خوا بۆ قوربانی مەڕی داناوە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
916 مشاهده
خوا بۆ قوربانی مەڕی داناوە
کەچی گاجووتی تێوە گلاوە
گوایە گاجووتێک حەوتی سوار ئەبێ
«سێ بە گایی»مان چۆن بە چوار ئەبێ؟
من «گایێکم» بوو، ڕای کرد لە دەستم
ئەم جەژنە پەکی «حەوتمی» خستم
سەد قوربان حەقی ناس نافەوتێنێ
ئاگری جەهەننەم گایش ئەبرژێنێ
خۆ من تێر گۆشتی قوربانیم بۆ هات
چیم لەوەی خێوی کەوتوە لە «سیرات»
ئەگەر تۆ ماڵی خەڵکت خواردبێ
ناڕوا، سەد گایشت قوربانی ناردبێ
من کە حەقی خۆم بە کەس نەبەخشم
خوا پێم نابەخشێ بە تۆ نەبەخشم
بە دزی ئەیبەی ئەیدەی بە مەعلووم
ناوی خۆت ناوە فاسقی مەحرووم
مردووشۆر پارەی خۆی وەرئەگرێ
بەو چی لە گۆڕدا مردوو لێی ئەدرێ؟
«کەوای» نیوداشتت کە وا لەبەردا
خەمی تازەتر بخۆ لە بەردا