ڕۆژوو بەسەرچوو سبەینێ جەژنە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
890 مشاهده
ڕۆژوو بەسەرچوو سبەینێ جەژنە
ئینجا تەقەللا بۆ باڵاوبەژنە
بۆ دەست دارەکان قوماشی مومتاز
ئەی کەن بە «کۆستۆم» ئەیپۆشن بە ناز
وای پێوە ئەڕۆن دەقی ناشکێنن
لە پیش چاوی خەڵک خۆیان ئەنوێنن
خۆزگە تیژی چاو «ڕۆنتکن» بوایە
ئەیبینی ژێر جل چەن لەکەی تیایە
هونەر ئەوەتە ژێر بەرگت پاک بێ
سەربەرگ چاوبەستە، کردەوەت چاک بێ
تانوپۆی بەرگت کە جەور و زۆر بێ
ئەیکا بە دەردێک ئاڵۆشی زۆر بێ
درۆیێکیان کرد پاش شەڕی جیهان
عالەم ئەسرەوێ ئەمین و ئەمان
کەچی بۆمبایەک پەیدا بوو لە پڕ
لە بۆمبای خەسفی قاروون بە گوڕتر
چەند هاوارمان کرد کە ڕۆژی جەژنان
ماتەم دامەنێن بە شین و گریان
گوێتان نەدایە خوایش وا بە دڵ خواست
ئێوەی خستۆتە شیوەنی بە ڕاست
ئینجا گۆرتان بێ بە شینی گۆڕان
بلاوێننەوە و بچنە گۆڕستان