خوا کە شەو دێنێ ڕۆژ ئەباتەوە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1187 مشاهده
خوا کە شەو دێنێ ڕۆژ ئەباتەوە
پەردەی تاریکی دائەداتەوە
مەبەستی وایە کە بۆ بەیانی
ڕۆژت لێبووەوە قەدری بزانی
هەندێ بە تینێ یاخۆ بە قینێ
شەمشەمەکوێرەن چاویان نابینێ
هەندێ وەک چاوی نەشۆراو پیسن
خەرجی شیاکە و کوتانی لیسن
هەر قینت هەڵسێ و فنجان بشکێنی
بۆ پیاڵەیەکی چا دادەمێنی
خۆ دڵ شکاندن لەوە خراپتر
ڕۆژێ ئەتکوتن وەک جاوی گازر
خۆزگە پیاویش وەک شەراب بوایە
بە کۆنی نەشئەی زیاتر بدایە
کەچی من کۆن بووم بووم بە سەرەویر
پیم ئەڵێن: «اخرج یا زوج الکبیر»
ساڵە و ساڵ زەوی نوێ ئەبێتەوە
گژ و گیای لەگەڵ ئەبووژێتەوە
کە زستان ڕۆیی ئیتر نەورۆزە
بولبول لە عەشقی گوڵدا بە سۆزە
بەشی دوو ساڵمان لە نەورۆز دایە
یاڵڵا کوڕوکاڵ سا وەرنە کایە
موحەرڕەم شینە و سەفەر داوایە
هەر ڕەمەزانە جەژنی لە دوایە
خوا قەدری «قەدر»ی خستە ڕەمەزان
وەک کوردە نەیکەن بە خواستی ژنان
با مانگێ چاوی شەیتانمان کوێر بێ
لەناو خۆمان دا پیشەمان خێر بێ
ئەگینە تەوری «نادر ئاوێنە»
بۆ گۆشت بە «خەلە» حەقەوەسێنە