هەندێ ئیش هەیە ناکرێ سەربەخۆ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  845 مشاهده
هەندێ ئیش هەیە ناکرێ سەربەخۆ
لێکی بدەوە ئینجا تێهەڵچۆ
خۆت حەوا مەدە لەسەر هەیوانێ
شوێن پێ نەزانێ: کوێر، پێ دانانێ
کە زانی پیاو شانس یاریدەی ئەدا
وا چاکە فرسەت لە دەست بەرنەدا
بەڵام نەک هەروا بە هەڕۆمەڕۆ
بە تەفرەی خەڵکی زوو ببی خەڕۆ
هەرچی بۆ بەرزی وەتەن تێکۆشێ
لیباسی فەخری تەئریخ ئەپۆشێ
ماڵ و سەروەت و شاهی فانییە
هەر ناوی چاکە، جاویدانییە
هەنگ کە شیرینی پێ دروست ئەکرێ
هاتە پێوەدان ئەو بۆخۆی دەمرێ
بەوە مەنازە کەوتیە سەرەوە
وێرانەی وەتەن ئاوا کەرەوە
کە خەڵکی زانی بۆ ئەو هەوڵ ئەدەی
ئەڵێ سەروماڵ بۆتۆ، فەرموو، دەی
بەڵام کە زانی تۆ بۆخۆت دەوێ
ئەڵێ با بڕوا بەڵای لێ کەوێ
زۆر خۆشە کەسێک کە پێشەوا بێ
بۆ قەومەکەی خۆی وەک چاوگ وابێ