دزی ناو ماڵت چاری ناکرێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1112 مشاهده
دزی ناو ماڵت چاری ناکرێ
کلکی نەبڕی دەستت ئەبڕێ
ئەگەر پێت زانی وا دەڵێم ئەزم
ئەگەر نەتزانی و گوردم گرت دزم
ئەو دوژمنانەی لە ڕوودا دۆستن
بۆ هەل دەگەڕێن چاوەڕێی پۆستن
هەرچی بە مەردی بکرێ زۆر خۆشە
لەگەڵ دووڕوودا هەڵکردن بۆشە
کە تۆڵەی خەڵکت بەسەرەوە بێ
ئەبێ قەڵغانت بە بەرەوە بێ
جوو کە بازاڕی کەوتە کەساسی
سەگ دەخەسێنێ بە دوو عەباسی
کە دراوی خۆی کردە هەمانە
بە هەموو کەسێک ئەڵێ «هامانە»
هەرچی تیژ ڕۆیی، زۆر زوو ئەوەستێ
«کەڵەمە» دەمی گایێ ئەبەستێ
دنیا کە دەورەی تاتاری دیوە
تارومار نابێ زۆر هاری دیوە
ئەوی بە مەسنەد خۆی لێ نەگۆڕێ
دوژمنی هەوا ئەخاتە گۆڕێ
ئەوی بە حەقی خۆی دەبێ ڕازی
ناکەوێتە دەست حاکم و قازی
هەندێک وەک تەلی تەنبوورە وانە
کە دەستت پیانا بۆ تۆ زوبانە
گوێرەکە لەگەڵ لە هەوسار بەربوو
کاتێک زانی کەوتە ناو پەموو
کە گوێرەکەیەک زیانکاری کرد
ئابڕووی گاگەلی ئاواییەکەی برد