زۆر شاعیر لەگەڵ ڕۆژوو دواون
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
851 مشاهده
زۆر شاعیر لەگەڵ ڕۆژوو دواون
لە تاو برسیەتی سەر لێ شێواون
ئەڵێن: ڕەمەزان ڕوو بکەیتە ماڵم
تۆ دەخۆم هێندە برسی و کەم حاڵم
قەلبی «ڕەمەزان» کە مەرەزانە
ڕۆژ، لات، شەو ئاوبەند، نەخۆشی دوانە
بۆ تووڕەی ڕۆژوو ئەمە بێژراوە
ڕەمەزان بە جەنگ، سەفەر بەدناوە
ئەزانی ئەسلی شەڕ لە کوێوەیە
برسیەتی ڕەگی هاریی پێوەیە
لە برسییەتیە ئەم گڕوگاڵە
تەبەقی پڕە ئاشتیی ماڵە
کە گورچووت پڕ بوو دڵت بە گوڕە
نابوود تێریش بێ هەمیشە وڕە
خوا شیرینییەکی وای داوە بە زەڕ
زەڕ بڵێی کەریش دێتە زەڕەزەڕ
عالەم بۆ پارە ئاخ هەڵدەکێشێ
ئەویش مێشێکە لە تەرس دەنیشێ
ناوەستێ بەلای مەردی ژیرەوە
وەک ئاو بکەیتە ناو قەڵبیرەوە
ئەمەش من داخی دڵمە وا ئەڵێم
من ئەیپەرەستم ئەو تۆراوە لێم