ئەڵێن گوندۆرە بە ڕەنگ ناناسرێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
932 مشاهده
ئەڵێن گوندۆرە بە ڕەنگ ناناسرێ
هەر ترێ چاکە، تامی ئەچێژرێ
شووتی بە شەرتی چەقۆ ئەکڕن
جارێ لە پێشدا بە خێوی ئەبڕن
کاشکی بۆ پیاویش ئەمە ببوایە
نەیانناسیایە، دایان نەنایە
ئەوی بەزەیی بە کەسدا نایە
گۆڕ ئەوە نییە بیهێننە کایە
زستان بۆ خوری مەڕ ئەبڕنەوە
بەهار هات مەڕی تر ئەکڕنەوە
تا شارەزوورم بە دەستەوەیە
هەمیشە «کارێ»م بە ڕیستەوەیە
ئەوەی بە ڕەنجی شان دەس نەکەوێ
هەمووی دائەنێ بە کەیفی شەوێ
ئەڵێن شەرابی مفت بە خومارە
نازانن خومار دەردی قومارە
شەیتان ئینسانی لە ڕێ بردووە
قوماری هێند لا شیرین کردووە
لەو شوێنەی دانیشت نایەوێ هەستێ
ڕێی ئیش و کاری تری ئەبەستێ
ڕاستیشت ئەوێ «پۆکەر» زۆر خۆشە
«بانقۆ و سیویەک و کۆنکەن»ی بۆشە
بەخۆت مەنازە بە هۆش و تەدبیر
پۆکەر نەزانی، نابی بە وەزیر