لە دیجلەم پرسی شەتی ئاخرشەڕ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  759 مشاهده
لە دیجلەم پرسی شەتی ئاخرشەڕ
بۆچ لەگەڵ بەغدا وا کەوتوویتە شەڕ
ناوجەرگی خۆیان کردوە بە مەعبەر
بۆ ئەمەی بۆ تۆ بێتە ڕاگوزەر
ئەم بەروبەریان بۆ کردووی بە باغ
ئەلەکتریکیش دوڕڕی شەوچراغ
ئەو ڕەنگە لێڵەت بە تۆفانی نوور
ئەکا بە جیلوەی تەجەللای کۆی توور
کەچی تۆ لەگەڵ گەییشتیە بەهار
بە جۆش و خرۆش لێی ئەبی بە «هار»
کەف دەچەرێنی و دێیت بە گوڕ وەک شێت
بۆیە زنجیری «جسر» ئەخەنە پێت
جوابی دامەوە بە زوبانی حاڵ
وتی ئەی پیری ژیری کۆنەساڵ
لەو ڕۆژەوە خوا دنیای داناوە
بۆ ئاوەدانی کەوتمە ئەم ناوە
خزمەتی شار و شا و گەدام کردن
بە چاکی لەگەڵ هەمووم دەربردن
بەڵام ئەمانەی دەوری ئاخری
کەوتوونە نیفاق لەگەڵ یەکتری
گۆڕ وایە منیش بیانخنکێنم
وەتەن پەرەستیان بۆ پێ بگەیەنم