ئەوەی ئازاری نەبێ ئۆف ناکا
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
909 مشاهده
ئەوەی ئازاری نەبێ ئۆف ناکا
ئەوەیش بێزار بێ لە هیچ خۆف ناکا
کە دڵم خۆش بێ بۆت هەڵدەپەڕم
دڵم بشکێنی بە شەڕ و گەڕم
لەم زەمانەدا بەشەر بە شەڕە
تۆ شەڕت نەوێ بەخێر تێپەڕە
خوا کە گیان و نان ئەدا بەم خەڵکە
هێندەمان ئەوێ هەتا بە کەڵکە
کە حاڵمان هاتە سەر کەم و کووڕی
ئەکەوینە سەر کوفر و ناشکوری
بەلام ئەو نانمان نابڕێ یەکجاری
ئەمانژیێنێ بۆ بوردەباری
چەقۆ تیژ بوو گۆشت ماشەڵڵای دەوێ
کە گەییە سەر ئێسک پەکی ئەکەوێ
چاکە ناوی خۆی بە خۆیەوەیە
خۆش ڕابواردن بە ئامشۆوەیە
«سەعدی» فەرموویە کە زەڕخڕیدە
نەت لاواندەوە بۆت بە تەریدە
ئەگەر ڕووخۆشی بێگانە دۆستە
ئەم ڕاوڕێوییە بۆ کەوڵ و پۆستە
بەڵام دنیایە بێ گەردش نابێ
هەروا ڕۆییوە و هەر ئەبێ وابێ