر سوێگان گرۆگاڵی خۆیان نیشان دەدەن و ڕۆژی ڕەشی تەم و گومانی کەژاڵ لەنێو گەواڵی ڕاست و درۆدا سەر وەدەر دەنێ. سوارەی پێش قەراوڵی خەنەبەندان بە چوونی کەژاڵ دادەبەزێ، تاو هەڵاتووە بەڵام هەتاوی بێ تین. ڕۆژ سەری لە سوێیە بەڵام ڕۆژی ڕەشی کەژاڵی هەژار. چاوی کەژاڵ بە مۆلەق وەستاوە و لە ڕوانین تۆراون.

باریکە ڕێگای بەستێن لە ژێر پێی سواراندا پێشێل بوون. شێوەردان بە سمی ئەسپی شێ وەرد درانەوە. دەنگی هەوهەوی سواران، ناڵەی دەهۆڵ و زیڕەی زورنا، بۆ سەر هەواران پێ هەڵگەڕاون. بەندی خەنەبەندان، بەندی دڵی کەژاڵی هەڵکەند. بە دەستووری ئاغا تا نیوەڕۆ دەستی دیلان لەیەک گرێ دران. بریقەی گۆبەرۆک و هەیاسەی زێڕین لە کورتەک و سمێڵی ڕەش بوونە میوان. قامبێژ و دەهۆڵکوت و زۆرناچی بە شاباشی شایی کەژاڵی چارەڕەش خەنی کران. ژنانی سەرسپی و و بەربووکی لە بووک سوورتر سیپاڵی سووریان وەبەر بووکێ داکردن.

کەژاڵ ڕێچار و دەوری باڵە فڕەی لێ دەخراوە. بۆ ئەوەی کەس لە نهێنی و ڕاسانی هەناوی نەگا و جاسووس و سیخۆڕ ڕیسەکەی نەکەنەوە بە خوری، بە بزەی کچانەوە لیباس لەبەر دەکا و لە شایی مەرگی خۆیدا پێیەک بەزەوی دا دەدا. کەژاڵ پێش هەموو شتێک قاپی بێنزین و ژاری مەرگەمووش لەنێو بەر و بوخچەی خۆیدا جێ دەکاتەوە. کەژاڵ لەبەر خۆیەوە دەڵێ زۆر باشە ئەوا شایی خۆشم چاو پێ کەوت و لیباسی بووکیشم لەبەر خۆمدا دیت، ئیتر چیم کەمە، ئەوە ئاواتی کچۆڵەیەکە. بەڵام دەزگیرانم تەمەنی لە پەنجا زیاترە. کچی چووکی لای مێردە. منیش لە شازدە ساڵە سەرنەکەوتووم، بەڵام زەبری پارە، زۆری ئاغا، باوکی نەوسن و بێ بەزەیی، ئەیانەوێ بە دەستی پیسی قۆڕغەوانێک میوەی کاڵی من بڕنرێ و هیوای کچانەم گۆڕ کرێ و شووشەی حەیام وەبەردێ کەوێت. بەڵام بە هەڵە چوون، شەیتان سەری لێشێواندوون، ئەبێ تێیان بگەیەنم کە پەنجا کیلۆ چەند باتمانە. بەڵام عەیبی نییە با ئەمڕۆکەش بای باڵی خۆیان بدەن و سفرەی خۆیان پێ ڕاخەن. بەیانی هەموو شت، هەموو نهێنی پەردەی لەسەر لادەدرێت.

