هەر قینە دڵی دۆست ئەڕەنجێنێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
782 مشاهده
هەر قینە دڵی دۆست ئەڕەنجێنێ
«حیلم» ئاگری قین دادەمرکێنێ
«شەیتان» یەکێکی داناوە لێرە
کورتەباڵایە و چاوێکی کوێرە
شەیتان لاسایی ئەو ئەکاتەوە
بە بێ «شخارتە» ئاگر ئەکاتەوە
«دەهۆڵ» بەو دەنگە بەو شیڕەتییە
سەری بێ مەغزە و هەوای پەتییە
بەڵام سەد عاقڵ هەڵدەپەڕێنێ
هەزار کەس لە دوور بۆ شایی دێنێ
چاک ئەڵێ ماڵی بەدکار ئاوا بێ
تاریکی نەبێ، ڕۆژ قەدری نابێ
بە زستان ئینسان ئاگر یاد ئەکا
هاوین قیمەتی بەفراو زیاد ئەکا
دەوران دەورانە هاوین و زستان
لەسەر هیچ حاڵێ نامێنێ ئینسان
نەخۆشی قەدری ساغی ئەنوێنێ
برسێتی تامی نانت بۆ دێنێ
هەندێ کە لە پڕ دەوڵەمەند ئەبن
یا پیاو ئەکوژن، یا ئەیدەن بە ژن
تازە دەوڵەمەند خانوو ئەکڕن
یا ئۆتۆمبێلی تیا لێ ئەخوڕن
لەوە ناپرسن خەڵکی ژێر کەوێ
شاهی هەر خۆشە بۆ تەنها شەوێ