بایەقوش لە هەر شوێنێ بخوێنێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1119 مشاهده
بایەقوش لە هەر شوێنێ بخوێنێ
یا خێوی ئەمرێ، یا ئەیڕووخێنێ
ئەم شارە کە وەک بەهەشت ئەنوێنێ
کە ڕەشەبای بوو خۆشی نامێنێ
خوا پاراستووینی لە ئاگری «هیتلەر»
یاخوا بە بێ غەم تیا بەرینەسەر
کە لە شەڕ دوورین خودامان یارە
با هەر سەیران بێ لە «گردی یارە»
جوولەکە بە قین «هامان» ئەکوژن
ئێستا بۆ خوێنی «هیتلەر» نامژن؟
ئەسڵی دوژمنی ئەوان هیتلەرە
خوێنڕێژی هیتلەر لەحەد بەدەرە
بەڵام وا تیری خوای لێ کەوتە کار
هەر وا بزانن بۆی کەوتنە هاوار
چ خوابەردارە، ئەم ترس و لەرزە
ئەم خوێنە گەشە لە ڕووی ئەم ئەرزە؟
بە زگێ برسی و بە زگێ تێرین
لێمان ناگەڕێن کە خۆش ڕابوێرین
من هەرگیز بۆ خۆم ناپاڕێمەوە
وا من ڕۆییوم ناگەڕێمەوە
بەڵام بە هیوای خاکی کوردستان
وەک هەڵدەگرێ بێ بە گوڵستان
دەستەی لاوانی خوێندەوارەکان
ئەگەر تێکۆشن بە دڵ و بە گیان
نزیکە خاکمان ببێ بە ئیکسیر
هەموو یەک کەون بە ڕا و بە تەگبیر
کە دەست لە دەست بێ قووەت لە خوایە
هیچ شوبهەت نەبێ کە ئەمە وایە