دنیا گشت ڕۆژێ بەرگێ ئەگۆڕێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  1072 مشاهده
دنیا گشت ڕۆژێ بەرگێ ئەگۆڕێ
کە شووی تازەی کرد کۆنە ئەتۆرێ
مێردە تازەکەی سەیری کۆن ئەکا
هیچ پەڕوای نییە ماچ و بۆن ئەکا
نازانێ کە بەم سات و سەودایە
یەکێکی تری لە کەمین دایە
لەم ئاڵ و گۆڕە و تەشقەڵە و گەڕە
هەرچی دەیبینی هەر نیوەزەڕە
بەم حاڵەیشەوە هێشتا بۆی شەیداین
بێ سود و نابود سەودایی سەوداین
بە دنیا ئەڵێن: چەند بێوەفایە
هەرچی کە دەستی بەیتێ دنیایە
ئەوی تەشیمان بۆ دەڕست دوێنێ
ئەمڕۆ ناپرسین کەوتە کام شوێنێ
ئەوی لە شوێنی ئەو دێ تێدەگا
ئیتر بایەخی چیمان پێ دەگا
ئێمە بە ئەخلاق لە پێشەوە بین
کە لە ناو خەڵکا بە حورمەت بژین
ئەگینە کە هات ماستاو بفرۆشین
کە مانگا نەما چیتر بدۆشین
ئەشێ وەک درەخت بە ڕەگ و بن بین
بە قووەت کوێری چاوی دوژمن بین
نەک وەک «کوڵەژەن» لە هەموو ماڵێ
دەرپێی ئابڕوومان لە پێ داماڵێ
خۆ دیوەخانی ئێستای ئەم شارە
یا غەیبەتی خەڵک یاخود قومارە
ئەگەر نەیەوێ ساحیب دیوەخان
نایەڵێ زەمی خەڵک بێتە مەیدان
خۆ هەر ئەو ساتەی کە غەیبەت کرا
بۆ خاوەند غەیبەت بە دیاری برا
ئەگەر ئەم حاڵە ئیتر بەس نەبێ
هیچ کەس بە هیوای دۆستی کەس نەبێ