کورسی بۆ سواری بووکێ ڕازاوەتەوە، پارە و شیرینی لە سەر سۆی بانەوە بەسەر کورسی بووکێدا هەڵدەڕژێت. گۆرانی، گۆرانی بێژان (زاوا خۆش بێ بووک هاتە دەوە) هەموو دەراوی کردبوونە قەنداو، حەمە سوور، حەمە سووری کچ فرۆش، باوکی کەژاڵ قۆڵی کەژاڵ ئەگرێت و بەرەو سواربوون وەڕێ ئەکەوێت. ئەڵێ باوکم قۆڵی گرتم و مێزی دڵدانەوەی تێ وەرێنام بەڵام لە ڕەنگ و ڕوخساری تووڕەم، لە لێوەلەرە و ددانە کرمەم زەندەقی تۆقاوە، لە کردەوەی خۆی پەژیوان و ناڕازییە. بەڵام تازە تێپەڕیوە ئەوەی نەدەبوو بێکات کردی و تەواو کرا.

باوکم فرمێسکی تاڵ و سوێری هاتوونە ڕوو و بە ڕووزەردیەوە گوتی: کچم زووتر سوار بە و نامەردان بە باوکت خۆش مەکە، کچی باش بە و وشیار بە دووژمن تووشی چارەڕەشیت نەکا، سەری باوکت نەوی مەکە، پێت خۆش بێ و پێت ناخۆش بێ تۆ تازە بوویتە حەڵاڵی موباشیر، هەمە کارەی ئاغا، ئەوەش بزانە تۆ پێشکەش بە سوڵتان ئاغا کراوی، لێرە بەدواوە ئێمە لەگەڵ خەڵک فەرقمان هەیە، شەکەزەکات و هەوارانە و ئاوەخورانەمان پێ بەخشراوە، بەڵام بە چاوی تۆ کەژاڵ گیان، لەوە بەولاوە من دەحەسێمەوە و ئەویش لەبن سێبەری تۆدا، سێبەری چاوی جوانی تۆ کەژاڵ گیان، کەس وەک تۆ زەماوەندی بۆ نەڕازاوەتەوە. ئەوەندە سوار و پیادەی بۆ وەدەر نەکەوتووە، کچانی ئاوایی ئێرەیی بە تۆ دەبەن و ئارەزووی جلوبەرگی تۆ و زێڕ و زەمبەری تۆیانە.

کەژاڵ: بەڵێ، بەڵێ، باوکی نەزان، باوکی ناپیاو، کچ فڕۆش و هەوەسران، بێ بەزە، تا ئێرە باوکم بووی، بۆ خۆشی تۆ خۆم لە هیچ ئەرک و ڕاسانێک نەپاراستووە، لام وابوو تۆش وەکوو بابێک و خاوەن ڕووحمێک ڕاهاتووی، خۆم بە خۆم ئەسپێرم. نەمزانی بەپەلە و پووت و هەوارانەم دەمفرۆشی، نەمزانی فیدای نەوسی خۆتم ئەکەی، نەمزانی ئەمکەیتە ماری شێخ هۆمەر، لە گەردنی دایکم ئەهاڵێنی، ئەتۆش بزانە باب نی و من کچی تۆ نیم، ئەتۆ خوێنڕێژی، بەم زووانە ئەبێ تێبگەی کە ناتوانی بمفرۆشی، سەرەڕێ بە هەستم، بە ئەوینم بگری و لە چاڵی ڕەشی نەوسی خۆتا بمخنکێنی، تێدەگەی؟ بەڵام کەی؟ کاتێ تێدەگەی کە نە من ماوم نە تۆ، تۆ گورزی خۆت وەشاند، ئەو جار نۆبەی منە، بە کەمم مەگرە و ئێستا سزای کردەوەی نالەباری خۆتان وەرگرن، باش بزانە تۆڵەی من بەردی گورچووبڕە، نە بەرگری لێ دەکرێ و نە پاڕانەوە کاری لێدەکات. بریارم داوە، مەرجم بەستووە، دەبێ بەردی بناغەی ژیانت وەدەرکەوێ، تامی تاڵی و ژاری مارت پێ بنۆشم. شاییت لێ بکەم بە شین و ژیانت بە مەرگ بگۆڕمەوە، ئیتر قۆڵم بەردە و چاوەڕێی هێرش و تۆڵەم بە.