ڕەمەزان ناوی وەسمان سێ لاقە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  783 مشاهده
ڕەمەزان ناوی وەسمان سێ لاقە
هەر دە ڕۆژ لاقی ئەشکێ سێ تاقە
بیستەم تێپەڕی دوو پێی شکاوە
لاقی سێهەمی سەختە شکاوە
هەرچەند ڕۆژووەوان هێزی بڕاوە
قەدر و سەوابی کەوتۆتە دواوە
جاران کە ئەبوو بە بەرەجەژنان
منداڵ بە گاڵە ئەکەوتنە مەیدان
بە ئاڵ و واڵا و بەرگی زەرد و سوور
گۆرانیان ئەگووت بە ساز و سەمتوور
ئێستا گرانی وای بەسەر هێنان
منداڵمان بێ جل کەوتوونە گریان
ساڵێکە ئەڵێن: کووتاڵ ئەدڕێ
جل و بەرگ دڕا درۆ دوای بڕێ
ئەوی کە بەشی خۆی پێ بڕاوە
ئەو باکی چییە منداڵ گریاوە
بەزمی ئەزمڕ و سەرچنار باوە
قوڕبەسەری بۆ مەعاش خۆر ماوە
نرخی خواردنمان یەک بە پەنجایە
قوماندەی مەعاش «برەندە سایە»
کەسیش ناوێرێ بڵێ بۆچ وایە
ئەڵێن: قیسمەتە و کاری خودایە