ئەگەر بەڕاستی دۆستی یەک نەبین

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  972 مشاهده
ئەگەر بەڕاستی دۆستی یەک نەبین
هەڵکردمان نابێ پێکەوە بژین
کە تۆ بە دۆستی خۆتم نەزانی
کاتێکت زانی کە تێم نەهانی
بیانووی تۆرانت وا لە دڵایە
ئەڵێی بانێکە و دوو هەوای تیایە
کە زانیم دەستت کرد بە جرت و فرت
پێم بڵێی سندان ئەڵێم قوزەلقورت
کە تۆ بە سایەی منەوە «بەگ» بیت
بۆچی وا دەکەی پێت بڵێم تۆ چیت
کە لە ئاوێنەی دێودا خۆتت دی
ڕۆستەم و دێوی سپی دێتە دی
خۆت دا لە قەڵبە بەرگت ئەدڕێ
توندی ڕاکێشی هەودا ئەپچڕێ
پیاو لەبەر چاوی ئەسپا وەک دێوە
بۆیە بەو بچووکیە لای ئەسپ خێوە
نە لە بەرێمە نە لە پشتێمە
بۆرە سوارم ڕۆ لە جێی گشتێمە
هەندێکمان بووینە پەپوولەی زێڕین
ئەسوڕێینەوە لە دەورەی پەرژین
ئەنیشینەوە و گورج هەڵدەفڕین
وەک جل بگۆڕین وا دۆست ئەگۆڕین
ئەم ساڵ ئەم شارە بوو بە گوڵستان
هاتوونە سەیران پۆلی چاومەستان
یاخوا لە فیتنەی چاوی بەد دوور بین
با ساڵێ لە ناو گەلدا ڕووسوور بین
خوا بیدا و قەدری یەکتر بزانین
دەستی یەک بگرین لە ئاسمانین