کە لە ڕووناکی کەوتیە تاریکی

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  755 مشاهده
کە لە ڕووناکی کەوتیە تاریکی
چاوت نابینێ پێوە خەریکی
ئەبێ ڕاوەستی تا چاوت ڕادێ
تا چاوت ڕادێ، کوێراییت دادێ
لە تاریکیشدا شەمشەمەکوێرە
کەوتە ڕووناکی، نابینێ کوێرە
ئەمانە دەردی کوتوپڕییە
قۆرتی نەگبەتی کاسە پڕییە
هەرچی لە پڕێ کە بوو بە کوڕێ
خۆی لێ ئەگۆڕێ، زۆر بەرز ئەفڕێ
دیارە ئەو کەسەی کە بەرز ئەفڕێ
ئەستۆ شکانی گەوجیی پێ ئەبڕێ
ئاخ ئادەمیزاد لە خۆی باییە!
بۆ دوو ڕۆژیش بێ شاهی شاییە
ئەم بەرزفڕینە و ئەم مل شکانە
لە ئادەمەوە ئیرسی باوکمانە
دنیا هەزاران «فیرعەون»ی دیوە
کەللەی «کەی» لە ژێر خاکا ڕزیوە
دوای ئەوەیش ئەوەی دوو ڕۆژی بەرکەوت
نەسرەوت تا هەوای سەر کەوت و سەرکەوت
دنیا شێواوە بە کەس چا نابێ
سا مەگەر دەوری «مەهدی» پەیا بێ