منداڵ کە شیری بێعار ئەمژێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1001 مشاهده
منداڵ کە شیری بێعار ئەمژێ
پێشین زوبانی بە جنێو ئەپژێ
ئەوی منداڵی ئەدا بە دایەن
تەربیەی نابێ ئەبێ بە خایەن
چونکو تەبیعەت لە خۆیدا دزە
دایەن لە ڕاستی تەربیە کزە
شیری گامێشت دابێ بە جوانوو
لەگەڵ گەییە ئاو تیا ئەگەوزێ زوو
سەر بە وڵاخی ڕەسەن بسپێرە
لە پێشدا ڕەسەن پەسەند بوو لێرە
ئێستا کێ ڕەسەن دێنێتە کایە
سەروو لە پێشەو بزمار بە گایە
کفر ئەحمەد دووعای لە گا کرد بوو
قەزای گا لە کەر کەوت، ئەو مرد بوو
«پاس» و «لۆری» و «تانغ» کەوتوونە ڕووی کار
هێشتا کەر و گا ئەکێشنە ژێر بار
کوندە و مەشکەمان هێشتا لا ماوە
مەشکە بۆ دۆیە، کوندە بۆ ئاوە
ئەیان گوت: شەیتان بە کوڕ پێکەنێ
«سن رشد»یە کە پێی تێ ئەنێ
شەیتان بە کوڕان وەها پێکەنی
کە دایک و باوک کەوتنە شیوەنی