بیانووی نەوسنیم دۆزیەوە بۆخۆم

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  814 مشاهده
بیانووی نەوسنیم دۆزیەوە بۆخۆم
ئەوی ئازایە بڵێت: من ناخۆم
برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە
وەک زستان تۆفە و بە کڕێوەیە
ئەو هەرا و جەنگە هەر بۆ خواردنە
نەخواردن دوایی گیان سپاردنە
ئەو دەخوا ئەمیان تەماشا دەکا
دیارە لە دۆستی ئەو حاشا دەکا
یەکێ زۆردارە و یەکێ بێ زۆرە
بۆیە لەناوا فیتنە و زۆر زۆرە
هەرچی بە بەشی خۆی ناڕازییە
ناسزا و سزای جەزای قازییە
کەس بە خۆی ناڵێ سبەینێ دەمرم
بۆچ باری گوناهـ لە ئەستۆ دەگرم
چەقەڵ کە فرسەت لە مریشک ئەبینێ
لە پێشدا بەڕیز ئەیانخنکێنێ
ئەڵێ کە خنکان فرێ ئەدرێن
بەناچار هەموو بە من ئەبڕێن
نازانێ سەگی چەقەڵکوژ هەیە
ئەوی بە «وەیە» گۆڕی ئەوەیە
گشت سەرنەویشتی ڕۆژی ئەزەلە
ئێمە دەخاتە سەر پەلەوزەلە
لەولایشەوە پێم ئەڵێ: موختاری
کردە، خوا کردە و تۆ گوناهکاری