ئاو لە ئەزەلدا کە ڕوونە و پاکە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
869 مشاهده
ئاو لە ئەزەلدا کە ڕوونە و پاکە
لە کەڵکی ئەخا گا بە شیاکە
زۆر پیاوی پاکی تەمیز وەک گەوهەر
هاونشینی بەد لەکەی خستە سەر
خواستی خوا وایە، کە زۆر مەردی خوا
بە چاووڕاوی بەد تەفرە ئەخوا
پەڵە دەرناخا ئەوەی ڕەش کارە
قوماشی سپی لەکەی تیا دیارە
ئاخ ئەو کەسانەی کە چاک ئەگۆڕن
بۆ ژیان ناشێن شایستەی گۆڕن
نە کاری عەقڵە و نە دیرایەتە
«شَیَاطِینَ الْإِنسِ وَالْجِن» ئایەتە
خوا بتانگرێ پیاو خراپینە
لەگەڵ چاکاندا چییە ئەم قینە
شەیتان لە ڕاستی چوار چاکمان لادا
ئێمەش چوارچاکمان بکەین بەلادا
با بەس لە کەلی شەیتان سەرکەوین
تۆزێکیش لەناو خەڵکا سەرکەوین
عەشرەت بزانن جارێکە و ئەم جار
نەکەونە خۆتان، ئەکەونە ژێر بار
بەراتە و قاپی کراوەتەوە
بەراتی نەجات نووسراوەتەوە
هەر هێندەی ئەوێ بڵێی منیش هەم
هەموو کارێکت بۆ دێتە بەرهەم
ئەگینە بەرگەی گرانی ناگرین
جاویش گرانە، بێ کفن ئەمرین