شاخ لە پەشیمان ئەگەر بڕوایە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  993 مشاهده
شاخ لە پەشیمان ئەگەر بڕوایە
ئەبوو بێ شاخمان زۆر کەم بمایە
دەسەڵاتدار بی و لە خەڵک ببووری
پەشیمان مەبە لای خوا مەئجووری
چونکو لێبووردن شێوەی خودایە
تۆڵە هەمیشە ترسی لە دوایە
بەڵام وەزیفە مەتڵەب ئەگۆڕێ
حاکم بۆی نییە لە کەس ببورێ
بەدی لەگەڵ چاک چەند ناسزایە
چاکەیش دەربارەی پیاوخراپ وایە
ئەو تفەی ڕۆت کرد مەیلێسەرەوە
ڕێسێ هەڵت کرد مەیڕێسەرەوە
بە وشکە ئیکرام میوان تێر نابێ
باز چەشە نەبێ بە ڕاو فێر نابێ
بێ منەت بژی بە گیا و بە گەپڵە
نان بدە بە سەگ مەیدە بە سپڵە
دز کە جارێکت تاقی کردەوە
مەیخەرەوە سەر کار و کردەوە
لەبەر چرادا دزی ناکرێ
کەوتووینە دەورێ چرا ئەدزرێ
ئاگری گرانی ئەمانسووتێنێ
ئاویشمان نییە تا دایمرکێنێ