بیست و حەوتەم: شنەی بەهاران

از کتاب:
عیشقی بێ نەخشان
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  556 مشاهده
یاریی ئاوی ڕوون لەگەڵ وردە چەو
مۆسیقایەک بوو
ئارام و هێمن
چاوی گوڵاڵە سوورەی خستە خەو
***
جوانیی شۆڕەبی بڵند و شەرمن
کە ئەیڕوانییە
قەڵبەزەی کانی
بولبولی خستە گۆرانی وتن
***
کزەی شەماڵی فێنکی بەیان
مووچڕکەی ئەدا
بەداری سەروو
وەکو شاژنێک باڵای ئەلەنجان
***
بۆ هەڵپەڕینیش دەستەی نازداران
لەسەر سەوزە گیا و
شەونمی بەیان
قۆڵی ناسک و نەرمیان تێک ئاڵان