ئەم خەڵکە بۆیە زستان دڵ نەرمە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
1159 مشاهده
ئەم خەڵکە بۆیە زستان دڵ نەرمە
بە زستان خاکی سرووشتمان گەرمە
خاک دایکە بۆیە بۆمان دڵسۆزە
ئاگر [یش] باوکە بۆیە بە سۆزە
چی بکەین! باوکمان جینسی خەشینە
دایک بە دەستیەوە داییم غەمگینە
مەڵێن کە ئادەم حەوا تەفرەی دا
خۆی وا نەبوایە چی دەکرد حەوا
ئەوی بە قسەی ژن تەفرە ئەخوا
ئەوە پێی دەڵێن: فەقیری خوا
هەرچی بە عەقڵی خەڵکی تر ئەکا
مەقەس بە زۆری پەنجە کار ئەکا
بەڵام شەیتانی ئینسان ئینسانە
با ئاغام پاشام تەفرە ئاسانە
خۆزگە ئەوانەی پیشەیان وایە
جارێکیش جاڕیان بۆ بدرایە
نوشست نایێنی لەگەڵ پیاو چاکا
کەچی ئەبینی کەس ڕووی تێ ناکا
لە لای هامڕازی قسە خۆشەکان
غەیبەت خۆشترە لە دەنگی قورئان
مانگی ڕەشەمێ شوکر بەسەرچوو
مڕمیاو مڕمیاوی داوودمان لاچوو
دەرخۆنەی سەری دیزە لاچووە
ئەڵێن: پشیلە سوور کەتنی کردووە
سەگ لە پشیلە بە وەفاترە
کەچی پشیلە قەدری زیاترە
چەن خۆشە لەگەڵ یاری باوەفا
ڕابوێری دائیم بە زەوق و سەفا
گەردی چڵوچۆت لە دڵ نەنیشێ
با دوژمن باری خەفەت بکێشێ
هەزار بانقەنۆت ئەوە نایێنێ
دۆستێ دڕکێکت لە پێ دەربێنێ