بیست و هەشتەم: دوور بە
از کتاب:
عیشقی بێ نەخشان
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
1 دقیقه
840 مشاهده
پێ بەپێی غەزەلێکی عەلی عارف ئاغا
ئەبێ تیشکێکی خواوەندی، لە چاوی تۆدا، بەجێ مابێ
لە کاتێکا، کەوا، یەزدان، بە پەنجەی نەخشی کێشابێ!
کە ساڵێ جارێ بتبینم، ئەڵێی دایم لەبەرچاوی
کە چی تیشکی هەمیشەی ڕۆژ، بە چاوم ئاشنا نابێ!
***
وەکو دۆستێک تەماشام کە گەلێ شەو یادی ئەو چاوە
بە لایلایە نواندوومی، وەکو کۆرپەی کە گریاوە
لەلام سەیرە! خەشیمانە، بەلاما دێیت و نازانی
کە ناخ و گیان و هەستی من، بە سۆزی تۆیە، سووتاوە!
***
بەتەنیا خاوەنی دڵ بووم، کە تۆزێک سۆزی تیا مابێ
ئەویش لاشەی بەجێ هێشتم، وەکو بۆ من نەخوڵقابێ!
ئەبێ بۆ چی، بەشی عاشق، بەتەنیا گریە بێ و ناڵە!
کە چی هێشتا وشەی کاڵی، بە خوێنی ئاڵوواڵا بێ!
***
نەکەی باوەڕ بەوەی سوێندخۆم، هەتاکو ئەم دڵەم مابێ
لە تۆی نەخشین و ڕەوت شیرین، بە چاوی ئاشنا نابێ
تکایە دوور بە ئەی نازدار، وەکو دووربووی لەمەو پێشیش
نەکا پەیکەری پیرۆزت، لە دڵما تەفروتوونا بێ